کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان قوربانی سه‌روه‌ری یاسایه‌

Thursday, 27/10/2016, 2:39


له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک تێبینیم له‌سه‌ر ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام جێی ده‌ست خۆشی و دڵ خۆشیه‌ که‌ به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی یاسایی خۆی به‌ میکانیزمه‌ یاساییه‌کان، ڕاسته‌ لایه‌نی به‌رامبه‌ر گوێ به‌و میکانیزمه‌ مه‌ده‌نی و یاساییانه‌ نادات، هێزی سه‌ربازی هه‌یه‌ و به‌کاری ده‌هێنێ و خۆی له‌سه‌روی هه‌موو یاسایه‌که‌وه‌ ئه‌بینێ و هیچ حسابێک بۆ ده‌نگی هاوڵاتیان و یاسا و دامه‌زراوه‌ شه‌رعیه‌کان ناکات، نه‌ هاوڵاتیانی کوردستانیش له‌ ئێستادا له‌و کرده‌یه‌ مه‌ده‌نی و یاساییانه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان تێده‌گه‌ن، چونکه‌ ئێمه‌ وا فێرکراوین هێزی چه‌کدارت نه‌بێ که‌س گوێت لێ ناگرێ و سه‌رکه‌وتوو نابی.
به‌ڵام بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بێ ترس له‌ فشاره سه‌ربازی و کرده‌ییه‌کانی لایه‌نی به‌رامبه‌ر که‌ (پ د ک) ه‌ وه‌بێ گوێدان به‌ فشاری هه‌ڵسوڕاو و گۆڕان خوازه‌کانی به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر میکانیزمه‌کانی بزووتنه‌وه‌که‌ بۆ سه‌روه‌ربوونی یاسا و به‌ دامه‌زراوه‌ی کردنی دام و ده‌زگاکانی حکومی، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش زۆرترین باجی داوه‌.
بێ گومان بۆ چه‌سپاندنی بنه‌ما یاساییه‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستان خه‌باتێکی درێژخایه‌نی ده‌وێ چونگه‌ عه‌قڵی حکومداری سه‌رکرده‌کانمان ئێستاش له‌شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو چه‌ق به‌ست و وه‌ستاوه‌ ، هه‌ر به‌و عه‌قڵیه‌ته‌ش کۆمه‌ڵگا په‌روه‌رده‌ کراوه‌ ده‌کرێ .
گه‌ر بێین باس له‌ هه‌وڵه‌کانی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ بکه‌ین هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دروست بوونی به‌شێوه‌ی بزووتنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری مه‌ده‌نی دروست بوو بێ ملیشیا ، دواتر په‌رله‌مانی له‌خه‌وی غه‌فڵه‌ت خه‌به‌ردار کرده‌وه‌‌ و ئه‌رکی ڕاسته‌قینه‌ی په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتارانی ده‌رخست، ژیانی به‌به‌ر په‌رله‌ماندا کرده‌وه‌، وه‌ ئه‌دایه‌کی جوانی ئۆپۆزسۆنێکی مه‌ده‌نیانه‌ی کرد به‌هاوکاری دوو حزبه‌ ئیسلامیه‌که‌، وه‌ هاوڵاتیانی هه‌رێمی کوردستانی ووشیار کرده‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌رک و مافدا، هه‌رچه‌ند لێره‌دا من کۆمه‌ڵێک تێبینیم هه‌بوو له‌ تیژ کردن و به‌هه‌ڵه‌ تێگه‌یاندنی هاوڵاتیان له‌به‌رامبه‌ر هه‌ندێک له‌ دابه‌شکردن و ده‌رخستنه‌‌ داراییه‌کان که‌دواجار خۆشی پێی جێبه‌جێ نابێ، به‌ڵام هیچ جوڵانه‌وه‌یه‌ک و بزووتنه‌وه‌یه‌ک بێ که‌موکوڕی نابێ گرنگ به‌رده‌وامیه‌ له‌سه‌ر میکانیزمه‌کان و ڕاستگۆییه‌ له‌گه‌ڵ دروشمه‌کان.
له‌باسی ناڕه‌زایه‌تیه‌کان و خۆپیشاندانه‌کان که‌ له‌ (١٧) ی شوباتی (٢٠١١) دا ڕۆژانی دوایی و ساڵانی دوای ڕویدا که‌ له‌وباره‌وه‌ دوولایه‌نه‌ گله‌ییه‌کی زۆر له‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ ده‌کرێ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و حزبه‌ پاوان خوازه‌کان بۆ چه‌واشه‌کاری ده‌یانگووت ئه‌وانه‌ ئاژاوه‌گێڕن ئه‌یانه‌وێ هه‌رێمی کوردستان بشێوێنن ئه‌و ئه‌زموونه‌مان لێ تێکبده‌ن، که‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ترس له‌ پێگه‌و داهات و ده‌سه‌ڵاتی خۆیان شتێکی تر نه‌بوو، له‌لایه‌کی تر هاوڵاتیانیش گله‌یی ئه‌وه‌یان له‌ ئۆپۆزسیۆن به‌گشتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌تایبه‌تی هه‌بوو که‌ پێش جه‌ماوه‌ر ناکه‌ون بۆ ڕاماڵینی ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ و خۆسه‌پێن، بێ ئاگا له‌وه‌ی که‌ خه‌باتی مه‌ده‌نی ڕاسته‌قینه‌ به‌و شێوه‌یه‌و پشوو درێژیه‌کی زۆری ده‌وێ.
له‌دوای هه‌ڵبژاردنی (٢٠١٣/٩/٢١) که‌ به‌دروشمی به‌ره‌و به‌شداریمان له‌حکومه‌ت و چوار ساڵی ئارامی بۆ هه‌رێمی کوردستان، به‌شداریان کرد له‌ حکومه‌ت، به‌ڵام بێ ئاگا له‌وه‌ی پارتی له‌پێشدا پلانی بۆ ناشیرنکردن و له‌باربردنی هه‌وڵه‌کانی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ و ئۆپۆزسیۆن به‌گشتی داناوه‌ گه‌ر پلانه‌که‌ی بزووتنه‌وه‌که‌ سه‌ری گرتبا چوار ساڵی ئۆپۆزسیۆنی ڕاسته‌قینه‌ و چوارساڵی به‌شداری کارای حکومه‌ت و هێنانی ئارامی بۆ خه‌ڵکی کوردستان و چاکسازی له‌ دام و ده‌زگاکان و به‌دامه‌زراوه‌یی کردنیان وه‌ پێداچوونه‌وه‌ و نوسینه‌وه‌ی ده‌ستور و یاسای سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم له‌لایه‌ن په‌رله‌مان و لیژنه‌ (٢١) که‌سیه‌که‌ بڤه‌یه‌کی تربوو که‌ گه‌وره‌ترین قوربانی له‌پێناودا، ئه‌ویش ڕێگری کردن له‌سه‌رۆکی په‌رله‌مان بوو له‌ (١٢) ئۆکتۆبه‌ری ساڵی (٢٠١٥) دواجار ده‌رکردنی وه‌زیره‌کانی که‌ ئێستاشی له‌گه‌ڵ دابێ کوردستان له‌و بۆشاییه‌ یاسایی و ئیداریه‌دا گوزه‌ر ده‌کا که‌ بۆته‌ به‌شێک له‌ قه‌یرانه‌کان.
قوربانیه‌کی تری بزووتنه‌وه‌که‌ به‌شداری نه‌کردنی ڕێکخه‌ر و سه‌رکرده‌ دیاره‌کانیه‌تی له‌ شه‌ڕی دژ به‌داعش وه‌ک ملیشیا، هه‌رچه‌ند له‌وه‌شدا ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه‌ی زۆر بووته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ بێ گوێدانه‌ پڕوپاگه‌نده‌و موزایه‌ده‌ سیاسیه‌کانی لایه‌نی به‌رامبه‌ر و ڕکابه‌ره‌که‌ی، وه‌ بێ گوێدان به‌ گله‌یی هه‌ڵسوڕاو و گۆڕان خوازه‌ شه‌ق وه‌شێنه‌کانی که‌ هه‌ندێک که‌س بۆیه‌ دڵی به‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ خۆس بوو که‌ شه‌ق وه‌شێنی هه‌یه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و سوربوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌بێ هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان هێزێکی نیشتمانی بێت و دووربێ له‌ فه‌رمانی حزبی و که‌سی له‌کاتێکدا وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌شی له‌به‌رده‌ستدابوو به‌ڵام ئاماده‌ نه‌بوو به‌ناوی حزب هێزی زیاتر بکاته‌وه‌ وه‌ دوای ده‌رکردنی وه‌زیریش ئاماده‌ نه‌بوو به‌هیچ شێوه‌یه‌ک وه‌ک ملیشیای حزبی هێز دروست بکات بۆ به‌شداری له‌ جه‌نگ ، له‌و پێناوه‌ش قوربانی زۆریدا له‌ توڕه‌بوونی ئه‌ندامانی و دوورکه‌وتنه‌وه‌یان.
له‌ پێکهێنانی حکومه‌تی خۆجێیی شاری سلێمانی له‌کاتێکدا استحقاقی خۆیی بوو بۆ وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگار به‌ڵام لێره‌دا که‌وته‌ هه‌ڵه‌وه‌ هه‌رچه‌ند ئه‌و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی شاره‌که‌ ڕێکه‌وتنی دووساڵ به‌دووساڵی له‌گه‌ڵ یه‌کیه‌تیدا کرد به‌ڵام که‌وته‌ ته‌ڵه‌ی دووفاقی و فێڵه‌ ته‌ڵه‌که‌ بازیه‌کانی ئه‌و حزبه‌، دواجار له‌وه‌ر گرتنی پۆستی پارێزگار بۆ (دکتۆر هه‌ڤاڵ ئه‌بوبکر ) له‌دوو ساڵی کۆتایی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه‌ی زۆری هه‌ڵسوڕاوانی بوویه‌وه‌ به‌ڵام ئه‌و سوربوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی نابێ پڕۆتۆزه‌ڵی بوون به‌ پارێزگاری (د هه‌ڤاڵ ) سه‌رۆکێکی نایاسایی واژۆیی بکات چونکه‌ ئه‌وه‌ شه‌رعیه‌تدانه‌ به‌ ناشه‌رعی بوونی بارزانی، دواجار باجی ئه‌و کاره‌ یاساییه‌ی به‌قورستر وه‌رگرته‌وه‌ که‌ وه‌زیری ناوخۆ (که‌ریم سنجاری ) له‌سه‌ر پشکی پارتی واژۆی له‌سه‌ر بیریکار نامه‌که‌ی (سه‌ردار قادر) وه‌ک پارێزگاری سلێمانی به‌ وه‌کاله‌ت نه‌کرد نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ هه‌رچی نوسراوی پارێزگای سلێمانیه‌ به‌ ئیمزای (سه‌ردار قادر )وه‌رنه‌ده‌گیرا و کاری له‌سه‌ر نه‌ده‌کرا له‌لایه‌ن وه‌زیره‌وه‌ بۆیه‌ یه‌کیه‌تی له‌ژێره‌وه‌ ناوی (عمر قه‌ڵادزه‌یی ) ئه‌نێرێ بۆ وه‌زاره‌ت و ئه‌کرێ به‌ بریکاری پارێزگا که‌ له‌ ئێستادا پارێزگای سلێمانی چوار پارێزگاری هه‌یه‌ ئه‌مه‌ش وه‌ک کێشه‌ دارایی و یاسایی و حکومیه‌کان گاڵته‌ کردنێکی تره‌ له‌لایه‌ن پارتی که‌ به‌خه‌ڵکی کوردستان و پارێزگای سلێمانی ده‌کا .
لێره‌دا ماوه‌ته‌وه‌ بڵێیین بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان قوربانی سه‌روه‌ری یاساکانه‌ که‌ هیوادارین به‌رده‌وامبێ له‌سه‌ر میکانیزمه‌کانی با باجی زیاتریش بدات، وه‌ کوردستان و هاوڵاتیانی کوردستانیش قوربانی کورسیه‌که‌ی بارزانین له‌گه‌ڵ گه‌مه‌ سیاسیه‌کانی پارته‌که‌ی بۆ سه‌رخستنی قسه‌ی خۆیان به‌سه‌ر یاسا و دامه‌زراوه‌ شه‌رعیه‌کاندا که‌ له‌دوای ئه‌م ووتاره‌م ووتارێکی ترم ده‌بێ له‌وباره‌وه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە