کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەگەر وابێت ستراتیجیەتەکەی بارزانی توشی هەرەسێکی ترمان دەکات

Monday, 07/11/2016, 1:22


کادرێکی فرەزانی پارتی!! بە باوەربەخۆبونەوە باس لە ستراتیجیەتی سیاسەتەکانی بارزانی دەکات لە مامەڵە کردن لەگەڵ پێکهاتەکانی عیراق و ناوچەکە و، گوایە لە زانینی روانگەی دید و نیەتەکانی بارزانیەوە  بۆ مەسەلەکان، وەزعەکە شرۆڤەدەکات و، باس لەوەدەکات کە بارزانی بە خۆی لەگەڵ ئەوەدا نیە پێکهاتەی سونە لە هیچ کاتێکدا هیچ ستەمێکی لەگەڵدا بکرێت و بە هاوپەیمانی ستراتیجی خۆی دایاندەنێت ( واتە جەورو ستەمەکانی سونە و دەسەڵاتی عیراقی پێشتر بەرامبەر کورد، ئێوە خۆش و دەبێت بیر لەوە نەکرێتەوە کە هیچ کوردێکی قوربانی دەستی دەسەڵاتی سونەی عیراق لە ئارادا بوبێت و، ( عفا الله عما سلف) شیعارمان بێت و، بەڵکو تەنها لەمەودوا دەبێت چاومان لەسەر شیعە بێت و رکابەری بین ) . بەو پێیە بێت، دەبێت لەمەودوا هەمیشە ستراتیجیەتی ململانێی سەرەکیمان  لەگەڵ شیعەدا بێت( هەرچەند هیچ قوربانیەکمان بە دەستی ئەوان نەبێت و لە زۆر خاڵدا هاوبەش بوبین، بە ستەم و سەرکوتکردنی دەسەڵاتی پێشووشەوە ) ، گوایە بارزانی لەسەروی تەسکبینی و تۆڵەسەندنەوەیە و  بە چاوێکی ستراتیجیەوە دەروانێتە ژیان و گوزەرانی سونەکانی موسڵ و ناوچەکانی تری دوای داعش و سیاسەتی خۆی پەیرەو دەکات و، خۆی بە دادرەسی ئەوان دەزانێت و لە ئاستی ئەواندا دڵپاکی خۆی دەسەلمێنێت و، بە فیتی تورکیا و وڵاتانی نیمچەدورگەی عەرەبی، دەیەوێت هەرێمێک یان دەوڵەتێک بۆ سونەکان دروست بێت و، تەنانەت ئامادەیە بە خۆی سەرپەرشتیان بکات . ئەوانن واتە تەنها سونەکانن، کە لەگەڵ کوردستان دا بەرژەوەندیەکانیان لێکئاڵاوە و لێک نزیکن وهاومەزهەبن و دەتوانن دۆستی بەردەوامی یەکتر بن و قازانج  لە یەکتر بکەن، نەک خەڵکی تر، بە واتایەکی تر ئارامی و ئاسایشی سونە بەشێکە لە قوڵایی ستراتیجی هەرێمی کوردستان ( بەدوور لەوەی یان بە پێچەوانەی ئەوەی کە بارزانی لە بەغدا وتی عیراق قوڵایی ستراتیجی هەرێمی کوردستانە، بەوپێیە ئەو قسەیەی بارزانی سەرپێی بووە و بۆ خاتری عەبادی درکاندویەتی ) .
کاکی ستراتیجیەت خوێن، هیچ خۆی لەقەرەی ناوەندی عیراق و دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی و هێز و دەسەڵات و دیدوبۆچونی شیعە نەداوە و نەیوتووە رۆڵی پێکهاتەی شیعە لەم ستراتیجیەتە عاقڵانەی! بارزانی دا چۆن دەبێت و بەربەست لەبەر بەدیهێنانی ئەو ئامانجە دروست دەبێت یان نا، یان ئەم پێکهاتەیە ناکۆکە بە هەموو توانای خۆیەوە بەر لەدروستبونی دەوڵەت یان هەرێمی سونە دەگرێت یان نا . ئەگەر توانا و ئیمکانیاتی ناوەندی عیراق و وڵاتە هاوپەیمانەکانی لەبەرچاو بگرین، ئا لەو کاتەدا ستراتیجی بارزانی چی لێدێت و، توشی چ شکستێک دەبین و، لەو کاتەدا و پاش ئەوە و بەناچاری وەکو دوێنێی نزیک و،  پاش لەدەستچونی هەلەکان، هیچ رێگەیەکی لەبەردەمدا دەمێنێت، یان رووی وەردەگەرێت بەرەو ناوەندی عیراق و، لەو کاتەدا چی بەدەست دێنێت، یان لەگەڵ سونەدا خەریکی چی دەبێت .
ئەگەر ئەمە راست بێت و ئەم کادرە خێر لەپارتی دیوە راست بکات و لەنزیکەوە ئاگاداری کەینوبەینەکان بێت و کتومت قسەکانی لەسەر روانگەی بارزانی بەو شێەوەیە راست بێت و، بیرکردنەوەی بارزانی بە پێی نزیکی لە ئەردوگان و وڵاتانی کەنداو و سونەکان و، پێگەی جوگرافی و روبەری دەسەڵاتی بارزانی وای خواستبێت کە لەم بازنە تەسکەوە دوارۆژی هەرێم و ناوچەکە و دەوروبەری خوێندبێتەوە، یان بۆیان دیاری کردبێت،  ئەوە یەکێک لەئەگەرەکان کارەستبار دەبێت و هەرێمی کوردستان توشی هەرەسێکی لەوەی پێشووی شۆرشەکەیان گەورەتر دەکاتەوە  .
با بەکورتی بۆ جەنابی شیکەرەوە ستراتیجیەکەی بارزانی باسی بکەین و هەڵەی خۆی وقەناعەتی سەرکردەکەی راست بکەینەوە  . با یەکەم جار بزانێت بەهیچ شێوەیەک، ناوەندی عیراق و ئێران و روسیا و دۆستانیان، لە روانگەیکی ستراتیجی و ئامانجی ولاتانیان لە ناوچەکە و دیدیان بۆ گۆڕانکاریە گەورەکان، رێگە نادەن ناوبرێک لە نێوان هاوپێکهاتە و هاوپەیمانەکانی خۆیان لە ناوچەکە لە لایەن تورکیا و بارزانی و سونەوە دروست بێت و، هەموو هەوڵێکیان دەخەنە گەر بۆ بەربەست خستنە پێش ئەو ئامانجە و، ئەوەی زۆر گران بێت لایان بۆ نەهێشتنی جێبەجێکردنی ئەو ئامانجە خەرجی دەکەن، وەک چۆن تا ئێستا لەبەرچاومانە کە لە سوریا، پێکەوە ئەو کارە دەکەن . ئەو شەرەی حەلەب و رێگری لەیەکبەستنەوەی کوردستانی باشوور لە لایەن تورکیاوە، ئەگەر بەرژەوەندی ئێران و روسیای زیاتر تێدا نەبوایە وەک لە تورکیا، نەیاندەهێشت تورکیا مەترێک سنوری سوریا ببەزێنێت و، بەڵێ، ئەگەر قازانجە نهێنێەکەی بۆ هەمووان نەبوایە بە هیچ شێوەیک ئەم میحوەرە رێگەی نەدەدا تورکیا ئەو سەرەرۆییە بکات .  تا ئێستاش مکورن لەسەر ئەوەی کە دوارۆژ و چۆنێتی کەوتنەوەی دەرئەنجامی وەزعی حەلەب، رێژەی یەدەستهێنانی ستراتیجیەتی لایەنە ناکۆکەکان دیاریدەکات .
بۆیە ئەگەر بارزانی بەو خەونەوە خۆشحاڵ بێت، کە موسڵ و ناوچەکانی سونەی پاش داعش رێخۆشکەر بن بۆ بەدیهێنانی هەندێک لەو ستراتیجەی خۆی، بە قسەی کادرە زۆرزانەکەی!، ئەوە لەوبارەوە زۆر بە هەڵەدا چووە و، زۆر روونە لای هەمووان کە تەنانەت ئەگەر تورکیا بزانێت کورد هەنگاوێک لە سەربەخۆیی دەچێتە پێشەوە، بە خۆی قوربانی بە سونەی هاوپەیمانی کورد دەدات و،  لە پەرەسەندنی وەزعی کوردستان رێگری دەکات و فشارە راستەخۆ و ناراستەوخۆکانی بە گەرانەوەی بارزانی بۆ باوەشی ناوەند دەست پێدەکات، کە بزانێت بە خۆی لە دوارۆژدا دەستی لەناوچەکە باڵاتر نابێت . دیارە هەوڵەکانی تورکیا بۆ دەستبەسەردا گرتنی ولایەتی موسڵ خەونێکە کە بەزەرەر بۆ گەلی کورد دەشکێتەوە، ئەگینا لە حاڵەتی تردا سەرەرای زۆر قسەی نابەجێی تەکتیکی ئەردوگانیش، تورکیا مانەوەی سنوری عیراق و گەرانەوەی سونە و کورد بۆ باوەشی ناوەند، لەم قۆناغەدا لە بەرژەوەندی باڵای خۆی دەزانێت، نەک ئەو خۆشباوەریەی بارزانی و راوێژکار و چاودێرە سیاسیە بلیمەتەکانی!
با ئەوەش باش بزانن کە تەنها بارازنی ئەو هێزە سیاسی و عەسکەریەی نیە کە بتوانێت بەسەر هەمواندا باز بدات و هەڵەی گەورەی وا بکات و لە نێوخۆ و دەرەوەی کوردستان کەس رێگریی لێ نەکات . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە