لە سۆنگەی پەیامەکەی کاک مەسعوود بارزانییەوە
Monday, 21/11/2016, 0:34
ئایا ئیرهابی فیکریی باڵی بەسەر شاری سلێمانییدا کێشاوە ؟
لەدواین پەیامییداو لەدوایین بڕگەی پەیامەکەیدا ؛ کاک مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان وتی: (چاك دەزانم شاری سلێمانی لەژێر ئیرهابی فكری دایە و دەبێ ئەو ئیرهابە فكرییەی سەر شاری سلێمانی بشكێت)، بێ ئەوەی ئەو لایەنە دیاریی بکات، کە خۆی وتەنی ؛ ئەو ئیرهابە فیکرییەی بەسەر سلێمانییدا سەپاندووە. ئەم لێکدانەوەیە بۆ ڕەوشی شاری سلێمانیی؛ دەرهاویشتەی هەڵوێست و کاردانەوەی مییلیی و شەقامی شاری سلێمانییە، لەبەرامبەر سەرجەم قەیران و کێشەکان و شێوازی ناتەندروست و ناواقیعییانەی بەرێوەبردنی ناکۆکیی و ململانێ سەرەکییەکانی کوردستان و تەشەنەسەندنیان، کە تیایدا پارتەکەی کاک مەسعوود؛ ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە لەخووڵقاندنییداو بەهۆیەوە لەکەنارەکانی ئارامیی دوور کەوتووینەتەوەو کەوتووینەتە ناو توونێڵێکی تاریک کە ئەوسەری دیار نییە، بەجۆرێک خەریکە مێژوومان بەتراژیدییانە؛ جارێکی تر دووبارە ئەبێتەوە، ئەگەر ئەم ڕەوشە بەردەوام بێت و قەیرانەکان دوور لەبەرژەوەندیی تەسک و دەمارگیریی تایبەتییەوە؛ چارەسەر نەکرێن! .
سلێمانی هەتا توانیبێتیی؛ بەرەنگاری هەموو جۆرە داگیرکەرو هەموو جۆرە هێزێک بۆتەوە، کە ویستبێتی هەر جۆرێکی ئیرهاب، بەئیرهابی فکرییشەوە ؛ بەسەر سلێمانییدا بسەپێنێت،قووربانی زۆریشی لەو پێناوەدا بەخشیوە. .
سلێمانی شاری خۆشەکراو و زەمینە ئامادە نییە، بۆ پەسەندکردن و ملکەچبوون ؛ بۆ هەر دەسەڵات و هێزێکی پەیڕەو ئیرهاب، ئەوەی لەسلێمانی ئەگووزەرێت؛ گووزارشت لەزیندوویی و بەرزیی ئاستی هووشیاریی و خەمخۆریی و پەرۆشیی خەڵکی شار ئەکات ؛ لەپێناوی بەرژەوەندییە گشتییەکانی خەڵک ، بەبەرژەوەندییە سیاسییە نەتەوەییەکانیشەوە، سلێمانی زەمینەی دیموکراسیی و ئازادیی و فرەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیی بۆ هەمووان تیایە، کەلتووری سلێمانی ناکۆکە لەگەڵ تاکڕەویی و ئیرهاب و خۆسەپاندن، سلێمانی ئەیەوێت بەربەتەشەنەسەندنی قەیرانەکانی گەندەڵیی و تاکڕەویی و خۆسەپاندن و موغامەرە بەچارەنووسی گشتییەوە بگرێت؛ سلێمانی ئەیەوێت بەرهەمی خەباتی ڕۆڵەکانی خۆی وشەهیدەکانی شارەکەو هی سەرجەم شارو شارۆچکەکانی تری کوردستان بپارێزێت و گەشەی پێبدات، نەک قووربانییەکانی ببێتە قووربانی بەرژەوەندییە تایبەتییە نانەتەوەیی و نانیشتمانییەکان !
ئەوەی لەسلێمانی ئەگووزەرێت؛ خەباتێکی ئاشتیی و مەدەنیی و دیموکراسییەو لەژێر جڵەوی هیچ هێزێکی سیاسییدا نییە، بەبزووتنەوەی گۆڕانیشەوە،هەروەها لەپێناوی بەرژەوەندیی هیچ هێزێکی سیاسیی دیارییکراویشدا نییە، بەڵکو بۆ بەرژەوەندیی گشتیی خەڵکی کوردستانە، ئەمڕۆ سلێمانی لەبری ؛ هەموو شارو شارۆچکەکانی تری کوردستان ؛ دەنگی ناڕەزایی دەرئەبڕێت، من دڵنیام ئەگەر ئەو ڕەوشی ئازادیی و دیموکراسیی و فرەیی و کەلتوورە سیاسییەی کە لەسلێمانی هەیە ؛ لەشارو شارۆچکەکانی تری کوردستان هەبووایەو ڕێی پێ بدرایە؛ ئەوا ئەوانیش کەمتر لەشاری سلێمانی؛ نەئەهاتنە ناو گۆڕەپانی خۆنیشاندان و هەڵوێس وەرگرتنەوە؛ لەبەرامبەر تەشەنەسەندنی بێ وێنەی گەندەڵیی و ناڕوونی دۆسیەی نەوت، لەبەرامبەر تەشەنەسەندنی قەیرانی سەرۆکایەتیی ، لەبەرامبەر نادادپەروەرییە زەقەکان، لەبەرامبەر قەرزداریی حکومەتی هەرێم بەزیاتر لەبیست ملیار دۆلار؛ بەدانپیانانی وەزیری سامانە سروشتییەکان،لەبەرامبەر تەشەنەسەندنی تاکڕەویی و تەشەنەسەندنی تیرۆر لەناوچەکانی تری کوردستان ، لەبەرامبەر یارییکردن بەچارەنووسی ئەم ئەزموونەو داهاتوومان لەدوای پاکسازیی عێراق لەدەوڵەتی ئیسلامیی خەلافەتی داعش!
سلێمانی لەمێژووی خۆیەوە فێربووەو بۆی ماوەتەوە؛ کە هەرکاتێک پێویستیی کرد؛ دوور لەدەمارگیریی سیاسیی و دۆگمایی ئایدیۆلۆژیی، هەڵوێست لەبەرامبەر نادادپەروەریی و کێشەو قەیرانەکان وەربگرێت، ئینجا کێ فەرمانڕەواو جڵەودار بێت لەکوردستان ؛ ئەوە گرنگ نییە لای خەڵکی شار، سلێمانیش هەرگیز بەدەمارگیرانەو لەسەر بنەمای سۆز؛ ڕەفتاری سیاسیی نەنواندووە، ئەگەر وابووایە؛ ئەبوو ئەم شارە ئێستا؛لەسەر میتۆدی پەنجاکان و تاڕادەیەک سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردوو؛ قەڵای پارتی کۆمۆنیستی عێراق بووایە، یان لەسەر میتۆدی شەستەکان و تا هەرەسی ساڵی (١٩٧٥)؛ ئەبووایە شاری یەکلابووەوە بووایە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان!
------------------------------
سەرنجی کوردستانپۆست: نووسەری ئەم بابەتە داوای لێکردین ناونیشانی وتارەکەی دەستکاریی نەکەین، هەڵبەت مەبەستی لە لابردنی وشەی (کاکە)یە، کە دەیەوێت پێشگری ناوەکەی مەسعود بارزانی بێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست