کێشەکانمان لە گەڵ بەغداد لە سەر پرسى نەتەوەین یان پارە و پۆست
Sunday, 20/11/2016, 19:19
ئەم قەیرانەى کە ڕوو بەڕووى هەرێمى کوردستان کرایەوە زۆر شتى بۆ ڕونکردینەوە یەکێک لەو بابەتانە بریتى بوو لە کێشەى نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى عێراقى فیدراڵ.
سەرکردە سیاسیەکانمان ئێمەیان بەوە هەڵدەخەڵەتاند کە کێشەى کورد لە گەڵ بەغداد لە سەر پرسە نەتەوەییەکانە و ئەوان تا دوا هەناس دەجەنگن لە پێناو ناوچە جێناکۆکەکان و بە دیهێنانى مافە نەتەوەییەکانى کورد.
بە تێپەڕبوونى کات دەستى سەرکردەسیاسیەکانمان کەشف بوو کە ئەوان بۆ پارە و پۆست لەوێن مەبەستیانە کە پرسە نەتەوەییەکان تەنها وەک کاڵایەک و بیفرۆشنەوە بە خەڵکى هەرێمى کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکان.
بۆیە لە (2003 ) ەوە تەنانەت یەک ناوچەى جێناکۆکیش نەتوانراوە بگەڕێنرێتەوە سەر هەرێمى کوردستان و یەک پرسى نەتەوەیش نەتوانراوە بەرەو پێشەوە ببرێت.
سەرکردە سیاسیەکانمان لە بەغداد نمونەیەکى ناشیرینیان پێشکەش کرد چونکە ئەوان ئەوەندەى بۆ بەرژەوەندى تایبەتى خۆیان و بنەماڵەکەیان ،یان حیزبەکەیان لەوێ بوون نیو هیندە بۆ خەمى هاوڵاتیان نەچوبوونە بەغداد.
لەپاڵ ئەوەى دەسەڵاتدارى کورد لە بەغداد خەریکى پارە کۆکردنەوە و بەدەست هێنانى پۆست بوون لە ناو خۆشیاندا هەمیشە لە ململانێیە کى سەختدا بوون بۆ ئەوەى زۆر ترین پارە و پۆست بەدەست بیەنن بۆیە نەتوانرا ئامانجى نەتەوەى بەدەست بیەنرێت لە بەغداد.
ئە گەر سەرکردەکانى کورد بە عەقڵیەتێکى واقعى و دور لە خۆپەرستى خۆیان و حیزبەکانیان بچونایەتە بەغداد ئەوە بێگومان پێگەى هەرێمى کوردستانیانى بە هێز دەکرد و دەیان توانى سود لە وداهاتە زۆرەى عێراق وەربگرن بۆئەوەى کە ئابورییە کى بەهێز درست بکەن بۆ هەرێمى کوردستان.
بەڵام بەداخەوە سەرکردە سیاسیەکانى کورد لە سەرەتاى چونە بەغدادیانەوە لە پاڵ ئەوەى کە داهاتوو پۆستى گرنگیشیان بە دەست هێنا نەیاتوانى پرسى نەتەوەى کورد بەرەو پێشەوە بەرن لە بەر ئەوەى خەرقى گەندەڵیەکى گەورە بوو بوون.
کاتێک کە بوین بە بەشێک لە عێراقى فیدراڵ زۆر پۆستى گرنگ و پارەمان بە دەستهێنا بەڵام لە بەر ئەوەى نەمانتوانى بە شێوەیەکى عاقڵانە مامەڵە بکەین پێیانەوە ئەو پۆست وپارانە بونە مایەى ماڵوێرانى بۆ خەڵکى هەرێمى کوردستان.
سەرکردایەتى سیاسى کورد لەپاڵ ئەوەى بۆ پۆست و پارە چونە بەغداد خەڵکیان کردە قوربانى چونکە بە بەردەوامى کاریان لە سەر چەواشەکارى خەڵکى هەرێمى کوردستان کردووە کە ئەوان بۆ دەست کەوتى نەتەوەى چونەتە ئەوێ .
کاتێک عەرەبەکان بە سونەو شیعەوە تێگەشتن کە سەرکردایەتى سیاسى کورد سەرکدەیەکى خۆپەرستى گەندەڵن کەوتنە پەراوێز خستنى هەریمى کوردستان ، بەمەش پێگەمان لاواز بوو و ئەو سەنگ و قورسایەى کە هەمان بوو لەدەستماندا.
ئەوە پیاوە سیاسیەنەى کە لەدواى رووخانى حکومەتى بەعسى عێراقیەوە چونە بەغداد وەک نمایندەى کورد نەیان توانى سیاسەتێکى دروست بکەن بە ئاڕاستەى خزمەت کردنبێت بە پرسە نەتەوەییەکان بەتایبەتى لە بەدێهێنانى خەونى گەڕانەوەى ناوچە جێناکۆکەکان بۆ سەر هەرێمى کوردستان.
بۆیە خەڵکى هەرێمى کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکانیش کرانە قوریانى بەرژەوەندیەکانى گروپێکى بچوک لەسەرکردەى هەردوو حیزبى دەسەڵاتدار کە زۆر نەهامەتیان توشکردین.
لەکۆتایدا دەگەینە ئەوڕاستیەى کاتێک کێشەمان لە گەڵ بەغداد بووە ئەوە کێشەکانمان لە سەر پۆست و پارە بووە نەوەک لە سەر پرسى نەتەوەى ، هەمیشە پرسە نەتەوەییەکان بۆ بەرژەوەندى تایبەتى بەکار هێنراون لەلایەن سەرکردە سیاسیەکانمانەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست