لهگهڵ ئەمنستی ئەنتەرناسیۆنال لهسهر ناڕهزایهتیهکانی کوردستان دانیشتن کرا!
Friday, 16/12/2016, 23:10
یاداشتنامەی ناڕەزایەتیەکانی مامۆستیان وکارمەندان ومووچەخۆرانی کوردستان، دژ بەنەدانی مووچە و هێرشەکانی دەسەڵاتی کوردستان بۆ سەر ناڕەزایەتیەکان، گەیەندرایە ئەمنستی ئەنتەرناسیۆنال لە ئۆتاوا
ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی ١٢ی دیسەمبەری ٢٠١٦، نوێنهرانی پێگە (پشتگیری ئازادیخوازانی ئۆتاوا لەداخوازیەکانی جەماوەری ناڕازی کوردستان ) کە پێکهاتبوون له: ئاراس ڕەشید و ئاسۆی حەمەی کاتب، توانیان چاویان بکەوێت بە بەڕێز( ئالن ڕۆی) بەرپرسی کەمپەین و چالاکیەکان لە ئەمنستی ئەنتەرناسیۆنال لە ئۆتاوا، لهسهر خواست و داواکاریهکانی ناڕهزایهتیهکانی کوردستان .
پاش قسەوباسکردن وڕوونکردنەوە لەسەر هەلومەرجی هەرێمی کوردستانی عێراق و بەرزبوونەوەی ناڕەزایەتیەکانی مامۆستایان وفەرمانبەران و مووچەخۆران بەگشتی لەدژی نەدانی مووچە و پێشێلکردن وهێرشکردنە سەر خۆپیشاندانەکان، هەروەها گرتن و هەڕەشەکردن لە هەڵسوڕاوانی ناڕەزایەتیەکان، وە ئاماژەکردن بەڕەوشی ئازادی سیاسی و بیروڕا و ڕۆژنامەگەری وتیرۆرکردنی دەنگە ئازادەکان و تیرۆری سیاسی لەلایەن هەردوو حزبی دەسەڵاتداری پارتی ویەکێتی. هەروەها قۆرغکردنی دەسەڵات بۆماوەی ٢٥ ساڵ لەلایەن دوو حزبی بنەماڵەیی و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لە حکومەتی هەرێم، وبەهەدەربردنی سەروەت وسامانی گشتی لەپێناو بەرژەوەندیە حزبیەکانیان وبرسیکردن وسووکایەتیکردن بەخەڵکی کوردستان و فەراهەم نەکردنی پێداویستیە خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکانی خەڵک لەئاو و کارەبا. ناوەڕۆکی قسەکان جەختکردنەوە بوو لەسەر نالەباری ڕەوشی مافی مرۆڤ لە کوردستان بەگشتی.
ئالن ڕۆی پاشئەوەی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی لە وەرگرتنی ئەو زانیاریانە لەسەر هەرێمی کوردستان و ڕەوشی مافی مرۆڤ، وە ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ گەیاندنی ئەو یاداشتنامەیەی کەلەلایەن نوێنەرانی پێگە وە ئامادەکرابوو کهڕادەستیکرا. ئەوەشی ڕوونکردەوە کە نووسینگەی سەرەکی بۆکاروباری کوردستان لە لەندەنە، وە ئامادەیی نیشاندا کە بیگەیەنێتە دەستیان. هەروەها کاتێکی تری دیاریکرد بۆ دانیشتنێکی چڕوپڕتر و خستنە ڕووی بەڵگەکان.
جێی ئاماژەیە کە پێگە بەردەوام دەبێت لەهەوڵەکان بۆگەیاندنی ئەو یاداشتنامەیە بۆ ( پەرلەمانی کەنەدا، حزبەکانی ناو پەرلەمان، ڕێکخراو و سەندیکای کرێکاران و مامۆستایان وفەرمانبەران و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان) لە ڕۆژانی داهاتوو.
تێبینی: بانگەواز کرا بۆ گردبوونەوەیەک بۆ پشتیوانی لەناڕەزایەتیەکانی جەماوەری کوردستان لە ئۆتاوای پایتەختی کەنەدا، لەبەردەم نووسینگەی سەرەکی ڕێکخراوی ( ئەمنستی ئەنتەناسیۆنال و ناوەندی کەنەدی بۆ عەدالەتی نێودەوڵەتی CCIJ). بەڵام بههۆی خراپی کەش وهەوای ئۆتاوا، گردبوونەوەکە ئەنجام نەدرا. بەڵام نوێنەرانی پێگە توانیان چاویان بکەوێت بە بەرپرسی کەمپەین و چالاکیەکانی ئەمنستی ئەنتەرناسیۆنال لەئۆتاوا و دانیشتن بکهن.
١٢ی دیسەمەبەری ٢٠١٦
ئۆتاوا/ کەنەدا
پێگە : پشتگیری ئازادیخوازانی ئۆتاوا لەداخوازیەکانی جەماوەری ناڕازی کوردستان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست