کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دەست خۆش هەڤاڵ!

Thursday, 08/12/2016, 8:19


لە رۆژێكدا كە میللەتەكەمان نانی نیە بیخوات و دەرگای خوێندنگاكان بەڕووی خوێندكاراندا داخراون و هەرێمەكەمان بە دەست دەیان قەیرانیترەوە دەناڵێت و هەزارو یەك كێشە بەرۆكی یەكێتیەكەمانی گرتووەتەوە و پارتی بە ئاشكرا پرۆژەكەی یەكێتی سەبارەت بە دابینكردنی مووچە لە رێی پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠١٧ی عیراقەوە بە “تەڵەی ناحەزانی كوردستان ” ناو دەبات وهەڵوێستی یەكێتی لەو بارەیەوە بە “پیلانی رەشی دژ بە خەڵك و ماف و دەستكەوتەكانی و ئایندەی هەرێمی كوردستان” لەقەڵەم دەدات .. كاكی كارگێر كۆنفرانسی پارتە سۆشیالیستەكانی ئەوروپا و مونتەدای سوشیال دیموكراتەكانی جیهانی عەرەبیمان بۆ ساز دەكات! ئەمەش لەكاتێكدایە كە گەورە و بچوكی حزبەكەمان چاوەروانی بەستنی كۆنگرە و كۆنفرانسی یەكێتیە و زیاتر لە شەش هەفتەشە بەڵێنی بەستنی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیمان پێ دراوە ..
بەرێزان بە هەڵە لێم تێ مەگەن، من دژی بەستنی كۆنفرانس و كۆرو كۆبوونەوە و سمینارو فستیڤال و فۆرم و كەرنەڤاڵ نیم بەڵام هەموو ئەو چالاكیانە كات و ساتی خۆیانیان هەیە، پاشان كارو ئەركی سەرەكی دەستەی كارگێری سازدانی فستیڤاڵ و سمینار نیە ئەوەندەی كە ڕاپەڕاندنی كاری رۆژانەی خودی یەكێتیە. دەزانم كە رەنگە لە رابوردودا هەلی بەشداریكردن لەو جۆرە سمینارو كۆنفرانسانەدا بۆ هەندێك لە هەڤاڵانمان نەرەخسابێت و بە نیسبەت ئەوانەوە ئەوە پێخستنە ناو دونیایكی نوێ بێت بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە ڕەوای نابینم كە لە پێناو بەشداریكردن یان سازدانی ئەو كۆنفرانس و كەرنەڤاڵانەدا كارەكانی یەكێیتی پشتگوێ بخرێن و ئایندەی یەكێتی بدرێتە دەست قەدەر!
پێشم سەیرە لە كاتێكدا كە هەموو كەناڵە ئاسمانیەكانی یەكێتی لە بەر بێ پارەیی رادەگیرین!! جەنابی یەكێتی بتوانێت لە بنی هەتیتەشدا بێت پارە بۆ كۆنفرانس و میواندارێتی دەیان شاندی بیانی پەیدا بكات!
زۆر ئاساییە دەكرێ ئەوانەی كە زەوقیان بە كۆرو سمینار دێت هەموو كاتی خۆیان بۆ ئەوكارە تەرخان بكەن و لەسەر حیسابی خۆیان وكاتی خۆیان و بە ناوی خۆیانەوە بەو كارە هەڵسن، بەڵام ئاسایی نیە كە ناوی یەكێتی و پەیوەندییەكانی یەكێتی و كەناڵە دیپلۆماسیەكانی یەكێتی و مێژوی یەكێتی و پارەی یەكێتی بۆ كۆنفرانساتی شەخسی و خۆ دەرخستنی تاكەكان بەكار بێت… لە كۆتاییدا دەڵێم هەق وابوو مژدەی بەستنی كۆنگرە و یەكبوونەوە بدرایێتە كادرو ئەندامانی یەكێتی نەك هی بەستنی كۆنفرانسی پارتە سۆشیالیستەكانی ئەوروپا و سۆشیال دیموكراتەكانی جیهانی عەرەبی.
عەقیدی خانەنشین:
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە