مانگرتن رێگایه بۆ چاره‌سه‌ر، به‌رده‌وام بن!
Monday, 31/10/2016, 21:31
مانگرتن رێگایه بۆ چاره‌سه‌ر، به‌رده‌وام بن!
هه‌ق سواڵ ناکرێت
پێویسته هه‌موو هاوڵاتییه‌ک بێته ده‌نگ
مانگرتن ئه‌رکێکی نیشتیمانییه
له باری ئاسایی‌دا خه‌ڵک بۆیه ده‌سته‌ڵات له خۆی دروست ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵات هه‌م بیپارێزێت هه‌م به باشترین شێوه بیبات به‌ڕێووه. به‌ڵام ده‌سته‌ڵاتی پارته‌کان له‌م ئه‌رکه سیاسییانه لایان داوه. هۆی ئه‌م لادانه‌ش ناگه‌ڕێته‌وه ته‌نها بۆ لایه‌نی ده‌سته‌ڵات. به‌ڵکو نیوه‌ی به‌رپرسیارییه‌که ده‌که‌وێته سه‌ر به‌ره‌ی خه‌ڵک. چونکه ئه‌و ئاقاره‌ی که ده‌سته‌ڵات پیایدا ده‌ڕوات به‌نده به‌و مه‌رجانه‌وه که خه‌ڵک هه‌یانه له‌سه‌ر ده‌سته‌ڵات. ئایا له چ بارێک‌دا ره‌وایی ده‌سته‌ڵات کۆتایی دێت؟ ئایا ده‌سته‌ڵات کام سنوره ببه‌زێنێت ئیتر خه‌ڵک لێی هه‌ڵده‌ستێت؟ ئایا میلله‌ت کام سیستێم داده‌مه‌زرێنێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ده‌سته‌ڵات دابنێت و لاشی به‌رێت؟
جان جاک رۆسۆ ده‌ڵێت: "هه‌ر گه‌لێک بێ مه‌رج خۆی بخاته ده‌ستی هه‌ر ده‌سته‌ڵاتێکه‌وه هیچ نرخێک وه‌رناگرێت له‌جیاتی." لێکۆڵینه‌وه له گه‌لی کورد ده‌ریده‌خات که جه‌ماوه‌ری کورد هیچ مه‌رجێکی نه‌بووه له‌سه‌ر ده‌سته‌ڵات. ده‌سته‌ڵات ئاشبه‌تاڵی کردبێت، سوپای بێگانه‌ی هێنابێته سه‌ر وڵات، هۆکاری هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال بووبێت، شه‌ڕی ناوخۆی کردبێت، وڵاتی فه‌رهود کردبێت، له‌گه‌ڵ داعش بازرگانیی کردبێت یان موچه‌ی بڕیبێت جه‌ماوه‌ر هه‌ر ملکه‌چیی بۆ تازه کردۆته‌وه. خه‌ڵک له جیاتی ئه‌وه‌ی سنوری دابنایه بۆ قهباعهتهکانی ده‌سته‌ڵات که‌چی ته‌واوکه‌ری قهباعهتهکان بووه. کاتێک که ده‌سته‌ڵات ناتوانێت کاره‌با دابین بکات هاوڵاتیی ده‌چێت مولیده په‌یدا ده‌کات. کاتێک که ده‌سته‌ڵات ناتوانێت ئاو دابین بکات ماڵ به ماڵ ئه‌رز کون ده‌کات. کاتێک که بازرگانیی به به‌نزینه‌وه ده‌کرێت شه‌و تا به‌یانی به کیلۆمه‌تر سه‌ره له به‌نزینخانه ده‌گرێت. کاتێک بازرگانه‌کان پڕۆژه‌ی خان‌و دروست ده‌که‌ن خه‌ڵک ده‌چن خانویان لێ ده‌کڕن. کاتێک که قسه ده‌که‌ن گوێیان لێ ده‌گرن. کاتێک که وڵات هیوای تیادا نامێنێت هاوڵاتیان خۆیان ئه‌ده‌نه ده‌م ده‌ریاو بۆ دزانی به‌جێدێڵن. کاتێک که مامۆستایان له‌به‌ر بێ موچه‌یی ئیتر ناتوانن ده‌وام بکه‌ن پێشنیاری پاره‌کۆکردنه‌وه ده‌کرێت. به‌ڵام هیچ کام له قه‌یرانه‌کان ئه‌و مافه ناداته‌وه به خه‌ڵک که بپرسن: ئه‌م ده‌سته‌ڵاته بۆچی هه‌بێت؟
ئه‌م په‌یوندییه بێ مه‌رج و تهواوکهرانهیه وای کردووه ده‌سته‌ڵات هه‌موو شتێکی بۆ بلوێت و جه‌ماوه‌ریش هه‌موو شتێکی به‌سه‌ردا تێ بپه‌ڕێت. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌رده‌خات که قه‌یرانی باشور خراپیی ته‌نها ده‌سته‌ڵات ناگه‌یه‌نێت، به‌ڵکو بێ مافیی و زه‌لیلیی خه‌ڵکیش پیشان ده‌دات. به درێژایی مێژووی ملکه‌چیی خه‌ڵک تا هاتووه زیاتر خۆی له‌و راستییه دزیوه‌ته‌وه که تیا ده‌چێت ئه‌گه‌ر له‌م خه‌وه قوڵه هه‌ڵنه‌ستێت.
جه‌ماوه‌ری ناڕازیی!
دانه‌نانی سنور بۆ ده‌سته‌ڵات و بێ مه‌رجیی له‌سه‌ری له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه باره‌که‌ی گه‌یانده ئه‌م ڕۆژه که ده‌سته‌ڵات داواتان لێ ده‌کات خۆتان له‌گه‌ڵ بێ موچه‌یی و کۆیلهیهتییدا بگونجێنن. ئایا لێره‌وه بۆ کوێ؟ قبوڵکردنی ئه‌م بێڕێزییه چی له ئێوه دروست ده‌کات؟ ئایا چ هۆکارێکی ئه‌قڵیی، ویژدانیی و ته‌نانه‌ت ئاژه‌ڵیی هه‌یه که گه‌لێک قبوڵی ده‌سته‌ڵاتێک بکات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سته‌ڵاته هاوڵاتیی له سروشتیی مرۆڤیی بخات؟
هاوڵاتیانی غه‌درلێکراو!
ماوه‌یه‌که مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران ده‌ستیان کردووه به چالاکیی مانگرتن له ده‌وام. له هه‌مان کاتدا ده‌سته‌ڵاتی پارته‌کان هه‌وڵ ئه‌ده‌ن ئه‌م جاره‌ش ناڕه‌زایی خه‌ڵک کۆنترۆل بکه‌نه‌وه‌و بێ هیوایی دروست بکه‌نه‌وه. له کاتێکدا که ده‌سته‌ڵاتێک خۆی خراپکهرو مه‌ترسیی بێت ئه‌رکی هاوڵاتیانه چاره‌سه‌ر بگرنه ئه‌ستۆی خۆیان. بۆیه مانگرتن هه‌ڵه‌یه بۆ سواڵی موچه بێت. ئه‌م مانگرتنه نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه که هه‌بوونی ئه‌م ده‌سته‌ڵاته هیچ واتایه‌کی تیادا نه‌ماوه. خه‌ڵکیش ئیتر هیچی پێ نه‌ماوه وازی لێ بهێنێت. که‌وتوینه‌ته به‌رده‌می دوڕێیانێکی چاره‌نوسساز. ئه‌بیت به مشک یان به ئینسان!
جه‌ماوه‌ری کوردستان!
راستیی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران ئه‌وه نییه که داواکارییان هه‌یه. به‌ڵکو ئه‌وه‌یه که به ده‌ست خۆیان نییه ئیتر ناتوانن ئه‌رکه‌کانیان ببینن. مرۆڤێک ماڵه‌که‌ی ئاگری گرتبێت ناتوانێت ئارام دابنیشێت کتێب بخوێنێته‌وه. که‌سێک بکه‌وێته ناو گۆمێکه‌وه مه‌له نه‌کات ده‌خنکێت. مامۆستایان و قوتابیان ناتوانن له‌م ره‌وشه‌دا خوێندن به ئه‌نجام بگه‌یه‌نن. ئه‌مه هه‌موو که‌سێک تێی ده‌گات. ته‌نها ئه‌و که‌سانه تێی ناگه‌ن که هه‌موو به‌هاکانیان بۆ تاڵانیی داناوه. مامۆستایان ته‌نها ئه‌و وانه‌یه‌یان بۆ ماوه‌ته‌وه فێری قوتابیانی بکه‌ن که زوڵم و بێدادیی قبوڵ نه‌که‌ن. ملدان به مانگرتنه‌کان قبوڵکردنی سوکایه‌تییه‌کی تره له پێناوی یاریکردنێکی تر به چاره‌نوسی میلله‌ت.
هاوڵاتیانی راپه‌ڕیوو!
مانگرتنی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران کێشه‌ی هه‌موو کۆمه‌ڵگایه. ئه‌نجامی ئه‌و قه‌یرانانه‌یه که سه‌راپای کۆمه‌ڵگاو میلله‌ته‌که‌ی گرتۆته‌وه. بۆیه پێویسته مانگرتن هه‌موو ماڵێک بگرێته‌وه. چاره‌سه‌ری ئه‌م قه‌یرانانه تا ئه‌و کاته مه‌حاڵه که جه‌ماوه‌ر کۆیله‌ی ئه‌م سیستێمی ده‌سته‌ڵاتدارییه بێت که کۆی پارته‌کان پێکیان هێناوه. ئه‌گینا باشوری کوردستان هه‌م پاره‌داره هه‌م خاوه‌نی که‌سانی دڵسۆز‌و لێهاتووه. ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه خۆڕێکخستنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگایه له سه‌ر پره‌نسیپی نوێ. مانگرتن و کۆڵنه‌دان رێگان به‌ره‌و چاره‌سه‌ر. به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر پره‌نسیپی رهواو نیشتیمانیی تا ده‌گه‌نه ئامانجی رزگاریی! مل بۆ ترس مه‌ده! ترس نه‌جاتت نادات. ئه‌و که‌سه ده‌بێت بترسێت که زاڵم و تاڵانچییه. هه‌ق له‌گه‌ڵ تۆیه!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست