کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


زیندانێك بۆ مەرد،زیندانێك بۆ نامەرد

Wednesday, 09/11/2016, 21:09


ئەوەی لەکوردستانی باکوور ئەیبینین کەوا سەرکردەکانیان کێبڕکێیانە بەرەو زیندانەکان و بەگیانێکی(پێشەوا)ئاسا لەجیاتی میللەت ملی خۆیان ئەدەن لەداری دوژمن،ئەوانن هەرگیز نامرن و لەدڵیا ئەژین. ئەوان ئەگەرچی لەزیندانەکاندا تووند ئەکرێن کەچی کاریگەریان زۆر  زیاترە لەوەی کاتێ لەدەرەوەی ئەو کۆت و زنجیرانەن و بەپێچەوانەوە،زیندان وەك وێستگەیەکی تری خەبات وایەو درێژەدانە بە بەرخودان.
دەمیرتاش و هاوەڵەکانی ئەم جارە بەتەواوی ڕووی ئەردۆگان و ئیسلامیەکانی بۆ جیهان واڵا کرد و چی تر یەکگرتوەکان و قەراخیەکان ناتوانن پێمان بڵێن تورکیا برای کورد و موسڵمانانن. ناتوانن دوامان لێبکەن کاتەکانمان لەتورکیا بەسەر بەرین و ئەوێ چیتر ئەو بەهەشتە نیە کەوایان لێ کردبووین باوەڕمان پێکردبوون. تاڵەبانیەکان ناتوانن باوەڕمان پێبکەن کەوا تورکیا دوا ویستگەی ژیانمان بێت و لەوێ بیرەوەریەکانمان بنووسینەوە.بارزانیەکان چیتر ناتوانن داوامان لێ بکەن و قەندیل چۆڵ بکەین و لەپەرلەمانی تورکیا درێژە بەخەبات بدەین و مافی گەلەکەمان بەئاشتی وەربگرین. چیتر شڤانەکان و تاتڵسەکان ناتوانن بەدەنگەکانیان بمانخەڵەتێنن و وامان لێبکەین کەبەڕاستی لەتورکیا جل و بەرگی کوردی و زمانی کوردی گەلێ ئاساییەو چی تر بەتورکی شاخ ناوزەندمان ناکەن.
ئەو زیندانەی باکوور کوڕان و کیژانی مەرد و ئازاو چاونەترس دانیشتوانێت و لەوێوە داوای مافی مرۆڤ و داهاتویەك بۆ هەموان ئەکا.ئەو زیندانەی ئەوێ بەمەرگی خۆیان مێژووی گەلێکی ژێر دەستە ئەنووسێتەوەو سەرلەبەری مێژوو ئەخاتە بەردەم کۆمەڵی گومان و پرسیارو تێڕامان. لەوێوە دەستپێکێکی شۆڕش جارێکی تر لێ ئەداو دوژمن ئۆقرەی لێهەڵ ئەگیرێ. 
بەپێچەوانەوە ئەوڕۆ کوردستانی باشوور کراوە بەزیندانێکی گەورە بۆ گەلەکەی و سەرکردە نابەرپرسەکانی دهاتووی میلەتێکیان لەو زیندانەدا تەلبەند کردوە. ئەگەر چی میلەت بەناو ئازادە و لەدەرەوەی زیندانەکانە،لێ ژیان و چارەنووسی بەرەو تاریکایی و نەمان مل پێ ئەنرێ. سەکردە بەزۆر سەپاوەکانی باشوور چونکێ ئازا و ئازاد نێن هەریەکەو بە ڕەتڵێ جام ڕەش و بەهەزارەها تفەنگ بەشانیان بەناوی پێشمەرگە خستۆتە پاڵ خۆیان و وەك سەگ پاسیان پێ ئەکەن. ئەمان زیندانێکیان دروست کردوە کە لەدوو نهۆم پێك دێت. نهۆمی ژێرە بۆ میلەت،ئەوی دووەم بۆ خۆیان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە