گۆڕان بەرەو بەغداد
Monday, 14/11/2016, 23:22
بۆچی گۆڕان دەیەوێ خۆپیشاندانەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی سلێمانی بەرەو بەغدا ڕوی وەرگێڕێ، لەکاتێکدا حکومەتی سلێمانی بەدەست خۆیانەوە و داهاتەکەی بەدەست یەکێتی شەریکە ستراتیژیەکەیانە؟
----------------------------------
ئەم بزوتنەوەیە دوای ئەوەی لە ڕێگەی بەڕیوەبەری پەروەردەکەیەوە خۆپیشاندانەکانی بە فەوزای چەند حزبێک ناوبرد و ڕۆژی دوایی دەنگی هەزاران خۆپیشاندەر وەڵامی دان شکێنی بەم هەڕەشانەی کاربەدەستەکەی گۆڕان دایەوە، ئەمجارە جێگری سەرۆکی پەرلەمانەکەی عێراقی دەیەوێ بەڵای خۆپیشاندان لە کۆڵ خۆیان بکەنەوە بەوەی بەرەو بەغدا ڕوی وەرگێڕن.
خەڵکی خۆپیشاندەر ئەگەر دوای گۆڕان بکەون بۆ بەغدا چیان دەست دەکەوێ؟
دەڵێن یاسایەکی دادپەروەرانە هەیە لە عێراق موچە لە بەرامبەر تەسلیمی داهاتدا دەدات .ئایا کێشەی ئێستا ئەوەیە کە داهاتی سلێمانی هەمووی تەسلیمی پارتی دەکەن بۆیە موچە نادرێ؟ ئەی یەکێتی لەو حکومەتە هاوبەشەدا داهاتی ئەمبەری دێگەڵەی بەدەستەوە نیە؟ ئەگەر داهاتی سلێمانی لەژێر دەستی یەکێتیدایە چۆن عەبادی موچە بە پارێزگای سلێمانی دەدا تا داهاتی سلێمانی تەسلیم نەکەن؟
ئایا گۆڕان دەتوانێ داهاتی سلێمانی لە یەکێتی بسەنێ و تەسلیمی عەبادی بکا؟
نەبونی موچە شکستی حکومەتە هاوبەشەکەی یەکێتی و پارتی و گۆڕان و ئیسلامیەکانە، نەک حکومەتی عێراق. حکومەتی عێراق ئەگەر لەگەڵ پارێزگاکانیشدا بەجیا مامەڵە بکات ،پارێزگای سلێمانی داهاتەکەی هەر لەژێردەستی یەکێتیدا دەمێنێتەوە و گۆڕان بەڕێوەبەری دەبێ. ئەوکات حکومەتی بەغدا لەگەڵ یەکێتی مامەڵە دەکا و یاسای "داهات بەرامبەر بەموچە" جێبەجێ دەکا.
+ ئایا یەکێتی خۆی ناتوانێ لە داهات موچە بدات وا داوا لە بەغدا دەکا داهاتی بۆ بگۆڕێ بە موچە؟
+ ئەگەر لەجیاتی پارتی بەغدا سەرپەرشتی سلێمانی بێت دزی یەکێتی کەم دەبێتەوە؟ ئایا یەکێتی دەستبەرداری حکومەتە هاوبەشەکەی دەبێ لەگەڵ پارتی بۆ ئەوەی لەگەڵ گۆڕان هەرێمی سلێمانی سەر بە عێراق دروست بکا؟
ئەگەر گۆڕان کێشەی موچەی خەڵکی سلێمانی هەیە، بۆچی لە حکومەتە خۆجێیەکەی سلێمانی لە داهاتی سلێمانی موچە دابین ناکا؟ بۆچی بڕیاری پاشەکەوتی موچە هەڵناوەشێنێتەوە لەم پارێزگایەدا؟ ئەنجامی ڕێکەوتنی لەگەڵ یەکێتی بۆ گۆڕینی سیستەم ئەوەیە کە لەژێر گوشاری وەزیری پەرەوەردەی پارتیدا ناڕەزایەتی مامۆستایان بە فەوزا ناودەبا و نوێنەرانی مانگرتوان لە باجەکانی سلێمانی دەگوێزیتەوە و لە سەر دزیەکانی یەکێتی لە سلێمانیدا فزە ناکا.
ئاشکرایە گۆڕان دەیەوێ وەزیفەی بەڕیوەبەری ئەم حکومەتە خۆجێیەی سلێمانی بەم چون بەرەو بەغدایە بپارێزێ ، ئەمجارەیان بەناوی دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانەوە لەبەغدا.
گۆڕان دوای شکستی هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتیدا و مردارەوەبونی هاوپەیمانێتی لەگەڵ باڵێکی یەکێتیدا ئێستا دەیەوێ لەگەڵ شەیتاییش ڕێک بکەوێ تا چیتر سەرەولێژنەبێتەوە.
خەڵکی ناڕازی و خۆپیشاندانەکانیان شکست دەهێنن ئەگەر دوای ئەم عێراقچێتیە دیماگۆگیەی گۆڕان بکەون و سەرکەوتن تەنیا لە فشارهێنان بۆ دەسەڵاتدارانی پارێزگای سلیمانی و حکومەتی هەرێمەکەی پارتی و یەکێتی کە لەداهاتی کوردستان موچە دابین بکا و چیتر تاڵانی و دزی لەم مافەی خەڵک نەکرێ بەناوی پاشەکەوتی موچەوە. ئەم کارە خەڵک لەڕیگای دروستکردنی ڕیکخراوی جەماوەری و دەستبردن بۆ کۆنترۆڵی سەرچاوەکانی داهاتی کوردستان دەبێ لەلایەن ئەم خەڵکە ڕیکخراوەوە نەک بە ڕووەرگێڕانی ناڕەزایەتیەکان بەرەو تەسلیم بوون بە بەغدا.
ئەم پیلان و هەنگاوەی گۆڕان بۆ گۆڕینی قاڵبی ناڕەزایەتیەکانە لەوەی چیتر داوا لە دەسەلاتدارانی یەکێتی و گۆڕان نەکەن کە موچە بدەن و بڕیاری پاشەکەوتی موچە لە سلێمانی هەڵوەشێننەوە.داوا لە خەڵک بکەن بە داوای گەڕانەوە بۆ بەغدا و ئاراستەکردنی ناڕەزایەتیەکان لە موچەوە بۆ پشتیوانی گۆڕان بەرامبەر بەپارتی تا وەک ١٧ شوبات خەڵک خوێن بدات و ئەوانیش بچنەوە دەسەڵات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست