کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مه‌مله‌که‌تی به‌رازه‌کان

Wednesday, 14/12/2016, 23:32


به‌رازه‌کانی نیشتمانی من وه‌ك به‌رازی هیچ کیشوه‌رێکی تری جیهان نین، ئه‌وان له‌ توخمێکی زۆر جیاوازن؛ ده‌گوترێت باپیره‌ گه‌وره‌یان یه‌که‌مجار له‌ ئه‌ژدیهاکانی زوحاکه‌وه‌ په‌ڕیوه‌، بۆیه‌ ئێستا هه‌ر په‌رۆشی خواردنی مۆخی مرۆڤه‌کانی کوردن، ئه‌و به‌رازانه‌ نه‌ك به‌س شۆق ده‌هاوێژن وشفره‌و قۆچیان هه‌یه‌ و له‌سه‌ر پێڵاوه‌وه‌ له‌بنی پێوه‌وه‌ مۆخی ئێسك هه‌ڵده‌لوشن، به‌ڵکو ده‌زانن چه‌کیش به‌کاربهێنن و ته‌قه‌ بکه‌ن، ئه‌مه‌ فیلمکارتۆن نییه‌ به‌ڵکو راستییه‌، وا مه‌زانن ئه‌مه‌ ته‌نها منداڵان ته‌ماشای ده‌که‌ن و بڕوای پێ ده‌که‌ن، به‌ڵکو ڕاگه‌یاندنکارانێکی زۆرو بۆری بێ شه‌خسییه‌ت له‌سه‌ر شاشه‌ی که‌ناڵه‌کان باسی ده‌که‌ن و ده‌یگێڕنه‌وه‌، شه‌رمیش له‌ خۆیان و پاشه‌ڕۆژیان ناکه‌ن گه‌ر سبه‌ینێ هه‌موو به‌رازه‌کان مردن چۆن له‌ ڕوویان دێت به‌ شێره‌کان بڵێن ئێمه‌ قه‌تڵوعامی به‌رازه‌کانمان په‌رده‌پۆش ده‌کرد! بڵێن ئێمه‌ چاو و گوێ و لوت و ده‌می په‌زه‌کانمان به‌ درۆو مرخه‌ مرخی به‌راز ده‌ئاخنی و ئه‌وه‌ش راست و چه‌پ له‌ هێڵی به‌رازه‌کان لای بدایه‌و پێچی بکردایه‌ته‌وه‌، مه‌له‌فه‌کانیانمان ده‌نارده‌ سه‌ره‌وه‌ بۆ یه‌کانه‌ ره‌زا قورسه‌کان و ئه‌وان هێڵی راست و چه‌پییان ده‌هێنا به‌ دکتۆراو پله‌ی (هوشیار)ییانداو ده‌رخواردی به‌چکه‌ به‌رازه‌کانیان ده‌دان، ڕێویه‌کانیش له‌ دووره‌وه‌ ته‌ماشایان ده‌کردن و واقه‌ واقیان پێده‌که‌وت له‌به‌ر خواردنی ترێی ره‌زه‌کانی باخه‌وانه‌ کوژراوه‌کان، ئه‌وه‌ چ زوڵمه‌تێك بوو ئه‌و جه‌نگه‌ڵه‌ ناله‌بارو ناوزڕاوه‌ی داگیر کردبوو؟ چه‌قه‌له‌کان لێگا لێگا داربه‌ڕووه‌کانیان ده‌بڕیه‌وه‌و ده‌یانگوت ئێمه‌ ژینگه‌پارێزین و لۆمه‌مان مه‌که‌ن ئه‌م کاره‌ ده‌که‌ین، له‌ بێ نه‌وتیدا ده‌یکه‌ین و دارو چیلکه‌کانیش ده‌به‌ین زۆپای دیوه‌خانی یه‌کانه‌کانی پێ گه‌رم ده‌که‌ین، که‌چی ده‌یانبرده‌وه‌ بۆ کوخه‌کانی خۆیان و چه‌وره‌و گزیره‌کانیان پێ گه‌رم ده‌کرده‌وه‌، له‌به‌ر زۆپای داردا شه‌وانه‌ کۆ ده‌بوونه‌وه‌و نه‌خشه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌کێشا چۆن خۆشه‌ویستی و (ویداد) و ته‌بایی له‌ناو جه‌ماوه‌ری جه‌نگه‌ڵه‌ نوته‌که بێ کاره‌با‌که‌دا له‌ ره‌گه‌وه‌ ده‌ربکێشن و سه‌ر سپیه‌کانیان بنێرن بۆ تیرۆر کردنیان ، پێش ئه‌وه‌ی لافاوی ناگه‌هان له‌ ڕیشه‌وه‌ هه‌ڵیان بکێشێت و به‌ڕیوبه‌رایه‌تی ئاویش ئاو ده‌یبات و چی ده‌ی ناتوانن ئاوی پاکی خواردنه‌وه‌ی ماڵان بۆ بزنه‌کان دابین بکه‌ن، سه‌یره‌ هاوڕێیان! له‌ وڵاتان خه‌ڵك وێنه‌ له‌گه‌ڵ ورچی قوتبیدا ده‌گرن و گه‌مه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن و ره‌گه‌زی (پاندا)ش له‌ بنه‌بڕ بوون ده‌پارێزن و شێرو فیل له‌ یاریه‌کانی سێرکدا به‌شدار پێ ده‌که‌ن و وا ڕایان ده‌هێنن، ته‌نانه‌ت بزه‌و پێکه‌نین بۆ جه‌ماوه‌ر بکه‌ن.. که‌چی لای ئێمه‌ توخمێکی تایبه‌ت له‌ به‌راز په‌یدا بووه‌ له‌ جیاتی ئاو رۆژانه‌ ملیۆنێک به‌رمیل نه‌وت ده‌خۆنه‌وه‌و دوایش قرقێنه‌یه‌ك ده‌ده‌نه‌وه‌و ده‌ڵێی هیچیان نه‌خواردووه‌، وا بزانم کار وا بڕوات دوا یه‌کی زینده‌وه‌ره‌کانی ئه‌م جه‌نگه‌ڵه‌ قڕ ده‌که‌ن و هه‌ر تێر ناخۆن، هه‌ر کونه‌په‌پوو باش ده‌کات، خۆی که‌ڕ کردووه‌و ده‌ڵێت من هیچ نابیستم، هه‌زار فاکتان به‌ فیکێکم، ته‌ماشای که‌ناڵی هه‌واڵه‌ ساخته‌کانیش ناکه‌م، گه‌ر زۆر دڵیشم به‌ قیڕه‌ قیڕو ژاوه‌ژاو و ناڵه‌وهاواری بێ تاوانه‌ مردووه‌کانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ توند بوو، ئه‌وا له‌ شه‌قه‌ی باڵ ده‌ده‌م و له‌گه‌ڵ قه‌له‌ ڕه‌شی هاوڕێمدا ده‌چین بۆ ئه‌سته‌نبوڵ، ئه‌و قه‌له‌ ڕه‌شه‌ی هاوڕێم هه‌موو به‌یانییه‌ك له‌سه‌ر کولانه‌ی یه‌کانه‌کان له‌ جیاتی که‌ڵه‌شێر ده‌یقیڕاندو به‌رازه‌کانی به‌خه‌به‌ر ده‌کرده‌وه‌، چونکه‌ که‌ڵه‌شێره‌کانی جه‌نگه‌ڵه‌که‌مان هه‌ر له‌ نه‌وه‌ده‌کانه‌وه‌ تیرۆر کران، یه‌کێکیان گوتبووی ئه‌م خۆخۆریه‌تان له‌سه‌ر داهاتی ئیبراهیم خه‌لیله‌و له‌سه‌ر ئه‌و وشه‌یه‌ کردیانه‌ خۆراکی چه‌قه‌ڵه‌ گه‌ڕه‌کان، تا هیچ نه‌بێت له‌و گه‌ڕییه‌ ڕزگاریان بێت، به‌ڵام شوکر بۆ خوا هه‌ر گه‌ڕتر ده‌بن.. خۆشیان به‌ خه‌باتکه‌ری ئاژه‌ڵه‌ لاوازه‌کانی دارستان داده‌نێن، هه‌ر وایه‌و هه‌ر واش ده‌بێت: ته‌یری گول عاشق به‌ داری ژه‌قنه‌بووته‌، ئه‌و یه‌کانه‌ش له‌ بری ڕاگیرکردنی بولبول و تاوس و شتی جوان و رازاوه، باڵنده‌ی موفه‌زه‌ڵ لایان قه‌له‌ ڕه‌شه‌.. ئاقڵمه‌نده‌کان شێت ده‌که‌ن و به‌چکه‌کانیان هان ده‌ده‌ن هێلکه‌و به‌ردیان تێ بگرن، موعه‌وه‌قه‌‌کانیش وا تێده‌گه‌ین که‌ ئه‌مان له‌ خه‌می ئه‌واندان به‌ڵام ده‌ستیان کورته‌ بۆیه‌ ناتوانن هیچیان بۆ بکه‌ن.
ئه‌و به‌رازانه‌ هێند نه‌گریسن له‌ فورسه‌تێك ده‌گه‌ڕێن هه‌تا گیانه‌وه‌رو زینده‌وه‌ره‌کان‌ بێ ئاگا بده‌ن به‌ عاردیدا،له‌ ده‌ڤه‌ره‌ دووره‌ ده‌سته‌کان یاخود به‌ شه‌و تۆڕی خۆیان داده‌نێن و ڕاو ده‌که‌ن، تا که‌س پێیان نه‌زانێت، جار جاریش خۆیان ده‌که‌نه‌ که‌ڕه‌ی شه‌ربه‌ت و وه‌ك نه بایان دیبێت نه‌ بۆران ده‌پرسن ئه‌وه‌ چی بووه‌؟ چی ڕووی داوه‌؟‌ گه‌ر که‌شفیش بوون پاره‌یان زۆر دزیوه‌ ده‌یکه‌نه‌ هۆو واسیته‌ی سوڵحی عه‌شایه‌ری، ڕۆنی مه‌خلوقاته‌که‌ ‌خۆیان ده‌ده‌ن له‌ سمبێڵی خۆیان، بڕواشیان به‌ سوڵحی عه‌شایه‌ری هه‌یه‌، له‌به‌‌ر ڕێزیان نییه‌ بۆ عه‌شایه‌رات، به‌ڵکو ترسیانه‌ له‌وه‌ی ئه‌و عه‌شایه‌رانه‌ گه‌له‌ کۆمه‌یان لێ بکه‌ن و له‌گه‌ڵ گیاندارانی تردا یه‌کبگرن و ببنه‌ خاوه‌نی یه‌ك بڕیارو و ته‌فرو تونایان بکه‌ن..
ئه‌مه‌ش دڵۆپێك له‌ ده‌ریایه‌کی به‌سه‌رهات و سه‌رگوزشته‌ی به‌رازه‌کانی وڵاته‌که‌م، سه‌یره‌! ئێوه‌ توخمی به‌رازی واتان له‌ هیچ کوچه‌یه‌کی ئه‌م گێتیه‌دا دیتووه‌؟!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە