دەسەڵات خۆی پێمان دەڵیت دژمان راپەرن.وەلى ئێمە بێ ورەین
Sunday, 04/12/2016, 9:53
بایکۆت دەکەیت تێهەڵدان دەخۆیت،خۆپیشاندان دەکەیت لەزیندانى ئاسایش توندت دەکەن، لەدژى دەسەڵات و حیزب لێدوان و نووسین بڵاو دەکەیتەوە تیرۆردەکرێیت. ئەگەر بتەوێت لەم وڵاتە ژیانێکى مەمرەو مەژى و شەرەفمەندانە و سەربەرزانە بژیت،ئەستەم و محاڵە،ئەبێت کەسێکى دۆڕاو ،تێکشکاو، بەزیو ،ترسنۆک بیت، ئەوجا جێگات دەبێتەوە. لێت دەگەڕێن. گەرنا پێچەوانەى ئەوان بجوڵیێتەوە، بئاخفیت،بنووسیت، زار هەڵ بێنیت، مان بگریت و داواى سادەترین مافى خۆت بکەیت،داواى ئاو و کارەبا و مووچەى دزراوت بکەیت، دژى نا عەدالەتى و ستەم بدوێت ، چارەنووست چەشنى دکتۆر هۆشیار و سەردەشت و سۆران و وەدات دەبێت.
ئەگەر قایلى بەژیان لەم هەرێمە ، ئەبێت کۆیلە ودار دەستى حزب بیت،ئەبێت هەموو دەم غولام و گوێرایەڵى مەڵبەند و لق بیت، پێویستە بەردەوام ستایشى نامەرد و ناکەس بەچەکان بکەیت،لەحزورى چەورە و کاسەلێسەکاندا وەک پەیکەر بیت.ئەبێت پیرۆزترین کەس لات مەسعودو جەلال و دۆڕاوە سیاسیەکان بێت.خۆ گەر کەسێکى بێ پشت و پەنابیت بخوازیت لەم وڵاتەدا بێ دەردى سەرى بگوزەرێیت خەون و خەیاڵە.
پۆلیس وئاسایش ژیانیان لەهەموو کەس خراپترە،بێناموسى و پیاوکوژى و خوێڕیتى دونیایان پێدەکەن، کەچى سەگ بەحاڵیان نەبێت،ماڵیان سارد وسڕەو، کیلۆیەک گۆشت لەماڵیان نى یە، لەتاو نەبوونى نەدارى ژنەکانیان ناچارن بۆ ژەمێک خۆراک، بۆ قوتویەک شیر لەشى خۆیان بفرۆشن. کەچى زۆر بێشەرمانە، زۆر نامەرد و ترسنۆکانە،لەسەر ئەوەى داواى مافى خۆمان دەکەین و،رازینین چیتر دزیمان لێبکرێت دێن بەگژماندا، لەئاسایش و ژوورەتاریکەکان مان دەخزێنن.داخى لینگى دڕاوى ژەنەکانیان،داخى سوکایەتى ئەفسەر و بەرپرسەکانیان،داخى گیرفان و سکى بەناڵیان بەئێمە دەڕێژن.
دراوسێکەم تەنها لەبەر ئەوەى لەچاوپێکەوتنى تەلەفزیۆندا قسە و رەخنەى لەقوباد و مودیرى ئاسایش گرتووە، لەترسى قین و غەزەب و زەبرى ئاسایش و دژە تیرۆر ، زارەترەک بووە لەحەوت کون خۆى شاردۆتەوە و، شارو و ڵاتى بەجێهێشتووە. مەلاى مزگەوتەکەمان پاش کوشتنى مەلا هوشیار، ئەویش وازى لەوتارى حەماسى و رەخنە و سەرزەنشتى حکومەت هێناوە، ئێستا باسى حەرامکردنى عەرەق، پاکو خاوێنى و ئادابى نانخواردنمان دەکات.
هەموو تۆقیوین،هەموو ورەمان بەرداوە،هەموو رۆحمان لە مشتمان دایە،گەر شەو درەنگ ئوتومبیلێک بەگەڕەکەکەماندا رەتبێت وادەزانین پیاوەکانى دەسەڵاتن و بۆ گرتنمان هاتوون..، هەموو ئەبڵەق و حەپەساوین ،بەشێنەیى سەرەمان گرتووە چاوەڕێین ئاخۆ ئەمڕۆ یان سبەى نۆرەى تیرۆرکردنمان دێت، هیچ دەربازبونێک لەم وڵاتەدا نى یە، تروسکایى و رۆشنایى و ئومێد و هیوا بەدیناکەیت.تادێت خراپ و خراپتر دەبێت و زیاتر بەقوڕ دەگیرێت،پیاوکوژەکان،دیکتاتۆرەکان، حزبە باڵا دەست و تاوانکارەکان، تادێت دڕندەتر و هارترو بێ عارتر دەبن، تادێت زوڵم وستەم و تەعەدا یان زیاد دەکات، تادێت بەرەو ملهوڕى و دەستدریٍژى و ناپیاوى هەنگاو دەنێن، هیچیان نەهێشتۆتەوە لەبەر دەماندا، جگە لەراپەڕین و راماڵین و تێکشکاندنى ئەو دەسەڵاتە زاڵمە، قسەى من نى یە بەڵکو رەفتار وکردەوەکانى خۆیان بەئاشکرا پێمان دەڵێت: تاکو کەللە سەرى پیاوکوژەکانى ئاسایش و دژە تیرۆر و پاراستن، چەشنى جەللاد و سیخوڕەکانى بەعس پان نەکرێتەوە، لەبەر دەرکى سەرا هەڵیان نەواسین،رەوش و بارى گوزەرانمان هەروا دەبێت و.زوڵم ستەمیش زیاتر هەڵدەکشێت، دوێنى مەلاهۆشیار و کارمەندەکەى کەى ئێن ئێن تیرۆکرا، سبەینێ بەبێ گومان و شک نۆرەى من یا تۆیە، ئیدى نازانم پێم سەیرە لەسەر چى راوەستاوین و چاوەڕێى چیدەکەین؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست