تورکیا ئاگر لە ماڵی خۆی بەردەدات
Friday, 04/11/2016, 20:43
بە گرتنی هەردوو هاوسەرۆکی هەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگن یوکسیکداغ، تورکیا هیچ مەودایەکی تەنانەت بچوکیشی بۆ پەیرەو کردن و پشت بەستن بە دیموکراسی و ئازادی لەو وڵاتە نەهێشتەوە و، ئەوەی لە سەر خەلیفە ئۆردوگانمان وت کتومت وەک خۆی دەرچوو( خەلیفە بەو واتایەی جێگری شێخ و بەشێک لەهەموو شێوەکانی خەڵکی تر ) . ئەم نیمچە سوڵتان و نیمچە ئەتاتۆرکیە، دەیەوێت بەم کردەوانەی جێگەیەکی تایبەت لە رووی شەخسیەوە بۆ خۆی دیاری بکات، لەوانەی پێشوتر نەچێت و، مەجدێکی مێژوویی بۆ خۆی تۆمار بکات، کە ئەگەر لەسەر هەر گەل و کەسێک بکەوێتەوە، لەوانەش ئەگەر گەلی تورکی تورکیاشی لە پێشەوەیاندا بێت، هیچ بیرێکی جدیی لێنەکاتەوە .
پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە کە ئایا تاکۆتایی بۆی دەچیتە سەر ، یان لە قۆناغەکانی جێبەجێ کردنی مەبەستەکانی سەری دەدات لە بەرد و تورکیا لە گۆشەیەکی تەسکی ناوچەکە لە رووی سیاسیەوە گۆشەگیر دەکات و چوار دەوری بە نەیارانی ناوچەیی و نێوخۆیی خۆی و جیهانیش دەورەدەدات و مەتەرێسی بەرەنگاری لە بەردەمیدا لێدەدرێت و، نەک هە رخۆی بەڵکو وڵاتەکەشی توشی لاتەریکی دەکات و، لە دواییشدا وەک خووە پێشوەکانی ملکەچی تەنازول دەبێت و داوای لێبردن دەکات، بێ ئەوەی هیچ گوێی لە ئابروچون بێت ؟
با بە هاوکێشە و بۆچونی عەقڵانی باس لەمە بکەین :
* وەزعی نێوخۆیی تا دێت رووە و خراپتر دەچێت و پیلانی پاش کودەتاکە بۆ خەڵک لەو هەنگاوانەی کە هیچ پەوەندی بەو وەزعەوە نیە وئەردوگان بۆ مەبەستی تایبەتی و شەخسی دەینێت، بۆ گەلانی تورکیا دەردەکەون، ئەوەی دەیەوێت لە بیری ئۆردوگانیزمدا قەتیش ماوە شکست دێنێت، یان بە یەکجاری وەزعی نێوخۆی ئاڵۆز دەبێت و توانای بەرگری ناگرێت و لەهەنگاوەکانی پەشیمان دەبێتەوە یان بە شێوەیەکی ئاشتیانە یان بەکودەتای مەدەنی بێت یان عەسکەری لەناودەچێت ( واتا شەعبیەتی کزدەبێت و زەرەر لە حزبەکەی دەدات؛ یان: لە نێوخۆی حزبەکەی خۆی پاشقولی لێدەدرێت، یان کێرفی دەنگی حزبەکەی دەگاتە خاڵێکی پێشبینی نەکراو و لە هەڵبژاردنی داهاتودا توشی شکستی گەورە دەبێت، یان حزبێکی تر لە سەر پاشماوەی پارتی گەشەپێدان و دادپەروەری دروست دەبێت، وەک پێشتر روویدا و، ئەم حزبە لە پاشماوەی ئەوانی تر دروست بوو ) .
* پرۆسەی ئاشتی لە لایەن خودی ئۆردوگانەوە بە تەواوی لەگۆرنرا، ئەوەی کورد بیکات هیچ کەس گلەیی لێناکات و پەکەکە و لایەنگرانی و لایەنگرانی هەدەپە، دەگەنە ئەو راستیەی لەگەڵ ئەردوگاندا ماوەی دانوستان و پەیرەو کردنی هەنگاوی ئاشتیانە بەسەرچووە و مەودای ئاشتی نێوخۆیی نەماوە . هەموو توانایەک و کردەوەیەک حەڵاڵە و قورسایی فشاری زیاتر لە سەرجەم رووەکانەوە بە سەربازیشەوە دەکەوێتەگەر و قۆناغی دوور لە ئاشتی پەیرەوکراو لەم ماوەیەدا کۆتایی دێت، کە خەڵکیش باش دەزانن تورکیا لەم کاتەدا وەک پێشتر نیە بۆ بەرەنگاربونەوەی هەر ئەگەر و پێشهاتێکی نێوخۆیی لەگەڵ کورددا . لەم بەینەدا پەیوەندیەکانی تورکیا و وڵاتان بە شێوەیەک گۆرانکاری بەسەردا هاتووە کە لەمەودوا لە نێوخۆی خۆیدا توانای ئازارپێگەیاندنی لەلایەن نەیارانیەوە زیاتر دەبێت و توانای بەرگەگرتنی کزدەبێت و لە رووی ئابوریەوە دەچێتە قوڵایی قەیرانەکانەوە .
* لە رووی ناوچەییەوە، ئەو ئارامی و تەباییەی لە نێوان خۆی و ئێراندا هەیە لە دوای شەری موسڵ نامێنێت و هاوکێشەکان لە رووی ئامانجە ستراتیجیەکانی هەردوولادا وا دەگۆرێن کە تەنانەت ئەگەری پێکدادان بە هەموو شێوەکانیەوە زۆر لە ئارادا دەبێت و، تەنانەت شەری عەسکەریش دوورنیە . ئەمەش گۆشەیەکی تاریکی بۆ دروست دەکات و رۆڵی خۆی دەبێت لە لاتەریک کردنی ئەردۆگان و وڵاتەکەی . ناتۆش لەم بەینەدا سیاسەتی خۆی هەیە و لە بەرژەوەندی تورکیادا نابێت بە ئەمریکاشەوە، کە ئەمرۆ سیاسەتەکانی وا دەخوێنرێنەوە بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوو لەگەڵ تورکیادا گۆرانکاری ریشەیی تێیدا رووی داوە . پەیوەندیە تازەکانی ئۆردوگان لەگەڵ روسیادا جێگە بە پەیوەندیە ستراتیجیەکەی روسیا و ئێران لەق ناکات و ئەوە لەولاشەوە یۆنان و قوبرس و ئەرمینیا بوەستێت .
* نەهێشتنی کاریگەری رۆڵی ستراتیجی تورکیا لە باکووری عیراق و شکستهێنانی لە سوریا بە سەرکەوتنی ئێران لە پلانە ستراتیجیەکەی خۆی لە عیراق و بەستنەوەی بە سوریاوە لە دواییدا یەکێکە لە ئەگەرە گەورەکان، ئەمەش زەرەرێکی گەورە لە بیرو نیازەکانی ئەردۆگان دەدات و دەکەوێتە نێو هیلالە تایبەتەکەی ئێرانەوە و لەوێدا نوتقی دەبرێت . ئەم ئەگەرە مەگەر لەو کاتەدا دەستەبەر نەبێت کە ئۆردوگان سەرشێتیەک بکات و بێ حساباتی قوڵ خۆی بخزێنێتە نێو مەیدانێکەوە دەرچون و قوتاربونی لە قور و لیتە و زەلکاوەکانی نابێت و، بە ملشکانی خۆی ئەگەر بە عەسکەری نەبێت بە نالەباری باری دیموغرافی مسۆگەر دەبێت و کۆتایی دێت . لەم بارەوە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی رۆڵێکی گەورە بۆ ئێران و عێراق دەگێرن .
* لەم رۆژانەدا زۆرێک لە فشەفش و خۆهەڵتەکاندنەکانی تورکیامان بینی و لەماوەیەکی کەمی ئەم کاتەدا کە لەشەری رزگارکردنی موسڵ داین، وەزعی تورکیامان بە جوانی بۆ روون بووەوە و هەنگاوە خێراکانی حەشدی شەعبی و سوپای عیراق شتیترمان بۆ روون دەکاتەوە و، ئەوەی هەرەشەی پێدەکرد تا ئێستا هیچی پێنەکراوە و، دوای رزگاکردنی موسڵ و باڵادەستی حەشدی شەعبی، توانا و بواری بەردەم تورکیامان بۆ دەردەخات کە تەنها بە هەڵقۆستنەوە و بە جوڵەیەکی کتوپر و ریکەوتنی ژێربەژێر و فێل و تەڵەکە نەبێت، لەسەر ئەرزی واقیع هیچی لەدەست نایەت .
* ئەم هەنگاوە نێوخۆییانەی تورکیا بە گرتنی هاوسەرۆکانی هەدەپە پشتی خۆی زیاتر شلکردەوە و نیشانەی ئەوەی کە لەدەروەی سنورەکانی هیچ پیچناکرێت و دەیەوێت رای گشتی نێوخۆیی بەو رەفتارانەوە مەشغول بکات و فشوهورەکانی لە رووی بەشداریکرن لە شەری موسڵ و شکستهێنانی بە کردەوەیەکی ئاوها داپۆشێت ( ... بە خاڵۆی خۆی فێرە ) .
بۆیە، تورکیا و ئەردوگان بەم رەفتارەیان لە رووی سیپاسیەوە لە نێوخۆدا باسی ئاشتی و پرۆسەی بەیەکگەیشتنی ئاشتیانە بنبربوو،ە هەموو لایەک حەقی خۆیەتی هەر کاریچک بکات بۆ بەئامانجەکانی و دەرگابۆ هەموو شتێک کرایەوە . بەم شێوەیەش داواکاری بۆ ئاشتی بەرێوەبردنی پرۆسەی ئاشتی نامێنێت و گەلی کوردستان حەقی خۆیەتی چ هەنگاوێک دەنێت و پەویەندی و هاوکاری کێدەکات و کەسیش لۆمەی ناکات . هاوکێشە سیاسیەکانی ناوچەکە و ئاڵۆزکانی پەیوەندیە هەمەجۆرەکانی وڵاتان لەمەر کێشەو پرسەکانی ئەم ناوچەیە بوار بە گەلی کورد و هێزەکانی بە ایبەتی پەکەکە و هەدەپە و پەیەدە دەدات یاریەکانی خۆیان بە ئاسانی لەم ناوچەی بکەن و فشارێکی گەروە لەسەر ئەردۆگان و تورکیا بکەن، کە لەم کاتەدا دۆش داماو دەبێت و دۆستەکانی کەمتربوون .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست