بەغدا نەچوە ژێر بار بۆیە موچەخۆرانى هەرێم ناچار کران.!
Sunday, 27/11/2016, 22:55
حکومەتى هەرێم و وەزارەتى سامانە سروشتیەکان بەدرێژایى مانەوەى (مالکى) لە دەسەڵاتدا و تا درێژ بونەوەشى بۆ سەردەمى (عەبادى) ی لە کێشمەکێشدابون بۆ پێدانى شایستە دارایەکانى کۆمپانیا بیانیەکانى نەوت لە هەرێمى کوردستان ، بەڵام بەغدا هەرگیز نەچووە ژێر سەپاندنى ئەو مەرجانەى حکومەتى هەرێم بۆ پێدانى ئەو بڕە زۆرەى شایستە دارایەکانیان کەلە ئەنجامى ئەو گرێبەستانەى کە وەزارەتى سامانە سروشتیەکانى هەرێمى کوردستان خۆى پابەندکردووە پێوەى.
هەر ئەوەش هۆکارى شاردنەوەى ئەوگرێبەستانەیە نەک لە ڕاى گشتى تەنانەت سەرۆک و ئەندامانى پەرلەمانى کوردستانیش نەیانتوانیوە دەستیان بگات بەو گرێبەستانە، ئیتر چۆن بەغدا دەچێتە ژێر ئەو بارە قورسەوە؟!
بۆیە حکومەتى هەرێم و وەزارەتى سامانە سروشتیەکان بۆ بژاردنەوەى ئەو شایستە داراییانە پەناى برد بۆ بڕینى قوتى موچەخۆرانى خۆى، لەگەڵ ئەوەشدا کە هەرێمى کوردستان بەردەوامە لە فرۆشتنى نەوت ، بەڵام هێشتا ناتوانێت چارەکە موچەى موچەخۆرانیش لەکاتى خۆیدا بدات!!! ئەگەر ئەم ماستە مویەکى تێدا نییە ئەى چییە؟؟؟ ئەمە لە کاتێدا جەنابى وەزیرى سامانە سروشتیەکان وتى ئەگەر بەرمیلى نەوت ببێت بە 100 دۆلار و بەر هەمى ڕۆژانەشمان بگاتە یەک ملێۆن بەرمیل هێشتا ناتوانیین موچە وەک خۆى لێبکەینەوە!
باشە دەبێت وەزارەتى سامانە سروشتیەکان چۆن چۆنى نەوتى ئەم هەرێمەیان فرۆشتبێت ؟ یان لە گرێبەستەکاندا لەسەر چى ڕێک کەوتبن ؟ یان بۆچى بەغدا نەچوە ژێر بارى بژاردنەوەى ئەو شایستە داراییانەى کۆمپانیا بیانیە نەوتیەکانى ؟ باشە ئەگەر بەغدا بیزانیایە کە چونە ژێر ئەو بارە قورسە لە بەرامبەر گەڕانەوەى خاوەنداریەتى نەوتى هەرێم لەگەڵ حکومەتى هەرێم لە بەرژەوەندیەتى ڕێک نەدەکەوت؟
باشە دەبێت موچەخۆرانى هەرێم تاکەى باجى ئەو گرێبەستانە بدات؟ کەى ڕەشى ئابورى هەرێم ئاسایى دەبێتەوە ؟ کەى ناوەڕۆکى ئەو گرێبەستانە ئاشکرا دەکرێت؟ کەى ئەو شایستە داراییانەى کۆمپانیا بیانیە نەوتیەکان لە هەرێم کۆتایى دێت؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست