کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هه‌موومان قوربانی کورسیه‌کین..!

Saturday, 29/10/2016, 20:25


ماوه‌ی سێ ساڵه‌ کێشه‌و ململانێی سیاسی و یاسایی له‌ هه‌رێمی کوردستان چڕ بۆته‌وه‌ له‌سه‌ر ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تی بارزانی که‌ دوو خولی سه‌رۆکایه‌تی ته‌واو کردووه‌ و دوو ساڵی تریش به‌نایاسایی بۆ درێژ کرایه‌وه‌ له‌ (٣٠) حوزه‌یرانی (٢٠١٣) که‌له‌لایه‌ن هه‌ردوو فراکسیۆنه‌کانی زه‌رد و سه‌وزی ناو لیستی کوردستانی و فراکسیۆنه‌ که‌مینه‌و گوێڕایه‌ڵه‌کانی ده‌سه‌ڵات له‌په‌رله‌مان ده‌نگی له‌سه‌ردرا، ئه‌و کاره‌ نایاساییه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا چ له‌لایه‌ن نوسه‌ران و ڕۆشنبیران چ له‌لایه‌ن سێ حزبه‌که‌ی ئۆپۆزسیۆن ، بوو به‌ مانشێت و سه‌ردێڕی هه‌واڵی ڕاگه‌یاندنه‌کان،که‌ له‌وێ ڕۆژێوه‌ کێشه‌کان سه‌ریان هه‌ڵدا و ئه‌م کورسیه‌ بوو به‌ نه‌هامه‌تیه‌کی گه‌وره‌ بۆ هه‌مووان.
ماوه‌ی ساڵێکیشه‌ کێشه‌کان قوڵتربوونه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و کورسیه‌ به‌تایبه‌تی دوای کۆتای هاتنی دووساڵه‌که‌ په‌رله‌مانی کوردستان هه‌وڵیدا به‌پێی یاسا چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزێته‌وه‌ به‌ڵام ( پ د ک ) سوربوو له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی بارزانی و به‌خۆشیان ئاماده‌ی ده‌ست به‌رداری کورسیه‌که‌ نه‌بوون ، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌وڵیاندا له‌ده‌ره‌وه‌ی یاسا به‌هه‌وڵی دیوه‌خان و خێڵ ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کاندا بکه‌ن ، به‌زنجیره‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌ک به‌ناوی سازان که‌دواجار به‌بێ ئه‌نجام کۆتایی پێ هات له‌ (٨) ئۆکتۆبه‌ری ساڵی پار، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ په‌نابردن بۆ ووڵاته‌ زلهێزه‌کان و نێوانگریان بۆ دۆخه‌که‌ به‌ڵام چاره‌سه‌ر نه‌بوو له‌به‌ر سێ هۆکار.
١- ده‌ست به‌ردار نه‌بوونی بارزانی له‌پۆسته‌که‌ی و سوربوونی پارته‌که‌ی به‌گشتی له‌سه‌ر پۆستی بارزانی .
٢- به‌هۆی سوربوونی گۆڕان و کۆمه‌ڵ له‌سه‌ر پێشێل نه‌کردنی یاسا و به‌رگریکردن له‌ سه‌روه‌ریه‌کان و دامه‌زراوه‌ شه‌رعیه‌کان.
٣- به‌هۆی یه‌کلانه‌بوونه‌وه‌ی یه‌کیه‌تی و یه‌کگرتوو له‌سه‌ر ڕایه‌ک ئه‌ویش له‌به‌ر دوو هۆکار یه‌که‌م له‌به‌ر هاوبه‌شیان و ترس له‌ پێگه‌و داهات و سیاسه‌تی پێکه‌وه‌ییان ده‌ستیان له‌پارتی به‌رنه‌دا تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێ، دووه‌م له‌به‌ر ترسی پێگه‌ی جه‌ماوه‌ریان له‌سه‌ر لاته‌نیشت له‌گه‌ڵ ڕاکه‌ی هه‌موارکردنه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆکایه‌تیدا بوون ، به‌م جۆره‌ش دۆخه‌که‌ به‌رده‌وامی کێشا تا ئه‌مڕۆ.
له‌ ئه‌نجامدا کوردستان توشی کۆمه‌ڵێک قه‌یران و کێشه‌و گیر و گرفت بوویه‌وه‌ هه‌ر له‌ قه‌یرانی یاسایی و ئیداری دارایی، که‌ له‌هه‌موویان گه‌وره‌تر قه‌یرانی داراییه‌ که‌ په‌یوه‌ندی به‌ ژیانی هه‌موو تاکێکی کۆمه‌ڵگه‌وه‌ هه‌یه‌، که‌ که‌م ئه‌ندام و که‌س و کاری شه‌هیدان و مناڵی شیره‌خۆر و پیر و په‌ککه‌وته‌ باجی ئه‌و کورسیه‌ ئه‌ده‌ن، چونکه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ شتێک نیه‌ به‌ناوی قه‌یرانی دارایی به‌پێی لێدوانه‌کانی سه‌رۆکی حکومه‌ت و وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌کان بێت به‌ڕوونی ده‌رده‌که‌وێ که‌ له‌کۆتایی (٢٠١٤) دا گووتیان هه‌رێم بۆ سه‌ری ساڵی (٢٠١٥) هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئه‌بێته‌ (٦٠٠) هه‌زار به‌رمیل له‌ڕۆژێکدا، پێویستیمان به‌ به‌غدا نابێ ئه‌بینه‌ خاوه‌نی ئابووری سه‌ربه‌خۆ زۆری تریش، به‌ڵام دواجار له‌ دوا لێدوانی وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌کان به‌ئاشکرا ده‌رده‌که‌وێ که‌ قه‌یرانه‌که‌ ده‌ستکرده‌ له‌لایه‌ن پارتیه‌وه‌ دروستکراوه‌ له‌پێناو کورسیه‌که‌ی بارزانی، جگه‌ له‌مه‌ هه‌موو تاکێکی ئه‌و هه‌رێمه‌ ئه‌وه‌ ئه‌زانێ که‌ داهات هه‌یه‌و زۆریشه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ سیاسه‌تی برسیکردنه‌ بۆ ناچارکردنی به‌رامبه‌ر و چۆک پێ دادان، وه‌ک چۆن له‌و پێناوه‌ په‌رله‌مانیان په‌کخست و حکومه‌تیان ئیفلیج کرد ، که‌ ماوه‌ی ساڵێکه‌ له‌بۆشایی یاسایی و ئیداریداین، ماوه‌ی ساڵێکیشه‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کوردستان قوربانی کورسیه‌که‌ی بارزانین و له‌‌و پێناوه‌دا هاوڵاتیه‌ هه‌ره‌ هه‌ژاره‌کان باجی ئه‌و کورسیه‌ ئه‌ده‌ن .
له‌کۆتایدا ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین زیاتر له‌ چوار ملیۆن که‌س قوربانی چوارتای کورسیه‌که‌ی بارزانین، زیاتر له‌ چل ملیۆن کوردیش شه‌رمه‌زار و له‌که‌داری چوار پای کورسیه‌که‌ی ئه‌ون، چونکه‌ هه‌موو دونیا ئه‌وه‌ ئه‌زانێ که‌ له‌پێناوچی ئێمه‌ ناکۆکین و په‌رله‌مانمان په‌کخستووه‌ و هاوڵاتیان برسی ئه‌کرێن، ئه‌وکاره‌ش کاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر پێگه‌ و داوای نه‌ته‌وه‌یه‌ک له‌ ناو ووڵاتانی دونیا و له‌ڕووی نێوده‌وه‌ڵتی زیان له‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی کورد ئه‌دا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە