هەڵپەڕین یا ڕاپەڕین؟
Sunday, 20/11/2016, 1:56
لەکاتێکدا، میللەت لەبرسا زەردهەڵگەڕاوە؛ نەک هەر مووچەی رەنجی رۆژانەی خۆی، بگرە نیوەمووچەکەشی پێنابڕێت. لەسەر خاکێکی پڕ لە نەوت، لەم وەرزی سەرمایەدا، بەبێ نەوت وبێ کارەبا هەڵئەرزێت. میللەتێک، رۆژانە شاهیدی مەرگی رۆڵەکانیەتی کە لە بەرەی شەڕێکی سەخت دژ بە دڕندەترین هێزی دونیا ئەجەنگن، بەبێئەوەی هیچ ئاسۆیەک بەدیبکات لە چارەنوسی ئەو خاکەی خوێن لەپێناویدا ئەڕێژێت. فەشەلی سیاسیەکانی ئەم هەرێمە وەک رۆژی روناک دیارە، بەجۆرێک جەستەی ئەم میللەتە شەکەتە بەرگەی برینی دیکە ناگرێت. کۆمەڵگە نوقمی گەندەڵی ئیداریی وبێسەروبەرەییە، جیاوازی چینایەتی ترسناکانە قووڵبۆتەوە، نادادیی لەوپەڕیدایە، خوشگوزەرانی کەمینەیەک لەسەر حسابی زۆرینە بۆتە واقیع؛ ژیان قورس وهاوڵاتی بێبایەخ. دەوامی زانکۆو خوێندنگەکان راگیراوو مامۆستا وفەرمانبەرانیش لەسەر شەقام.
لەم هەرێمەدا دەسەڵات نەک هەر ناتوانێت سادەترین مافی هاوڵاتیەکانی لە پێویستیە رۆژانەییەکان دابین بکات، بەڵکو بەرپرسیارێتی پێدانی مووچە وەک مافێکی رەوا هەڵناگرێت ودەستیشی لە بانگەشەی درۆینە بۆ سەربەخۆیی وبەدەوڵەتبوون نابێتەوە. لەکاتێکدا خۆشگوزەرانی لەم هەرێمەدا بۆ کەمینەیەک نەبێت فەراهەم نەکراوە؛ خزمەتگوزاری تەندروستی وپەروەردە لە لاوازترین باردایە، نەبوونی کارەبا وئاوو سوتەمەنی لە خەمە سەرەکییەکانە، بازاڕ لەلایەن بازرگانی سیاسییەوە قۆرخکراوە. ژینگە ناتەندروستە، خاوەنی هیچ بەرهەمێکی خۆماڵی نین، یاسا ودادی کۆمەڵایەتی لەهەرەبێنرخترینەکانن، پەرلەمان پەکخراوەو حکومەت ئیفلیجە، خەمی شەهیدبوونی رۆڵە خێرلەخۆنەدیوەکان ونائومێدبوون لەم دەسەڵاتە رۆژبەڕۆژ گەورەتر ئەبێت. لەم کاتەدا، مامۆستایان لەسنوری سلێمانی، داوای مووچەکانیان ئەکەن وەک سادەترین مافی خۆیان. وەڵامی بارزانی بۆیان: ''هەڵئەپەڕن، چی ئەکەن بکەن، ئێمە گوێی پێنادەین وهیچ حسابێکیشتان بۆ ناکرێت''!
ئەم شێوازی ئاخاوتنە بۆ وەڵامی مامۆستایانی ناڕازی، نابەرپرسیارانەیە. لەبری گاڵتەجاڕیی وبەکەمگرتنی خواست وداوای رەوای خەڵکێکی زوڵملێکراو، ئەبوایە بارزانی لانی کەمی بەرپرسیارێتی هەڵبگرتایەو دانی بە فەشەلی سیاسی وئیداری خۆی ودەسەڵاتەکەیدا بنایە. ئاخاوتنەکەی تەواو ناسیاسیە، ئاخر لەم کاتەدا کە هەرێم نوقمی قەیرانەو هیچ ئاسۆیەک بۆ گۆڕینی دۆخەکە بەئاڕاستەی باشتردا بەدیناکرێت، داواکاری خەڵک بەتەنها لە دابینکردنی مووچەکەیدا کورتبۆتەوە. قسەکانی سەرۆک هیچ ئەتەکێتکی سیاسی پێوە دیارنیەو لەبێمنەتی سەرۆک خێڵێک ئەچێت لە ئاست تاکە یاخییەکانی. وتەکانی ئاماژەن بۆ بێدەربەستی وخاڵین لە مۆڕاڵ؛ بارزانی لەدیدی خۆیەوە هێشتا سەرۆکە، بەڵام بەوجۆرە گاڵتەئامێزە بەرسڤی نمایشی هاوارو ئازاری مامۆستایان دەداتەوە بۆ شایستە داراییەکانیان. تەعبیرە لە بێباکیی لەبەرامبەر مەینەتییەکانی گەلەکەی، پێکەنینە بە فرمێسکەکان، گاڵتەکردنە بە ئازاری برسێتی، سوکایەتییە بە گوزەران وژیانی گەلێک کە لەسایەی فەشەلی بارزانی وپاشکۆکانی لەلێواری مەرگدایە، زوڵمە دەرهەق بە ماندوێتی گرنگترین توێژی میللەت کە پێگەیەنەری نەوەی دواڕۆژن، ئەو دواڕۆژەی کەس ناتوانێت لەسایەی سیاسەتە فاشیلەکانی "سەرۆک"ەوە پێشبینی ئومێدبەخشانەی بۆ بکات.
وەڵامی خەڵک بۆ ئەو ووتانە چی دەبێت، هەڵئەپەڕن یان ڕائەپەڕن؟!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست