کاتی ئەوە هاتووە پێشمەرگە هەڵوێست بنوێنێ
Sunday, 13/11/2016, 22:18
دەسەڵات لە باشووری کوردستان وەک بەچکە دەڵەکی لێهاتیوە کە لە زلکاوی دزو فزی ونیشتمانفرۆشیداگیری کردوە . هیچ کەس بیری لەوە نەدەکردەوە کە دوای دەسەڵاتی سەددام وحیزبی بەعس خەڵکی خاوەن شەهید وئەنفال تووشی رۆژگارێک بێ کە بۆ بژیوی رۆژانەی خۆی هاواربکا وبێتە سەرشەقام بۆ نانی رۆژانەی . لە هەرکەس دەپرسی متمانەی بە سیستمی سیاسی وئابووری ودوارۆژی ئەو دەسەڵاتە نییە کە رووی دەسەڵاتی داگیرکاری سپی کردوە ! پاشێ ساڵەها نەهامەتی ودەربەدەری ئەوەش ژیانی هەژاران هاونیشتمانی لە باشووری کوردستان. من پێموایە ئیدی چیدی نابێ گازەندە لە دوژمن وکورد کوژان بکەین. ئەوەی خۆماڵی دەیکەن کوا نەیار لە دەستی هاتووە ؟
مرۆڤی کورد ئەگەر بە چاوی رەخنەگەرانە بنەڕێتە مێژووی حەفتا ساڵی رابوردووی کورد لە باشووری کوردستان باش بۆی دەردەکەوێ کە هەرحیزبێک کە دژی دەسەڵاتی ناوەندی شەڕی کردبێ هێزی چەکداری تایبەت بە خۆی هەبووە. ئەو هێزەش لە سەر ناوی دەستەواژەی / پێشمەرگە / تەنیا بۆ بەهێزبونی ئەو حیزبە بووە کە تێدا چەکی هەڵگرتووە. سەردەمی مالا مستەفاو کوڕو کوڕەزاکانی، سەردەمی جەلال تاڵەبانی وبنەماڵەکەی وهەروەها حیزبە بچووکەکانی دیکەش هەرئاوابووە. لە راستیدا شەڕ ، شەڕی نیشتمانی وشەڕی رزگاری نەتەوەیی نەبووە.لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش تەنانەت سەردەمی پێش هەرەسهێنانی کۆماری کوردستان لە مهاباد هەمان رێکار بەڕێوە چووە.
هیچکەس چاوەڕوانی ئەوە نییە کە تا ٢٤ کاتژمێری دیکەدا پیشمەرگە بە خرووپتوونی بەرەکانی شەڕی داعش جێهێڵێ وچەک دابنێ. بەڵام ئایا پێشمەرگە قەت لە خۆی پرسیوە بۆدەسەڵات ودامودەزگای سەر بە دەسەڵات رۆژ بە رۆژ دەوڵەمەندتر دەبن ؟ وخەڵکی خاوەن شەهیدو ئەنفالیش رۆژ دەگەڵ رۆژ هەژارتر دەبن ! پرسی سەرەکی ئەوەیە کە پێشمەرگە دەبێ لە خۆی بپرسێ؟ لە کوێی دونیادا هەیە کە چەکدار وپێشمەرگە سەر بە لیوای تایبەتی کەسانی دزو گەندەڵ بن ! ؟ بۆ کوڕە هەژار بە کرێگیراوی دەسەڵاتە یانژی فیدایی نیشتمان ونەتەوەکەی خۆی ؟ بۆ بنە ماڵەی ئەو دەسەڵاتە دەجەنگێ یان بۆرزگاری خاکی کوردستان ؟
" دۆڵاند تڕامپیش بۆ کورد هیچی پێ نییە "
جەلای ئاوێنەی مێژووی کورد ئەوەمان پێدەلێ : هەر نەتەوەیەک بە تەمای بیانی بێ کە خاک وگەلی بۆ رزگار بکا وەک ئەو جووتە سەرشۆڕەی لێدێ کە ٢٥ساڵە خەڵک شکەنجە دەکەن. چەندە جوانیان گووتوە باپیرانی ئێمە کە : توێکشین بە تەمای جیرانی وشکە. نەتەوەیەک بە سواڵ وسەدەقەی وڵاتانی زلهێز نایەتە رزگار کردن. دڵمان بەو خۆشبێ سەرۆک کۆماری نوێی ئامریکا ئاوڕمان وێدەدا ئەوە سیاسەتێکی مەترسیدارە. چون رۆژێک پێش ئەوەی بچیتە کۆشکی سپی ، گووتی بەرژەوەندی ئامریکا لە سەرووی تەواوی کارەکانی منە. من دەستخۆشی لەو سیاسەتەی دەکەم وبە مافی خۆی دەزانم. با دەسەڵاتی نۆکەر سەفەتیش لە باشوور ئاوا بێ. پەیامی دووهەمی تڕامپ بۆ کورد ئەوە بوو: کورد شەڕکەری چاکن .!
" ساجی عەلی "
کاکی پێشمەرگە ئەو دەسەڵاتەی کە تۆ چەکت بۆ هەڵگرتووە ڕەحمی بە تۆشدا نایە. تۆ بەرەکانی شەڕی پیرۆزی ، لە حالێکدا ئەو مامۆستایانەی کە قەرارە منداڵی تۆ فێری وانە گووتنەوە بکەن ، گیرفانیان بەتاڵو حەتاڵە! زۆر جار تۆ بڕە نانێک هەیە لە بەرەکانی شەڕ بیخۆی ، مامۆستای منداڵەکەی تۆ ئەو بڕەنانەش نییە بیخۆن ! چەکت بۆ کێ هەڵگرتووە ؟ بۆ نیشتمان ، بۆ ئازادی ؟ بۆ گەشەکردنی ژیانی خەڵک، بۆ منداڵی خۆت یان منداڵی بەرپرسانی دزوسەرشۆڕ ؟ یانی تۆ نابینی ئەو دزانە چییان لە وڵاتە کردوە کە قەرارە تۆ بیپارێزی. ؟ گوێت لە دەنگی خۆنیشاندانەکانی خەڵک لە شاری سلێمانی / پاتەختی رەوشەن بیری / بوو کە هاواری جەللادی دوارۆژی کوردی دەکرد و دەیگووت : عەبادی،،، عەبادی ،،، ! تۆ یان پێشمەرگەی یان بوویە دار دەستی دەسەڵات ؟ داردەستی ئەو کۆمپانیایانەی کە خەریکن ژێر خانی ئابووری منداڵەکانی تۆ ساف لە ساف تاڵان دەکەن ؟ من نازانم تۆ شەڕکەری یانژی پێشمەرگە. ئەگەر،، پێش ،، مەرگی ،، نەتەوەکەتی ئەو ببینە حیزبەکانت چمان بەسەر دێنن. ئەگەریش / پێشمەرگی / بنە ماڵەو دزسالارەکانی بە تەمای ئەوە مەبە کە داهاتوویەکی روون چاوەروانی تۆ ومنداڵەکانت بێ.ئەو شەڕەی کە دژی داعش دەیکەی بە بارتەقای عارزو ئاسمان پیرۆزە. دەستوتفەنگت خۆش. بەڵام خوێنی خۆت بۆ نیشتمان ونەتەوەکەت بڕێژە ، لە دەسەڵات بپرسە بۆ نەتەوەکەم برسییە؟ بۆ نەتەوەکەم ناڕازیە ؟ بپرسە ئەدی بۆ ئیوە میلیاردێڕن ؟
وەسسەلام .
جەعفەر کەریمی
سندوقی کوردستان پۆست
١٣ /١١ /٢٠١٥
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست