لە باشور خۆمان دیلین و داواى ئازادیى بۆ باکور دەکەین
Saturday, 05/11/2016, 11:46
هەمومان نیگەرانین بەرامبەر ئەو رەوشەى لەتورکیا دەگوزەرێت، هەموو لەناخەوە پێمان ناخۆشە بەزیندانى کردنى دەمیرتاش و هاوڕێکانى، بەڵام باخۆمان نەخەڵەتێنین رەوش و گوزەرانى ئێمەش لەباشور و لەسایەى ئەو حزب و حکومەتە گەندەڵەدا شتێکى وەهاى لەگەڵ ئەواندا جیاوازی نییە، تەنها ئەوە نەبێت دوژمنانى ئەوان تورکن و لەژێر دورشمى تورک و کەمالیزمدا رەوایى دەدەن بەگرتن و کوشتن و بێ سەرو شوێنکردنى نەیارانى تورک. بۆیە بەر لەوەى هاو خەمى و هاو هەڵوێستى بۆ ئەوان دەربڕین، بیرێک لەخۆمان بکەینەوە، بزانین رەوش و گوزەرانى ئەوان خراپترە یان ئێمە؟ بزانین تورک کە بەعالەمى ئاشکرا دوژمنى سەرسەختى کوردە، تورک دڕندەترە، یان بەناو پارتە سیاسیەکانى لەمەڕ خۆمان؟
من دەڵێم پێش ئەوەى هاوسۆزى و هاوخەمى بۆ دەمیرتاش و سەباحەت و کولتان دەربڕن، خەمێک لەخۆمان بخۆن ئەى خەڵکى باشور، ئەوەتا 30 دانە ساڵە حیزبە فەرمانڕەواکان لە تورک خراپترمان پێدەکەن، زیندانمان دەکەن، دەمانکوژن، برسیمان دەکەن، دەمانترسێنن، لەسەر هەڵوێست و بیروراى جیاواز لە ئاسایس و دەزگاى پاراستن و زانیاریمان توند دەکەن. لەبەر ئەوەى وەک ئەوان بیرناکەینەوە، بە زۆر نەفیمان دەکەن، سەر و برۆمان دەتاشن، بە بەرچاوى خەڵکەوە بۆ تەمێکردنمان فیشەک دەنێن بەدەممانەوە. بۆ ئەوەى بەهیچ شێوەیەک قسە و شتى نارەوا بە بەرپرس و سەرکردە نەڵێین، هاوشێوەى سەردەشت عوسمان دەمانفڕێنن وتیرۆرمان دەکەن. بەهەزاران کارى ناڕەوا و شەرمهێنەرمان بەرامبەر دەکەن، ناچار بە چەندین کارى خراپمان دەکەن، بەنویژى نیوەڕۆ دزیمان لێدەکەن، بەبەرچاوى هەموو دونیاوە یارى بەکەرامەت و ناموسمان دەکەن، دەستیان خستۆتە بینەقاقامان و قوت و مووچەیان بڕیوین، کەچى زۆر بێ شەرمانە دەستەوەستانین، دەڵین جا چى بکەین و چیمان پێدەکرێت، کێ دەرەقەتى دەسەڵاتێکى وا زۆردار و پیاوکوژ دێت؟!
کەچى بۆ گرتنى کوردانى باکور هەموو بوینەتە گیڤارا و هۆشى منە و هەست و حەماسمان فڕبوە بۆ ئاسمان، داواى بەربوونى بەپەلەى گیراوەکان دەکەین، داوا لە کوردانى باکور دەکەین برَژێنە سەر شەقام، کەچى بۆ حاڵى خۆمان بۆ ئەو رەوشەى تێى کەوتوین، بەسەدان خێزان پەرتەوازەبوون و لێک هەڵوەشاون، چەندان ژن بۆ بژێوى مناڵەکانى ناچار لەشفرۆش کراون، کەچى تەواو بێخەمین و نقەمان لێ نایەت. کورد ئەڵێت (کەچەڵ تیمار کار بوایە تیمارى سەرى خۆیدەکرد)، تۆش براى رۆشنبیر، کاکى سیاسى، خوشکى ناڕازى، ئەى ئەوانەى لەپشت کۆمپیوتەرەوە دانیشتون بەدیار ئەڵقەى دۆبلاژکراوى تورکییەوە، پێش ئەوەى شین بۆ ئەوان بکەین، پێش ئەوەى هاوخەم و هاوسۆزى ئەوان بین، با کۆت و کەلەپچەکەى مل و گەردنمان لێبکەینەوە، خۆمان سەربەست و ئازاد بکەین، ئەوجا داواى ئازادى بۆ خەڵکى دیکە بکەین. گریان ناڵەى دیل و ژێر دەست بۆ هاو ماڵەکەى هیچى لێ شین نابێت.
گەر راست ئەکەین و بەجدى لەخەمى کوردانى باکور و دەمیرتاش وهاوخەباتەکانین، ئەوا پێویستە رێگە لەحکومەتە مافیاکەمان بگرین کە بەنرخێکى زۆر هەرزان نەوت وسەروەتى کوردستان بە تورکیا تاڵان فرۆش نەکات، با لە دژى دەسەڵاتى مافیا و پشتیوان و هاوپەیمانى تورکیا بەتایبەت بارزانى و پارتى هەڵوێست وەربگرین و خۆپشاندان و نارەزایى دەربڕین کە دەستبەردارى سوکایەتى و خیانەت و ناپاکى و کۆیلەیەتى بۆ تورکیا و ئەردۆغان بێت. با لەناخەوە نەفرەت لە تورک بکەین، لەسەرو هەمووشیانەوە هەرچى زنجیرە دۆبلاژکراوەکانە، کە دڵنیام لەسەدا هەشتامان بینەریان نیین، بایکۆتیان بکەین و تەماشایان نەکەین، هەڵوێست وەرگرین و فشار بخەینە سەر کەناڵەکان کە دەستبەردراى ئەو دارما سەقەت و بێ نرخ و بازاڕیى و دوور لەبەهاو رەوشتە کۆمەڵایەتیەکان بین، بەوەشەوە نەوەسیتن لەئێستاوە بڕیار بدەین، کە هەرچى کاڵاو خۆراک و شمەکى تورکى هەیە، خۆمانى لێ ببوێرین و نەیکڕین، کە زۆربەمان ئەزانین بەشى زۆرى کاڵاى خراپ و کوالیتى نزم و بەسەرچووى تورکیا هەیە، لەباشوور بەنرخێکى زۆر گران ساغ دەبێتەوە، هەروەها رۆژانە لەرێگەى دەروازەى برایم خەلیلەوە تورکیا بە ملیۆنان دۆلار قازانج دەکات، دەى گەر راست دەکەن و هاو خەم و دڵسۆز و پەرۆشى کوردانى تورکیان لە ئێستاوە ئەو هەڵوێستە بگرینە بەر و بیخەینە بوارى پاکتیکیەوە تا تورکیا ئابورىیەکەى تێک بچێت، روبەروى قەیران و گرفت و کێشەى ناوخۆى بێتەوە، لەرێگەى بازرگانى و دزینى نەوتەوە پارەو پولى دەست نەکەوێت، بیدات بە چەک و کەرەسەى سەربازى بۆ لە ناوبردنى کورد و پەکەکە و پەیەدە. بەبڕاوى من ئەوانە لەپێشترن، بۆکوردانى باشور، نەک دروشم و وتەى بریقەدار رازاندنەوەى بەیج و ماڵپەرەکان بە وێنەى زیندانىکراون.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست