بە بەڵگەوە پاراستن دوو وشیاری وەکو یەک تیرۆر کردووە
Wednesday, 30/11/2016, 22:29
دیارە ئەو ڕاپۆرتەی کوردستانپۆست گەلێ بەتێری و تەسەلی کردەی تیرۆری کەسایەتی ئایینی شاری هەولێر دکتۆر ووشیاری شیکردبۆوە
(کلیک)،بەشێوەیەك ئەکرێ لە ئێستا و داهاتوودا پشتی پێببەسترێ و بکرێتە سەرچاوەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەکاتێکدا پارتی و پاراستن لە هەوڵی ئەوەدان ئەم کەیسە ئاڕاستەکانی بە خواستی خۆیان بگۆڕن و تا دواجار لەبیری خەڵکی کوردستانی بەرنەوە.
پێوست بوو خانەوادەی ئەم بەڕێزە پەنا نەبەنەوە بۆ مەسعود بارزانی و داوای ئەوەی لێبکەن کە هەوڵبدا تاوانبارانیان بۆ دەستگیر بکات، ئەویش لەبەرئەوەی مەسعود بارزانی خۆی بەشێوەیەکی سەرەکی لەپشت ئەم تیرۆرەیەوە و بەرپرسی یەکەمی ئەو کارە قێزەوەنەیە. ئێدی تێناگەین قوربانی خۆی پێش ئەوەی دڵی لەلێدان بکەوێ ئاماژە بۆ ڕۆڵی پارتی و پاراستن ئەکات و هەموانی لێ ئاگادار ئەکەتاوە، کەچی خاوەن قوربانی تەواو پێچەوانەکەی ئەکەن. هێوادارین هۆکاری ئەم بەلاڕێدا بردنە و بەهانا چونەی خانەوادەی قوربانیان بۆ لای مەسعود و لایەنی سەر بەپارتی، مەبەستی سوڵحی عەشایری و ترس نەبێ. دەنا بە چ پێوەرێك پارتی لە هەولێر ئەو هەموو تیرۆرەی بەئەنجام گەیاندوە و مێژوویەکی دوور و درێژی لەگەڵ تیرۆرکردنی زۆر لە کەسایەتی کوردا هەیە، ئەورۆ کەسانێک دێن و داوای هاوکاری لێ ئەکەن!
گەر بگەڕێیەنەوە بۆ چۆنێتی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس (سەردەشت عوسمان) کاتێک فیشەکێك بەناو دەمیەوە نرابوو، کە ئەمەش ئەو پەیامەی پارتی بوو دەرهەق بە وانەی قسە بەپارتی و بنەماڵەی بارزانی دەڵێن، ئەوا ئەو دوو فیشەکەی نرا بە لێو و سەری دکتۆر ووشیارەوە هەمان شێوازی تیرۆرکردنەکەی سەردەشتە و لەودا دووبارەیان کردەوە. هەر بۆیە ئەم شێوازی تیرۆرکردنە و شوێنی فیشەکەکان وەك بەڵگەیەکی زیندوو دەتوانرێ بەکاربهێنرێ دژ بە پاراستنەکەی مەسعود بارزانی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست