ئەزانم کەدەزانی چی بکەیت، بەڵام بۆچی نایکەیت؟
Monday, 31/10/2016, 20:56
ئامانجی بزوتنەوەی گۆڕان، ئامانجێکی گرنگ و مێژوویی بوو. خەڵك پێیان وابوو، دەستیان لەپەنجەرەیەکی نوێ گیر بووە کەتەواوی نەهامەتییەکانیانی دەسڕییەوە، جا گرنگ نەبوو خزمەتگوزاری هەیە یان نییە، پارە هەیە یان نییە. بەکورتی و پوختی پرسی نان نەبوو چونکە خەڵک نانگەلێکی زۆری هەبوو و دەیتوانی بەشی سەگەکانی دراوسێشیان بدەن.
بەگشتی پرسەکە پرسی ئازادی و ئایندە بینییەکانیان بوو کە ترس دەمارەکانی گرتبوون و پێیان وابوو بەم حاڵەی ئێستایانەوە ئایندەیەکی ڕەش چاوەڕوانیانە.
سامانی ژێر زەوی و سەرزەوی لەدەستی فیرعەونەکاندا بوو. لەسەرووی یاساوە بوون. بڕیاری چارەنووس لەناو لەپ و ژێر دەواری پڕ مەرحەمەتی ئەواندا بوو. دەسەڵات و تەواوی بەڕێوەبەرێتییەکان هەر هی خۆیان بوون، ئەوان برایم زەبۆکەکانی ڕۆژگارێك بوون کە لەسەر کەلـلەی سەر و خوێنی خەڵك هاتبوون و هیچیشیان خۆیان بەخاوەنی نەدەزانی.
ئایندەی خاك و دام و دەزگای بەڕێوەبردن و ماف و ئازادییەکانی خەڵك و حکومەتی خەڵك و پەرلەمانی خەڵك و یاساگەل و ژیانی مەدەنیانەی خەڵك تۆزی چووبوو بەئاسماندا و کوت کوت کرابوون.
نە سنوور و نەخاك و نە نیشتمان و نەنەتەوە و نە سروشت و نەمرۆڤ پەروەری هیچ یەکێکیان لە ژێر لێوی بارە لۆریی لچ و لۆچی دۆلاردا دیار نەبوو.
ترس بەگشتی لەناو ناخی هەر یەکێك لەدانیشتوانی کوردستاندا وا چەکەرەی کردبوو ، ڕەگی داکوتابوو کە پێیان وابوو ئێستا نا تاوێکیتر دەخنکێن...
ئالێرەدا تۆ هاتیت و دەستت دایە ئەو سەنگە قورسەی کە دەبوو بە وریایی بەرزی بکەیتەوە و بە وریایی بیهاوێژیت. بەڵام ئایا هەر بەڕاست کردمان؟
برای ئازیز کاك نەوشیروان...
پاش ماوەیەکی دوور و درێژ لە ئۆپۆزسیۆنی و پاش ئەوە بەشداریی دەسەڵات و دووایی ئێستای دەرکردن و تڕۆکردن، پێم باشە منیش وەك هەڵسوڕاوێكی گۆڕان و وەك خزمەتکارێکی نەتەوەکەم شتێکی گرنگ بێژم کە دڵنیام نە کەس پێت دەبێژێت و نە هیچ کەسێکیش لەوانەی دەوروبەرت پێیان خۆشە؟
١- یوسف محەمەد، وەك سەرۆکی پەرلەمان دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕابگەیەنێت و لەژێر ناوی ( من، شکستم هێنا) بەیاننامەیەك بڵاو بکاتەوە و یەکێکیتر بۆ سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێرن و ئەمەش لەڕێگای فراکسیۆنی گۆڕانەوە بەڕێککەوتن لەگەڵ لایەنەکانیتر ئەنجام بدەن. ئەگەر سەرکەوتوو نەبوون لە وەرگرتنەوەی ئەم پۆستەدا، وێڵی بکەن و ئەو پۆستە لەبیر بکەن.
٢- لە یەکێتی دوور مەکەوەرەوە، ( ڕێککەوتن نامەی دەباشان فراوان و توند و تۆڵ بکە)وەك کەرەستەی ئەم دۆخە تێی بڕوانە و هەلەکان بقۆزەرەوە. هێزی یەکێتی بۆ لاوازکردنی دەسەڵاتی سەرۆکایەتیی هەرێم و سەرۆکایەتیی حکومەت بەکار بهێنە.
٣- پێ بەجەرگی خۆتدا بنێ و داوای ڕێکخستنەوەی حکومەت بکە و لە حکومەت دوور مەکەوەرەوە. ئەمجارەیان و لەم ماوە کەمەدا، تەنها کار لەسەر ئەوە بکەن چۆن ڕێگا بۆ دەسەڵاتی زیاتر خۆش دەکەن. دۆخەکە هێور بکەنەوە و لەجیاتی ئەوەی پەلاماری لابردنی مەحاڵ بدرێت، بنکۆڵی بکە بۆ هەنگاوی ئایندە ئاسانتر دەبێت.
٤- تەواوی هێزەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بهێنەرەوە بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و هەرواش لەبەغداد هەمان شت فراوانتر بکەن. واتا ئەم جارەی چوونەوە ناو حکومەتان پێ لەسەر پەیوەندییەکان زیاتر بکەن.
٥- دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەتایبەت کەی ئێن ئێن وەگەڕ بخەن بۆ پرسی خاك و موسڵ بکەن بەچەق و کەرکوك لەبیری دوژمنان بەرنەوە و هێزەکانی پێشمەرگە و حکومەت و خەڵك بۆ هەستی نەتەوایەتی و خاوەندارێتیکردنەوە لە موسڵ بخەنە گەڕ و لەجیاتیی خۆپیشاندان بۆ موچە و بۆ پۆستە حکومییەکان خۆپیشاندان لەسەر ئەوە ئەنجام بدەن کە پێویستە سنووری کوردستان بگەڕێندرێتەوە ئەو جێگایەی کە لەساڵی ١٩٢٠ هەبوو. ئالێرەدا هەنگاوی گەورەت دێتە ڕێ.
٦- هەرچووار وەزیرەکەت با ئیستیقالە بکەن و بڵاوی بکەنەوە کە ئێمە نەمانتوانی دەسەڵات و لایەنەکان ڕازی بکەین و شکستمان هێناوە و داوای لێبوردن لە دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان بکەن و هەروا لەڕێگای ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنەکانیتردا و لەڕێگا تایبەتییەکانی خۆتەوە ئەوانیتر ڕازی بکە و چوار کەسیتر دابنێ بۆ ئەو پۆستانە.
٧- لەم کاتەدا واز لە پرسی بڕگەی دەستووریی سەرۆکایەتیی هەرێم بهێنە و بەڕێککەوتن لەگەڵ ئەوانیتردا ئەو بڕگەیە بۆ پەرلەمانی ئایندەی بەجێبهێڵە.
٨- جەنگی نەوت بکە بەگژ یەکێتیدا و خۆت مەکە بەخاوەنی تا ئەوکاتەی کەرەستەکانت بەجێیە و زەمینە لەبارە، ئەودەم هەردوکیان بەیەکەوە بسوتێنە.
٩- گوێ لەو راوێژکارانە مەگرە کە بەم دۆخەیان گەیاندیت. تکایە سیاسەت و ڕێڕەوی کارەکانی خۆت بگۆڕە و کۆمەڵێك راوێژکار دابنێ کە دنیابینی و جیهانبینییان دوورڕەو و تیژڕەون.
١٠- ئەگەر بڕیارتدا بکشێیتەوە و وەك دەوترێت سەرقاڵی کاری مەدەنیانە و حکومەتە خۆجێیەکان بیت و لەڕاگەیاندنەوە خەریك بیت. تکایە نامەیەکمان بۆ بنێرە و بڵێ ئیتر تەواو و کۆتایی.. ئەمەش بەم پێیە:
١- دەسەلاتی پارتی و بارزانی بەلانی کەمەوە بۆ ٥٠ ساڵەکەی ڕێککەوتنی نەوت درێژ دەکەیتەوە.
٢- یەکێتی بەتەواوی گۆڕان قوت دەدات.
٣- پارتی، ئەو جێگایانەش کەدەستی پێڕا نەدەگەیشتن ئێستا وەك ئاوخواردنەوەی لێ دێت.
٤- بزوتنەوەی گۆڕان، وەك هێزێکی سیاسی، دەچێتە چوارچێوە و نمونەی ( پەجەدەکە) وە. ماڵێکی بچوك و ساردوسڕی سیاسی و شکستخواردوو.
٥- بزوتنەوەی گۆڕان، لەکێبڕکێی سیاسیدا بەجێدەمێنێت چونکە ڕووداوەکان زۆر خێران.
٦- لەچووارچێوەی عێراقیشدا ئیتر لەو جەستەیەی جاران ناچێت.
٧- ناتواندرێت بەهیچ شێوەیەك بگەینەوە ئەم دۆخ و پێگەیە و بچوك دەبینەوە.
لەگەڵ ڕێزی دڵسۆزتان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست