کۆدی ئاسایش: ئیهانه‌کردن و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ
Thursday, 17/11/2016, 10:52
بۆ ئه‌وه‌ی بزانیت له کوردستان چی ده‌گوزه‌رێت؟ ڕێز‌و قه‌دری مرۆڤ تا چ راده‌یه‌ك بوونی هه‌یه؟ ئایا دادپه‌ره‌وریی بوونی هه‌یه یان سته‌م و جه‌وساندنه‌وه هه‌ر له ته‌شه‌نه کردندایه؟ ئه‌وا بچۆ فه‌رمانگه‌یه‌ك و هه‌وڵ بده کاروبارێکی ئاسانت جێبه‌جێ بکه‌یت.. بزانه چی ده‌بینیت؟!
---------------------------
من قسه‌م له‌سه‌ر ئه‌وه نییه فایل و شکلیات و ڕۆتین و ئه‌م ژوور‌و ئه‌و ژوور پێکردن و عه‌رزوحاڵ نووسین و جواب نه‌دانه‌وه‌و لێ تووڕه بوون و چه‌ندان دیارده‌ی تری نا شایسته ڕووبه‌ڕووت ده‌بنه‌وه‌و تف له بوونی خۆت ئه‌که‌یت وه‌ك هاوڵاتییه‌ك له‌و بسته زه‌ویه‌دا بژی که به‌هایه‌کی نییه مرۆڤ و سوکایه‌تی پێکردن تێیدا بووه‌ته سیسته‌م...
قسه‌م له‌سه‌ر ئه‌مانه نییه، ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه لێی بدوێم ئیهانه‌کردنێکی تره له جۆرێکی زۆر تایبه‌ت، ئیهانه‌یه‌ك که هه‌موو ناسنامه‌و هاوڵاتیی بوون و ڕێزت ده‌خاته لاوه‌و ته‌نیا خۆی ده‌مێنێته‌وه حسابی بۆ بکرێت، ره‌واج و شه‌رعیه‌ت ئه‌دات به ده‌زگا سه‌رکوتکه‌ره‌کان، ئه‌ویش زۆره‌ملیی ده‌رکردنی کارتی زانیارییه، واته دانی هه‌موو زانیاریه تاکه که‌سیه‌کانت و وێنه‌و تایبه‌تمه‌ندیه‌کانت به ده‌زگای ئاسایش؛ ده‌زگای سه‌رکوتکردنی ئازادی و کوشتنی رۆژنامه‌نووسان و خاوه‌نانی بیری ئازاد و ناره‌زایانی ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ، ئه‌و ده‌زگایه‌ی له لایه‌ن چه‌ند مافیا‌و پیاوکوژێکه‌وه به‌ڕێوه ده‌برێت له پێناو گیرفان و مانه‌وه‌ی ده‌سته‌و تاقمێکی دزو گه‌نده‌ڵ و مافیای چاوچنۆکی مرۆڤ کوژدا.
باشه ئه‌وه به‌س نییه که تۆ پشتاوپشتت له سه‌ر ئه‌و خاکه له دایک بوون و ناسنامه‌ی باری که‌سێتی و ره‌گه‌زنامه‌شت هه‌یه، که‌چی تورێکی قوڕاوی ناهێنێت گه‌ر بته‌وێت موعامه‌له‌یه‌کت به‌ڕێ بکه‌یت ئه‌گه‌ر کارتی زانیاریت نه‌بێت! ئه‌مه له هیچ گۆشه‌یه‌کی سه‌ر زه‌میندا ناگوزه‌رێت ته‌نیا له وڵاته پۆلیسی و تۆلیتاریه‌کاندا نه‌بێت. سه‌راوبه‌ری پێچه‌وانه‌ی مافه‌کانی مرۆڤه، با ته‌ماشای بڕگه‌کانی مافی مرۆڤ بکه‌ین و بزانین له‌مباره‌وه چی ده‌لێت:
بڕگه‌ی شه‌شی جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافی مرۆڤ ده‌ڵێت: هه‌موو که‌سێك له هه‌ر شوێنێك بێت مافی دانپیانانی قانونی هه‌یه.
بڕگه‌ی پانزه: هه‌موو که‌سێك مافی به هاوڵاتیی بوونی هه‌یه.
بڕگه‌ی بیست و یه‌ك: ب / هه‌موو که‌سێك مافی ده‌ستڕاگه‌شتنی یه‌کسانی به خزمه‌تگوزاریه گشتیه‌کانی وڵاته‌که‌ی هه‌یه.
له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا حیزبه موفیلسه کوردیه‌کانی باشوور بانگه‌شه‌ی پاراستنی مافه‌کانی مرۆڤ ده‌که‌ن و خۆیان به پێشکه‌وتووترین و دیموکراتیترین وڵاتی دنیاش ناگۆڕنه‌وه. ملیاره‌ها دیناری هاوڵاتیانی هه‌ژار ده‌دزن و سه‌رف ده‌که‌ن بۆ سه‌دان ده‌زگای راگه‌یاندن تا تاوانه‌کانیان بڕازێنێته‌وه و به خه‌باتگێڕو قاره‌مان پێمان بناسێنن.
من چه‌ند رۆژێك پێشتر چووم بۆ دوو فه‌رمانگه: یه‌که‌م جه‌وازات تا په‌ساپۆرت ده‌ربکه‌م و له‌و گه‌نده‌ڵستانه هه‌ڵبێم، ره‌گه‌زنامه و ناسنامه‌ی باری که‌سێتی و وێنه و هه‌موو ئه‌م شتانه‌م ئاماده بوون، که‌چی که چووم بۆ به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌که وتیان:
- بێ کارتی زانیاری په‌ساپۆرتت بۆ ده‌رناکه‌ین!
وتم:
- ئاخر من له به‌دبه‌ختیمدا له‌م وڵاته له‌دایک بووم و ئه‌وه ناسنامه‌کانمن، پشتاوپشتم له‌م شاره له دایك بوون مافی ئه‌وه‌م هه‌یه ده‌ستم به‌و خزمه‌تگوزاریه ڕابگات!
وتیان:
- چیدی ده‌م درێژی مه‌که ئه‌مه یاسایه!
تفێکم له ناسنامه‌که‌م کرد‌و چووم بۆ به‌ڕیوبه‌رایه‌تی هاتوچۆ تا ساڵانەی ماشین تازه بکه‌مه‌وه، هه‌موو پشکنین و ناسنامه و ساڵنامەی کۆنم بۆ ئه‌و به‌ڕیوبه‌رایه‌تییه برد، دووباره هه‌مان وه‌ڵامیان دامه‌وه وتیان:
- به بێ کارتی زانیاری به ته‌مای سه‌نه‌وی نوێ مه‌به!
ئه‌وان له زمانی من تێنه‌ده‌گه‌یشتن، که تا چه‌ند ئه‌مه ئیهانه‌یه به بوونی مرۆڤ، که زانیاری تاکه‌که‌سی و بیروڕات و وێنه‌ت بده‌یت به ده‌زگایه‌کی سه‌رکوتکه‌ر که چه‌ند مافیایه‌ك به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن و له وه‌ختێکیشدا هه‌موو زانیاریه‌کی پێویست له‌سه‌ر ناسنامه هه‌یه، له چ یاسایه‌کی دنیادا هاتووه کۆد بدرێت به مرۆڤه‌کان، واته حسابی قاوغه شقارته بۆ هاوڵاتی ده‌که‌ن.
لێرەدا ڕووی ده‌مم ده‌که‌مه که‌سانی هوشیارو ئازاد تا هه‌وڵ بده‌ن مرۆڤی کورد له‌م کۆت و کۆدانه ڕزگار بکه‌ن، مرۆڤی کورد زۆر نه‌هامه‌تی بینیوه به‌سه چیدی تێکی مه‌شکێنن، نابێت شه‌رعیه‌ت بدرێت به‌و پێشێلکردنه‌ی مافی مرۆڤ به ده‌رکردنی کۆدی ئاسایش، ئه‌مه هیچ به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتی و نیشتمانی تیدا نییه، جگه له چوونه ناو نهێنی و ژیانی تایبه‌تی تاکه‌کان و ده‌ستنیشانکردنی نه‌یارانی ده‌سه‌ڵات، ئه‌وه‌ش هێمنی و ئاسایشی کوردستانی پاراستووه تا ئێستا چاوکراوه‌یی و دڵسۆزی خه‌ڵکه‌که‌یه‌تی، ئه‌وان هه‌ر خه‌ریکی بازرگانی و گه‌نده‌ڵی و ململانێی سیاسی و حیزبین، ئه‌وان به درێژایی 25 ساڵ بێهیواییان به تاکی کورد به‌خشی، به درۆ و دروشمی زل و قه‌به گوییان ئاخنین و حاشا له سه‌دان و هه‌زاران تاوانه‌کانی خۆیان ده‌که‌ن، حاشا له‌و هه‌موو به‌دبه‌ختییه ده‌که‌ن که به‌سه‌ر نه‌ته‌وه و میلله‌ت و هاوڵاتیانیاندا هێناوه!
کێ گوێ له‌م قسانه ده‌گرێت، میلله‌تیان کردووه به ره‌وه مه‌ڕێك و گورگیان کردووه به شوانیان.
میلله‌ت خوازیارە چیدی ئه‌و مه‌سئولانه نه‌بینێت، ته‌نانه‌ت که له‌سه‌ر که‌ناڵه‌کانی ته‌له‌فزیۆنیشدا ده‌رده‌که‌ون، یەکسەر که‌ناڵه‌که ده‌گۆڕن تا به بینینیان سه‌رو دڵیان نه‌گیرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست