لە باکوری کوردستان چی دەگوزەرێ؟
Monday, 07/11/2016, 0:52
بیری کەمالیزم کە لەسەر بنەمای سڕینەوەی هەموو نەتەوەێکانی تری تورکیا بنیات نراوە بە تایبەتیش بەرامبەر گەلی کورد کە هەمیشە وەکو مەترسی دەزانن بۆ سەر یەک پارچەی خاکی ئەو دەوڵەتەی کە پەیمانی لۆزان ناوی نا (تورکیا) ، لەبەر ئەم هۆکارە شە کەهەمیشە سیاسیەکانی تورک دروشمی یەک نەتەوە، یەک وڵات ، یەک ئاڵا بەرزدەکەنەوە.
ئەم فکرە ناسیۆنالیستیە تاکو ئەم چرکە ساتە درێژەی هەیە و کاری لەسەر دەکرێت، ئەمە سەرەڕای دەستاودەستیکردنی دەسەڵات لە پارتە نەتەوەپەرستەکانەوە بگرە تا دەگاتە سیکۆلاریزم و ئیسلامیە بەناو میانڕەکانی ئەمڕۆ.
ئەگەرچی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵێک کەس و لایەنی تورک و کورد لەناویشیاندا بە ناو سەرۆکەکانی کورد لە باشور، باسیان لەوە دەکرد کە گوایە (ئەردۆغان) و پارتەکەی هەوڵی چارەسەری پرسی کورد دەدەن، بەڵام ڕووداوەکانی ئەم دوایە پەردەی لەسەر ئەو ڕاستیە هەڵماڵی کە ئەردۆغان و پارتەکەی بەهەمان سیاسەتی نالۆژیکیانەی سەرکردەکانی پێش خۆیان لە پرسی کورد نزیک دەبنەوە، کە بریتییە لە سیاسەتی نکوڵی کردن و قڕکردنی گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان.
ڕووداوەکانی ئەم دوایەی باکوری کوردستان سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن کە دەوڵەتی تورک بە هەمان سیاسەتی کەمالیزم لەپرسی کورد نزیک دەبێتەوە و هەمیشە هەوڵی دوبارەکردنەوەی کوشتارگەی (دەرسیم و گەلی زیلان) دەدەن لە فۆرمی جیاوازدا. بەڵام لەبەرامبەر ئەوەدا تێکۆشانێک هەیە کە هەموو ئەم سیاسەتەی بەتاڵ کردۆتەوە و بەپێچەوانەوە، ئەوەی کە لە باکور دەگوزەرێ واتای بەهێزی گەلی کوردە لە ڕۆژئاوا و باکوری کوردستان، کە وای لە سەرانی تورک کردووە بەم نالۆژیکییە ڕەفتار بکەن. بەڵێ ئەوەی دەگوزەرێ سەرکەوتنی سیاسەتەکانی پەکەکەیە لەبەرامبەر پلانە شکستخواردوەکانی دەوڵەتی تورک، وە دەستگیر کردنی سیاسیە کوردەکان هیچ نییە جگە لە پەرجەکرداری کەسێکی بێ هیوا بوو لە سیاسەت، کە ناتوانیت ئامانجەکەی بپێکێ.
بەڵێ ئەوە شکستی سەرانی ئاکەپە یە لە خەونی زیندوو کردنەوەی سوڵتانیەتی و دامەزراندنی خەلافەتی ئیسلام و خۆنمایشکردنیان وەکو دەوڵەتێکی خاوەن هێز و کاریگەر لەسەر ڕووداوەکانی ناوجەکە بە تایبەتیش پرسی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان و بە ئامانج گرتنی تەواوی دۆزی کورد.
بەڵێ ئەوەی کە ڕوودەدات، نیشانەی شکستهێنانی هەوڵەکانی ئەردۆغانە لە بێکاریگەر کردنی هێزی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان. بەڵێ هەروەکو زۆربەمان دەزانین بە پێچەوانەی خەونەکانی دەوڵەتی تورک و ئەردۆگان، هێزی کورد لە ناوچەکەو لە ناوەندە گرنگەکانی بڕیاری سیاسی جیهان لە بەهێزبووندایە و هێزی کورد تاکە هیزی کاریگەرە لە شەری تیرۆر ئەو تیرەرەی کە لە هەناوی خودی ئەدۆغاندا لە دایک بوون و چەکەرەیان کرد. ئەم سەرکەوتنانەی کورد بەتایبەتی لە ڕۆژئاوا سەرانی دەوڵەتی تورکی توشی هیستریا کردووە و سەرلێشواوانە هەنگاوی نالۆژیکی دەنێنن، بە تایبەتیش کە لە ئێستادا تورکیا لە سەرجەم ناوەندەکانی سیاسی جیهان بەجۆرێک لە جۆرەکان کەنار خراوە و لەژێر پاڵەپەستۆی سەرجەم وڵاتانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادایە بەهۆی پشتگیری کردنی تیرۆر لە ناوچەکەدا. نمونەی ووتارەدانەکەی ئەردۆغان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کەس ئامادەنەبوو گوێی لێ بگرێ، بەڵگەن کە خۆیان بە پەراواێز خراوی جیهان دەزانن و وەکو داعش مامەڵە لەگەڵ دەکرین.
ئەمە لە بواری ناوچەیی و نیودوڵەتی لە ناوەخۆی تورکیاش هێزی کورد و یەکێتی نەتەوەیی کورد لە بەهێز بوونی دراماتیکیدایە، سەرهەڵدانی گەل لە ناو شارەکانی باکوری کوردستان و بەرگرییە بێ وینەییەکەیان ئەو ڕاستییەی سەلماند کە سیاسەتی پەکەکە خاوەن کاریگەری زیاترە لە بەرامبەر پلانەشکستخواردووەکانی دەوڵەتی تورک چ لە پرسی ناوچەکە و چ لە ناوەخۆی تورکیا.
پێویستە هەموو تاکێکی کورد ئەوە بزانێت کە دەوڵەتی تورک نەک هەر ناتوانێ ڕێگر بێ لەبەردەم گەیشتنی گەلی کورد بە ئازادی بەڵکو دەبێ ئەوە بزانێت کە خۆی لەبەردەم لەت بوونێکی چاوەڕوانکراودا دەبینێتەوە، چ ئەمڕۆ چ سبەی چونکە بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە باکوری کوردستان بە ڕێبەرایەتی (پارتی کرێکارانی کوردستان) گەڕانەوەی بەرەو دوا نییە و جگە لەسەرکەوتن هیجی تر نازانێت.
بەڵێ ئەمڕۆ کە گەلی کورد لە ڕۆژائاوای کوردستان لە ئەزموونی خۆسەری دیموکراتی سەرکەوتوو بوون هەنگاویان نا بۆ جاری فیدڕاڵی لە ڕۆژئاوا، دەوڵەتی تورک ترسی لەوەدایە کە گەلی کورد لە باکوری کوردستان ئەم مۆدێلی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیە کردۆتەوە ئامانجی خەباتیان و هەوڵی بۆ دەدەن، ئەمە جگە لەوەی کە لەباشوری کوردستانیش هەموو گەلی پشتگیری خەباتی براکانیان دەکەن لە باکور و ڕۆژئاوای کوردستان، هەڵبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە دڵ پشتگیری معنەوەی هەموو بەشکانی کوردستان دەکەن.
هەموو ئەمانە و شکستەکانی دەوڵەتی تورک لە پرسی سوریا و ڕۆژئاوا ی کوردستان ئەوەندەی تر وای لە سەرانی تورک کردووە کە توشی شۆکی سیاسی ببن و بە هەمان سیاسەتی نالۆژیکیانەی جارانیان، لە پرسی کورد نزیک ببنەوە چ لەباکوری کوردستان و چ بەشەکانی تر، هەر وەکو بینیمان دەوڵەتی تورک کە گوایە لە ناوچەکەداو توانای کاریگەری گەورەی سیاسی هەیە لە گۆڕانکاریەکاندا، هەموو قورسایی خۆی خستە سەر ڕۆژئاوای کوردستان بۆ لە ناو بردنی ئەزموونی کورد لەو بەشەی کوردستاندا لەم پێناوەشدا هەوڵی زۆریدا کە لاێنێکی کوردی باشوور لەبەرژەوەندی خۆی بەکار بهێنێت، ئەمە جگەلە بەکارهێنانی ڕێکخراوی داعش کە دەوڵەتی تورک بە هەموو جۆرێک هاوکاری ئەم ڕێکخراوەی دژی ڕۆژئاوای کوردستان
بەڵێ هەموو ئەم ڕووداوانەی کە لەم ساڵانەی ڕابردوودا ڕوویاندا، گەلی کورد توانی لە ڕۆژئاوای کوردستان سوودی لێ ببینێت دەوڵەتی تورک و ئەردەۆگان توشی هیستریا بکات و نازانێت چۆن لێی دەرباز بێ کە من پیم وایە دەرباز بوونی بۆ نییە. دەست تێکەڵ کردنی لەگەڵ ڕێکخراوێکی وەکو داعش و هاوکاری کردنی بەبەرچاوی دونیاوە کارێک نییە مایەی قبوڵی دەدەوڵەتانی ڕۆژئاوا بێ، ناردنی هەزاران پەنابەر و لەناویشیاندا سەدان تیرۆرست دیسان ماییەی قبوڵی ئەوروپییەکان نییە و ئەمڕۆ بێ یان سبەی دەیخەنە چاڵاکیکەوە کە دەرباز بوونی نییە، هەڵبەت گرتتن و داخستنی میدیاو میدیاکاریش کارێکی ترە کە مایەی قبوڵ نیە و ئەوەی کە لەم چەند ڕۆژەشدا ڕوویدا کە گرتنی دەیان پەرلەمانتار و سیاسی کورد جێگەی هەڵوەسە لەسەرر کردنی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکایە و لێدوانەکانیان بە ئاراستەێکە کە ئەردۆغان نزیک بۆتەوە لە کۆتاییەکانی ژیانی سیاسی. ئەمە لە کاتێکدا یەکە پێڤاژۆی چارەسەری ئاشتی لە نێوان دەوڵەتی تورک و پەکەکە کۆتایی هاتووە لە پراکتیکدا.
ئەمە بە ڕای زۆربەی شارەزایانی سیاسی ئەوپەڕی سەرلێشێواوی دەوڵەتی تورک و نالۆژیکی سیاسەتەکانی ئەردۆغانە و هیچ واتاێکی بۆ پێڤاژۆی ئاشتی نەهێشتۆتەوە و پێویستە پەکەکە هەنگاوی تر بهاوێژێت و جارێکی تر ڕووبەرووبوونەوەی چەکداری ببێتە ئەڵتەرناتیڤ و ئەکاتەش هیچ کەس و لانیک ناتوانێت پەنجەی تاوان بۆ پەکەکە درێژ بکاتچونکە دەوڵەتی تورک هەنگاوی لۆژیکیانەی نەنا بۆ چارەسەری پرسەکە.
ئەوەی ماوەتەوە بتورێت دەبێت دەوڵەتی تورک ئەو ڕاستیە باش بزانێت کە هەرگیز کات لە بەرژەوەندی ئەواندا نییە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەلی کورد و پرسە ڕەواکەی چ لەسەرئاستی ناوچەی و چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە پێشوەچوونی خێرادایە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ تاکی کورد چ لە ناوەخۆو چ لە دەرەوە لە هەوڵی بەردەوامی ناساندنی پرسەکەیدایە و جگەلەسەرکەوتن هیچی تر ناناسێت و هەمیشە ئامادەی مەرگن لە پیناو دۆزە ڕەواکەیاندان.
ئەوەی ماوەتەوە بوترێت ئەوەیە کە لەسەر هەموو تاکێکی کورد پێویستە بە گیانیکی نەتەوەیی و وڵاتپارێزی یەکگرتووی رێزەکانی گەل بپارێزێت و ڕێگە بە دوژمن نەدات درز بخاتە ناو یەکڕیزی گەلی کورد، چونکە لەم کاتە هەستیارەدا پێویستە زۆر بە ئاگا بین لەوەی چی دەگوزەرێت لەناوچەکەدا و هەمیشە هەوڵ بدەین کە سیاسیەکانمان بە ڕخنەی دروستکەر بخیەنەوە سەر ڕیگەی دروستی یاسیەتکردن، لەپێناوئەوەی ڕووداوەکانی ناوچەکە لە بەرژەوەندی گەلەکەمان بقۆزینەوە و پلانی دوژمنانی کورد هەرەس پێ بهێنین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست