مووچەخۆران لەبەردەم ئەزموونێکی قورسدان
Monday, 14/11/2016, 23:32
ژینی کورت و بەهەڵۆیی مردن
نەك پەنا بۆ قەلی ڕوو ڕەش بردن
لای هەڵۆی بەرزە فڕی بەرزە
مژی چۆن بژی شەرتە نەوەك چەند بژی
(سوارەی ئیلخاشزادە)
-------------------------------------
ئەو میللەتانەی خەبات بۆ ئاییندە ئەکەن،مسۆگەر سەرکەوتن وەدەست دێنن. پێوستە خەبات و گۆڕانکاری خەمی هەموان بێت و گشت جوگرافیاکان داپۆشێ. داکۆکی کردن ئەوڕۆ لەخەباتی مووچەخۆرانی کوردستان،ئەرکێکی هەنووکەیی و نەتەوەییەو پێوستی بەبەشداری گشت چین و توێژیك هەیە. ئەو داوایانەی ئەمان گەرەکیانە و دەسەڵاتی خۆماڵی گوێ لەمست ئامادە نیە خۆی بۆ شۆڕبکاتەوە و بکەوێتە سەر ئەژنۆ بۆی،دواتر بەبەردەوامی و گوێنەدان بەهیچ ترس و بەڵێنی درۆ،ئەمان گەیەنێتە کەناری سەرکەوتن و شادمانی. ناکرێ بەپاساوی ئەوەی خۆپیشاندەران تەنها لەناوچەیەکن و چەند دەڤەرێکی تر نەهاتونەتە پاڵیان،سارد بکرێنەوەو پشتیان بەربدرێن. هەموو ناڕەزایەتیەکان لەخاڵکێدا و لەشوێنکدا دەست پێ ئەکا و دواتر تەشەنە ئەسەنێ بۆ گشت لایەك. ئەرکی شوێن و خەڵکانی تریشە بەهەموو شێوەیەك داکۆکی لەخوشك و برایانیان بکەن و کەی هەلیان بۆ ڕەخسا دوو دڵ نەبن لەبەشداری کردن تیایدا.
خۆشبەختانە بەشێکی زۆر لەتوێژی مووچەخۆران هەلی بێ مووچەییان قۆستۆتەوەو داوای مافی ڕەوای خۆیان ئەکەن. ئەمەش دەستپێکێکی گرنگە بۆ ئەوەی لەڕۆژانی دادێ بەگڕو تینێکی گەورەترەوە بێنەوە گۆڕەپان و سووربوونی خۆیان نیشان بدەن لەبۆ جێبەجێکردنی گشت دواکانیان. ئەوەی جیگەی دڵخۆشیە ئەم جارە هیچ کام لەپارتە بەناو ئیسلامی و گۆڕانخواز و یەکیتی و پارتی بەشدار نین و جەماوەر بەتەواوی لێیان تێگەیشتوون و نایەڵن جڵەو بکەوێتە دەستیان. پێوستە ئەوە لەیاد نەکەن سەرکەوتنیان بەستراوەتەوە بەم چەند خاڵەی خوارەوە:
یەکەم: بەردەوامی؛ چەندە بەگەرم و گوڕی خۆپیشاندانەکان بەردەوام بن ،ئەوەندە هەلی سەرکەوتن گەورەترە.
دووەم؛مکووڕ بوون؛ سوور بوون لەسەر داوا ڕەواکانیان مەرجێکی تری سەرکەوتنیانە.
سێیەم؛قەتیس نەبوون؛ پێوستە لەشوێنێك قەتیس نەکرێن و لەوێندەرێ هەریەکەو مایکێ بەدەستیەوە بگرێ و خەریکی ووتنەوەی دروشمی قەبە و زڵ بێ.
چوارەم؛هەماهەنگی؛ باشترە هەماهەنگی لەنیوان هێزە خۆپیشاندەرەکان و ڕۆژانی چالاکیان بکرێ و ئەژنداکانیان لێك چووبن.
پێنچەم؛سەرکردایەتی؛پێوستە لەهەر گۆڕەپانێك سەرکردایەتیەکی هاوبەش هەبێ بۆ ئەوەی جۆرێک لە دسپلین هەبن و بزانن چیان ئەوێت و داوای چی ئەکەن.
مووچەخۆران هیچ کات وەك ئێستا نەکەوتونەتە بەردەم ئەزموونێکی وا گران و قورس کە پێوستە نوزە درێژ و بەحەوسەڵە بن. نابێ بەگرتن و تیرۆرکردنی چەند کەسێکیان سارد ببنەوە. بەڵکە،گەر کار گەیشتە ئەو ئاستە نەخوازراوە،ئەوا پێوستە بەمیکانیزمی نوێوە بێنەوە مەیدانی خەبات و لەجاران زیاتر سووربوونی خۆیان بۆ داواکانیان نیشان بدەن. ئێدی ئەمە شەڕێکەوە یەخەیانی گرتوە،کورد وەتەنی(یا گاڵی ئەبێ وەیان پەموو). ناکرێ ئەم جارەش ئەزموونی ١٧ شوباتی ٢٠١١ دووبارە بکرێتەوەو وەك دوای ٣ مانگ ئاشبەتاڵیان پێکرا.
چۆن نەفرەت کاراوەکان لەپیرۆز کراوەکان بەچێژترن
چۆن مەرگ شادی هێنەرترە لەژیان
چۆن برسیەتی گەرمتر لەنانی ئێوە،
ئەبێت قبوڵ بکرێت
نەفرەت لەئێوە،کەجگە لەعەشقێکی شێتانە
هەموو شتێکی ئەم دونیایەی ئێوە شێتانەیە
ئەحمەد شاملۆ
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست