دوای (100) رۆژ... زانیاری نوێ لەبارەی تیرۆركردنی وهداتەوە
Saturday, 26/11/2016, 19:37
4945 بینراوە
لیژنهی مافی مرۆڤی پهرلهمانی كوردستان رایدهگهیهنێت: بهپێی بهدواداچونهكانیان، رۆژنامهنوس وهدات حسێن، بهشێوهی تیرۆری رێكخراو، تیرۆر كراوه و كارهكهش وهك تیرۆری دهسهڵاتی ئهمنی لهو ناوچهیه دێته بهرچاو.
له كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانیدا له نوسینگهی سلێمانی پهرلهمانی كوردستان، لیژنهی مافی مرۆڤ، راپۆرتی بهدواداچون و رونكردنهوهی راستییهكانی دۆسیهی تیرۆركردنی رۆژنامهنوس وهدات حسێنی لهشاری دهۆك بڵاو كردهوه.
بهپێی راپۆرتهكه: جگه له خستنهڕوی شێواز و چۆنێتیی تیرۆركردنهكهی وهدات و خستنەڕوی چهندین بهڵگه لهوبارهیهوه، ئاشکراکراوە کە؛ وهدات پێش تیرۆركردنی، سێ جار لهلایهن ئاسایشی دهۆكهوه بانگهێشت كراوه و داوای لێكراوه بهنهێنیی كاریان لهگهڵدا بكات و دوای رهتكردنهوهی، ئاسایش پێیانڕاگهیاندوه كه دۆسیهكهی دادهخهن و ئاراستهی سهرهوهی دهكهن.
مونیرە عوسمان، ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە راپۆرتەکەیان رایگەیاند: وەک لیژنەی مافی مرۆڤ لە راپۆرتێکدا بە وردی بەدواداچونیان بۆ تیرۆری شەهیدی رۆژنامەنوس وەدات حسێن کردوە، کە لە (13)ی ئابی ئەمساڵ لە شاری دهۆک رفێندراوە و دواتر بەبرینداری دۆزرایەوە و پاشان لەبەر زۆری برینەکەی شەهید بو.
داواشیکرد؛ دوای راپۆرتی لیژنەکەیان بەدواداچونی جدی بۆ کەیسەکە بکرێت و بکەرانی تیرۆرەکە ئاشکرا بکرێن، وتیشی:" ئێمە پێمانوایە لە هەر وڵاتێکدا کەسێک تیرۆربکرێت، ئەگەر دەسەڵات یان هێزێکی گەورە لە پشتیەوە نەبێت ئەوە بەئاسانی بکەرانی دەدۆزرێنەوە، بەداخەوە ئێستا (100) رۆژ زیاتر تێپەڕدەبێت بەسەر شەهیدکردنی شەهیدێکی قەڵەمدا هیچ زانیارییەک بە بنەماڵە و رۆژنامەنوسان و رای گشتی نەدراوە".
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، سۆران عومەر سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: دوای پەکخستنی پەرلەمان بە ساڵێک، دو تیرۆر لە شاری دهۆک و هەولێر ئەنجام دراوە، دوای (103) رۆژ هیچ سەرەداوێک لە تیرۆری وەدات حسێنی رۆژنامەنوس نەدۆزراوەتەوە.
زانیاری زیاتری لەسەر راپۆرتەکەیان خستەڕو و رایگەیاند: بەپێی بەدواداچونەکان ئەو ئۆتۆمبێلانەی وەداتیان رفاندوە لە جۆرەکانی (کیا سیراتۆی رەش و ئۆپترای سپی بوە)، ئەوەشی دەمانچەی لەسەر سەری وەدات داناوە، پیاوێکی باڵا بەرزی سەر سپی بوە و هیچ دەمامکێکی نەبوە، کە خەڵکی پرسیویانە بۆکوێی دەبەن، وتویانە گوایە لە منداڵێکی داوە، لەوێشدا خەڵکێکی زۆر بە موبایل دیمەنی رفاندنەکەیان گرتوە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرەنجە، لەلایەن چەند ئاسایشێکی مەدەنیەوە هەمویان دەستگیرکراون و ڤیدیۆکانیان پێ سڕاوەتەوەو هەڕەشەیان لێکراوە کە هیچ شاهیدییەک لەسەر کەیسەکە نەدەن.
وتیشی:"وەدات لەو شوێنەی دەرچوە بەرەو ناو شاری دهۆک و تا شوێنی رفاندنەکەی، بە دوکان و شوێنە گشتیەکانەوە نزیکەی (200) کامێرای چاودێری هەبوە، بەڵام هێزێکی بەرەنگاربونەوەی تاوان دوای روداوەکە تەواوی ڤیدیۆی کامێراکانیان سڕیوەتەوە، دواتریش هەڕەشە لە تەواوی ئەو کەسانە کراوە کە هیچ قسەیەک لەسەر کەیسەکە نەکەن، هەربۆیە ئێستا ئەوان ناوێرن هیچ بڵێن.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە دوای ئەوەی وەدات بەو سەختیە بریندار کراوە، براوەتە بنکەیەکی بچوکی تەندروستی لە سێمێل، پاشان براوەتە نەخۆشخانەی دهۆک، وەک لێکۆڵینەوەشی تێداکراوە، نێوان نەخۆشخانەک بچوکەکە و نەخۆشخانەی گشتی دهۆک تەنها دە خولەکە، بەڵام گەیاندنی وەدات یەک کاتژمێری خایاندووە.
سەبارەت بە ئەشکەنجەدانی ئەو رۆژنامەنوسەش پێش تیرۆکردنی، سۆران عومەر ئەوەی خستەڕو کە؛ بە جەستەیەوە شوێنی ئەشکەنجە و کارەبا دیارە، پاشان شیشێک کراوە بە چاوی راستیدا و لە پشتەوە دەرچوە، پەنجەکانیشی هەموی شکاوە، قۆڵی راستیشی بە گیرەی ئاسنگەری (مەنگەنە) شکێندراوە و هەمو ئەو بەڵگانەمان لە بەردەستدایە".