ئاشتی هەورامی و پەرلەمانتارەکان ، کامیان راستگۆن ؟
Friday, 11/11/2016, 17:02
پێشتر زۆر جار پەرلەمانتاران و خەڵکی زۆر بە تایبەتی ئەوەی ئۆپۆزسیۆن بوون یان مەیلی ئۆپۆزسیۆنبوینان هەبوو و، تا ئێستاش زۆرێک هەیە، بە هۆکار گەلێک باسیان لە شکستهێنانی سیاسەتی نەوتی و وەزارەتە بێ هەیکەلەکەی سامانە سروشتیەکانیان دەکرد و، دەیانوت حکومەتی هەرێم قەرزارە لە ژێر باری قورسی ئەو پابەنجبون و قەرزانەجا دەناڵێنێت بۆیە هیچی پێناکرێت . کەچی ئەم وەزیری جانتا بەدەستە، دانی پێدانەنا و مکوربوو لەسەر ئەوەی لە ساڵی 2016 هەناردەی نەوت دەگاتە رۆژی یەک ملیۆن و داهاتەکان زیاد دەکات و ئابوری و دارایی سەربەخۆمان سەقامگیر دەبێت و لە فرتوفێل َو ژێردەستەیی کۆمپانیانی سۆمۆ و حکومەتی فیدراڵی رزگارمان دەبێت و یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکیەکەی بریاری سەربەخۆیی کوردستان دابین دەکەین . کەچی پەرلەمانتاران و بە تایبەتی پەرلەمانتارە (پسپۆرەکانی بواری دارایی و نەوت و هاورێ و هاوکوف و خۆشەویستەکانی ئاشتی هەورامی!! ) هەمیشە ئاوازێکی تریان دەژەند و بە عەکسەوەی ئەم وەزیرە تاک و زۆر بەدەسەلاتە بەرێزە لێدوانیان دەدا و، بە تایبەتی لەباری قەرزەوە، هەمیشە بری قەرزەکانیشیان تەنانەت بە بێ بەڵگە و بەڵگەنامەکانیش بوایە و جارجار بە مزاج برە دەردەخست و، زۆربەی جارەکان ئەو زۆرینەی ئەو پەرلەمانتارانە (بە تایبەتی دووانیان ) قسەیان دەکرد کە لە لیجنەی دارایی و ئابوری پەرلەمانیشیدا نەبون و، بەڵکو راستودرۆیان تێکەڵ دەکرد . واتە ئەوەی ئاشتی هەورامی باسی دەکرد ئەمان رێک بە پێچەوانەوە باسیان دەکرد وئێمەی گەل و گوێگر، واتە زۆربەمان بە پێی میزاجی خۆمان خوێندنەوەمان بۆ قسەکانی ئەم برادەرانە دەکرد و ئێمەی هاوڵاتیان هۆکاری نەبونی ئەو ناشەفافیەتەوە مەشغولی ئەو تێکەڵ و پێکەڵی و درۆدەلەسانەی هەردولای رکابەر بوین، هەردولای هاوکێشەکە پەرلەمانتارە پر ۆفیشناڵ و خاوەن زانیاری و توانا بەرز و، تەنانەت جیاواز لە هاورێکانی خۆیان و جەنابی وەزیر، دوور لە هەر راستگۆ بوونێک!! دەبوایە هەرچۆنێک بێت بۆ خزمەتی میلەت هەر قسە بکەن .
وا ئەمرۆ بەهەمان شێوە هەردولا قسە دەکەن، بەڵام لێدوانەکانیان پێچەوانە کردۆتەوە، واتە قسەکانیان گۆریوەتەوە، هەورامی دەڵێت زیاتر لە بیست ملیار دۆلار قەرزارین و بەم شێوەیە ناتوانین باری لاری دارایی هەرێمی کوردستان راست بکەینەوە، واتە هەمان قسەی پێشوی ئەو پەرلەمانتارانە، بە تایبەتی دووان لەوانەی کە هەمیشە خۆیان بەم بەزمەوە خەریک کردووە و بە هیچ شێوەیەک داتای راستودروستیان نیە و بۆ مەبەستی پۆپۆلیزمی و بەرژەوەندی تایبەت باس لەوە دەکەن، کەچی ئەمرۆ ئەوان قسەکەی هەورامی ئەوسا دەکەن و، زۆر بە وردی بری داهاتی حکومەتە دیاری دەکەن و، دەڵێن حکومەت قەرزار نیە و بری 7 ترلیۆن و 600 ملیار دیناری هەیە و قەرزار نیە و ئاشتی هەورامی راست ناکات، واتە هەردوولا کتومت قسە و لێدوانەکەیان گۆریوەتەوە( واتە دوێنی تۆ وتت حکومەت قەرزارە، ئەمرۆ بڵێ ئەم داهاتەی هەیە و، ئەمرۆم من دەڵێت قەرزارە و هیچ داهاتێکی نیە وحەلیشی نیە !) و چش لە هەر بەلگەنامەیەک کە قسەی هەر لایەکیان بسەلمێنێت .
جا خەڵک حەقی نیە باوەر بە هیچ لایەک نەکات و بڵێت، ئەمانە کە راستی ناڵێن و تەنها لە پێناو قسەدا قسەدەکەن و راستگۆیی خۆیان لەدەست داوە، بۆچی ناهێڵن خەڵکە پسپۆر و خاوەن شارەزاییەکە، یان خەڵکە تایبەتەمەندەکەی نێو پەرلەمان و دەرەوەی بە داتا و بەڵگەوە قسە بکەن، نەک ئەمان رۆژانە راگەیاندن داگیر بکەن و راست و درۆ لای خەڵک ون بکەن . مەعقولە تۆ هیچ زانیارێکی راستو دروستت پێ نەبێت، لەخۆتەوە قسەبکەیت و لەماوەی تەنها چەند مانگێکدا قسەکانت سەدو هشتا پلە پێچەوانە بکەیتەوە . بۆیە، ئێستا خەڵَََک باوەری بەهەردولا نەماوە و راستگۆیی هەردوولا لەژێر پرسیاردایە و هەردولا زەرەێکی زۆریان لە هەموو لایەک داوە، بە تایبەتی خەڵک، رۆژانە کاریگەری سەلبی قسەی ئەم زۆرزانانە! لە بیر و ئەعسابی خەڵک دەکەن، بەتایبەتی خەڵکە هەژار و بێ دەرامەت و فەرمانبەرەکە و مامۆستایانی کوردستان، کە بە قسەی بێ بنەما سەرقاڵیان دەکەن و، بەهەردولا نازانن کە رۆژانە سەرجەم چین وتوێژەکان نەفرەتیان لێ دەکات .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست