رۆژگارێکی تاڵمان لە پێشە !
Friday, 04/11/2016, 21:06
" بەرایی"
کێ فکری دەکردەوە سەردەمێک بێ بەشێک لە خاکی برینداری کورد لە سەر ساتوسەودای نێونەتەوەیی بێتە رزگارکردن. کورد لە باشووری وڵات خۆی نەخڵەتێنێ، سەددام بە کڵاشینکۆفی بارزانی و تاڵەبانی نەدەڕووخا. سەرمایە ومۆنۆپۆل وئیپمریوکانی وڵاتی خاوەن / وێتۆ / بڕیاری چارەنووس وبڕیاری بژیوی خەڵکی هەژار دەدەن. ئەوان پێمان دەلێن : ئێوە وڵاتەکەتان فرە دەوڵەمندە وخاوەنی ژێرخانێکی ئابووری درێژخایەن و پڕپیتوبەرەکەتە . بەڵام ئیزن نادەین بەتەنیا هەر ئێوە بیخۆن.ئێمەش هەین ! دەنا ئەوە بۆختان ودەسەڵاتی دیکتاتۆڕەکان یان دەسەڵاتی سالاردزی کوردیتان!ئیووە دژی سەدام بون ؟ بۆمان لابردن ! دژی دەسەڵات کوردین ؟ / نا / نابێ دژ بن ، جارێ شەڕێ داعشمان لە پێشە ودەبێ بارزانی وتاڵەبانی و چەکدارەکانی لە خزمەتماندا بن وشەڕمان بۆ بکەن چون ئاسایشی نەتەوەییمان لە مەترسیدایە !. ئەگەر وایە فززەتان نەیە وبە نانی وشکیش رازی بن! ئەوەیە چۆڕ چۆڕەی ئەو پاشآوە کە ناوی سیاسەتیان لە سەر ناوە !
" قسەی وتار "
هێدی هێدی حەشدی شەعبی وەقسە دێ :
سەرەتا بە فیتی ئەردۆغان وداعش ، پاشآن بارزانیشی دەگەڵ بێ، زۆریان حەولدا راستەوخۆئەو دەسکەوتانەی کە لە رۆژئاوا بە دەستی کورد خوڵقاوە لە ناو بەرن. بەڵام ئەو پیلانە سەری نەگرت.پاشآن بە هاوکاری ئەردۆغان وهاوکاری راستەوخۆی بارزانی خەریکی دروستکردنی چەکداری مفتەخۆر بون بە ناوی / پێشمەرگەکانی رۆژئاوا / کە پێکەوە دەگەڵ بارزانی لە ئاخورێکدا کاوێژیان دەکرد. ئەو پیلانەش تا ئێڕە جێ بە جێ نەکراوە.فشاری ئامریکا بۆ بارزانی وایکرد کە هەمیسان بە پێچەوانەی خواستی خۆی بچێتەوە سەر کۆش وخوانی عەبادی لە بەغدا وپێی بڵێ ، کێشەکانمان پێکەوە چارەسەردەکەین ! با ئێمـەش لە شەڕی مووسڵدا بەشدار بین ، بەڵام سنووردار! یانی مافی چوونە نوا ئەو شارەمان نییە. تەنیا پێشمەرگەکانمان رۆڵی گلادیاتۆڕدەگێڕن.هەر کات ئەربابەکانمان گووتیان وەکشێن ،دەکشێینەوە !
بەسیج / حەشدی شەعبی لە ئێڕان / ئەو دوو لایەنە تەنیا ناوەکانیان لە زاری عەڕەبی وفارسیدا جیاوازە. دەنا یەک یدئۆلۆژیا ویەک دەسکن. لە وێ بە فارسی دەئاخفن ولە بەغداش بە عەڕەبی سیاسەتی قڕکردنی کورد دەنووسنەوە ( هەزاران کوردیش ئەو ڕۆ چەکداری حەشدی شەعبین ) ! کاتی خۆی لەرۆژهەڵات کوردستان چاکیان پێکا. بە یارمەتی بارزانی وتاڵەبانی حیزبەکانی ئەوێندەرێیان خەساند! بۆیە هێدی هێدی روخساری خۆیان نیشان دەەن. ئەوەندی کاربەدەستی بەغدا قەوەیان بە سەر حەشدی شەعبیدا دەشکێ ، دوو ئەوەند لە تاران مێزی سەرکەوتنیان بۆ راخستوون. ئەوانە یادگاری شیعەی سەفەوین وکوژەری قەڵای دم دم ورووخاندنی دەسەڵاتی سارم بەگی موکرین لە رۆژهەڵاتی کوردستان. قەت ئیزن دەدەن کورد ببێتە خاوەن دەسەڵات. ( دەڵێم کورد مەبەستم ئەو شادزانەی باشوور نییە ) .
دەلێن : کە نەهامەتی هێرشی هێنا، کێو لە بن دێنێ وشاخ پەڕدە ( هەڵیدەتەکێنێ ) دەکا ! کەڵ هەڵدەدێرێ وخۆشەویستی دەپسێنێ. ئەوە ئەو رۆژگارەی کە بەشێک لە نیشتمانی کورد لە باشوور تووشی بووە. کوا سەردەمی سەددامی تون بە تون خەڵک ئاوا ڕووتوڕەجاڵ وبرسی کرابوو؟ لە کوێ ئەو کات کورد بەو شێوەیە گەردی دەرد و ژانی ژیانی بێبەختی لێ نیشتبوو ؟ دەسەڵاتی دزسالاری کورد وەک قۆشەی سووتاوی لێهاتووە کە چی لە سەرئاکاری هەڕەشەو ترۆرو کوشتن دەژی. تازە مووسڵ دەبێتە کانگای شەڕی وڵاتانی خاوەن / وێتۆ / وازوو رووی ئارامی بە خۆیەوە نابینێ.
" یەکەم پەیامی حەشدی شەعبی "
تائێڕە حەشدی شەعبی بە خشکە خۆیان لە شەڕێ مووسڵدا خزاندوە. تورکیەش دەلێ : من ئیزن نادەم حەشدی شەعبی بێتە ناو شار. چون ئەوان شیعەن ومنیش سووننەم . بۆیە هیچیان ئایینئ ئەویتر وەرناگرن. ئەدی چارە چییە ؟ چارە زۆر هاسانە . ئەوان دەزانن بارزانی وتاڵەبانی مێشکیان / پووکە / . سووننەش هەر فززەی نایە چون پشتیوانێکی وای نییە لە کەمێی داوە. زۆری لە سەر بڕوا دەڵێن : سەددام سووننە بوو، ٣٠ ، ساڵی دەسەڵاتی هەبووە . ئەگەر سەردەمی وی دێمۆکڕاسی نەبووە ، ئەوە نییە بەغدا سیستمی دێمۆکڕاسی هەیە. لە دێمۆکڕاسیشدا زۆرینە قسەی پێیە. ئەگەر وابێ فڵتە فڵتوونەیە و ئێمەی شیعە زۆرینەین !. چشتان پێدەکرێ بیکەن. هێشتا مووسڵ ئازاد نەبووە . حەشدی شەعبی دەڵێ : چەکمان دۆزیوەتەوە کە مۆری دەوڵەتی تورکی پێوەیە وئەردۆغان بۆ داعشی ناردوە ! ئەوە سەرەتایەکی مەترسیدارە بۆ ساتووسەودای دوای مووسڵ لە نێوان حەشدی شەعبی وئەردۆغان وسوپای تورکیەدا.ئیدی سیاسەتی کورد کوژی لە سەر ئەوبنەمایە دادەمەزرێ. تورکیە دەلێ : چتان پێیە وەرنە پیش. حەشدی شەعبیش دەڵێ : سیاسەت یانی / دان وساندن / ،بەواتایە کە هەردووکلا کێشەی کوردو دەسەڵاتی دزسالاریان بە دەستەوەیە کە چۆن لەوێ بگەنە ئامانج چون قازانجی هەر دووکلای تێدایە. رەنگە کات وسات وەدرنگی بکەوێ بەڵام ناسووتێ و لە کۆتاییدا کێشە کەش لە سەر لێفەی مەلایە.
" سیاسەتی گورگە مێشانە "
ئەوجارسەردێڕ، سەردێڕی پووچاندنەوەی دەسەڵات ئەو دووبنەماڵەیەیە.سۆپای تورکیە وازوو لە باشوورناچێتە دەرێ.چون رێبازێکە بۆ مامڵەی سیاسی لە نێوان بەغدا ئەردۆغاندا. یەکەم هەنگاوپاک کردنەوەی گرێبەستی ٥٠ ساڵە بنە ماڵەی بارزانییە بۆ نزیک بوونەوە لە بەغدا. چون هەر کەس بێ وادەکا. عێڕاق دەوڵەتە و باشووریش بنەماڵەی دزان بەڕێوەی دەبا.بەغداو ئەردۆغان هەم لە ناڵ دەدەن ، هەمیش لە بزمار. بە مەرجێک لە چەند کێشەی سەرەکیدا بگە نە یەک. بە چۆک داهێنانی دەسەڵاتی باشوورتا رادەی کۆیلەیەکی تەواو عەیار ، یان هێرشی حەشدی شەعبی بۆ باشووری کوردستا ن. ئەوەی کە نەیانهێشت / داعش / بیکا.
هیز وسیاسەتی کورد لە رۆژئاوای کوردستان پیلانەکانی ئەردۆغان، بارزانی ، داعشی ، پووچەڵکردوە. بەڵام لە داهاتوودا سناریویەکی نوێ بۆلاوازکردنی کورد لە باشوور دادەڕێژن. سۆپای تورکیە وحەشدی شەعبی وێڕای ناوەندی سیاسەت لە تورکیە وبەغدا وەک دوو بەرداش سیستمی گەندەڵی باشوور دەخەنە ناوەڕاستی خۆین، ئەوەندەیان پاڵەپەستۆ لە سەردادەنێن تا جیقیان دەردێنن. لەکاتی ئاواشدا ملهوڕوومفتەخۆرەکانی ناو هەردوو بنەماڵە ساڵی ١٩٧٥ مان هەمیسان بۆ دووپات دەکەنەوە. ئەگەر ئەو ساڵەش نەبێ بۆ داهاتوو ، کارێكی وادەکەن کە هیچ کەس نەتوانێ باس لە هیچ شێوە بەڕێوەبەریەک بکا. یەکەم هەرەسیش بۆ عەڕەب وتورک وفارس لێ سەندنەوەی هیزی چەکدارە / پێشمەرگە / . ئەو هێزەش فریشتە نین. ئەوان حازرن گیان ببخشن بەڵام دەبێ بژیوی ژیانی ژن ومنداڵیان دابین بکرێ.
٢٥ ساڵ ئەزموونی سیاسەتیکی فەشەل وناقۆڵا، بەرهەمی هزری بۆگەنیوی بن ماڵەی بارزانی وتاڵەبانییە. ئیدی کات هاتووە خەڵک بڕیاری چارەنووس ساز بدا. نابێ رێگا بدرێ دوژمن ئاشبەتاڵێکی دیکەمان لە کەسایەتی ئەو دوو بێویژدانانەدا بۆ ساز بکا. ئەو جار ساڵی ١٩٧٥ نییە ،قیادە مووەقەتێکی دیکەمان بۆ هەڵگیرسێننەوە ودووبارە لە سەرمان ببنە کەڵەگا.هیچ وڵاتێکی بیانی یارمەتیدەری کورد نییە جگە لە کورد کە بۆ خۆی نەبێ. بۆیە دژایەتیکردنی ئەو دەسەڵاتە بۆتە ئەرکێکی نیشتمانی ، چیدی رێگا بە ئاکاری گورگەمێشانەی ئەو سیستمە نابێ بدرێ. با چیدی وڵاتەکەمان نەبێتە قەلە مندارێی نەهامەتی وبێبەختی .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست