لیوای کۆسرەت ڕەسووڵ!
Friday, 21/10/2016, 23:53
وەرن سەیرە بەرپرسان وکار بەدەستانی چارەسەرکردنی پرسی مێژوویی کورد بکەن لە باشووری ژێڕ دەستی دەسەڵاتی کورد.! ئەگەر دەڵێم پێشمەرگە بۆتە / گلادیاتۆڕ / پێم پێدەکەنن. وادیارە بەرپرسانی مفتە خۆری ئەو دەوەرە لە نیشتمان وخوێنی شەهید پیرۆزترن. دەنا چوون دەبێ کابرایەکی شڕوشەوێق ولە رەسمە دەرهاتوویەکی وەک کۆسرەت رەسووڵ / لیوای / تایبەتی خۆی هەبێ. منداڵە هەژاری کورد بە نان ودۆی دایکوبابی مەزن دەبێ، کە چی بوو بە گەنجێکی خێر نەدیتوولە سەر ناوی / پێشمەرگایەتی / دەبێتە تفەنگ بە دەستی ئەو دزانە.!
لە ٧٠ساڵی رابوردوودا تاقە سەرهەڵدانێکم بۆ ناو بەرن کە لە سەر رێبازی / شۆڕش / ورزگاریخوازی توانیبێی کێشەی کورد چارە سەر بکا ؟ ئەوەی ئێستێ هەیە بە باوەڕی من شۆڕش وسەرهەڵدانی کورد لە باکوری وڵاتە. کە بە داخەوە تاقمێک حیزب وسازمانی گوێلەمستی سەر بە داگیرکار زیاتر دژایەتیان دەکەن تا دوژمن.
دوای سەفەری ئەو جارەی مەسعودی کوڕی مەلای بۆ بەغدا وسەر شۆڕکردنەوە بۆ داخوازیەکانی کار بە دەستانی بەغدا ئەگەر سرنج بدەنە ئاخاوتنەکانی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی کە پەیتا پەیتا دەڵێن: تورکیە دەبێ رێز لە سەروەری خاکی عێڕاق بگرێ ! بۆمان دەردەکەوێ ئەو جارەش بنەماڵە خۆفرۆشی بارزانی و تاڵەبانی زۆر بە ساکاری کێشەی کوردیان هاویشتەوە سەرکورسی کار بە دەستانی بەغدا. ئەوانیش ئەزموونێکی چاکیان هەیە لە ئاست قەڵاچۆکردنی ئەو دەسەڵاتە گەندەڵە.هەرچەندی دژی سەدامیش بووبن بەڵام رێکارەکانی قڕکردنی کورد لەو فێڕ بون !
رووڕەشێکی وەک فازیل میرانی جارێکی گووتی: بارزانی ٣٠هەزار فیدایی هەیە کە خۆی بۆ بە کوشت دەدەن.! ئەوە کۆسرەت رەسووڵیش هەر لێوای تایبەت بۆ خۆی هەیە. بێ گومان ئەوانی دیکەش هەر چەکداری تایبەت بۆ خۆیان هەیە. تاقمێک کەسانی ساویلکەش لە بەر هەست وسۆزی ناوی / پێشمەرگە وپێشمەرگایەتی ونیشتمان وئاڵاو سروودی ئەی رەقیب / وادەزانن چەکی رزگاریان لە شاندایە. سەیر ئەوەیە زۆرینەی ئەوانەی کە شەهید دەبن هەر لە ریزی ئەو کەسانەدان.!
بێ بەختی نەتەوەکەشمان لەوە دایە وادەزانێ هەر حیزبێک چەکداری زۆر بوو بە هێزە!
دوای لاوازبوونی داعش لە عێڕاق وسوریە دەوڵەتی ناوەندی بەغدا بە هاوکاری تورکیە وئێڕان بە شێوەیەکی نوێ ساڵی ١٩٧٥ مان بۆ دووپات دەکەنەوە. بەو واتایە ریزێک پێشنیار دەخەنە بەر دەستی کوڕی مەلای و پێی دەڵێن ئەوەی ئێمە پێت دیکتە دەکەین دەبێ قەبوڵی بکەی. سەرەتا زۆر هاسان هێزی پێشمەرگەیان لێ جودا دەکەنەوە. دەڵێن ئێوە یان عێراقین یان بڕۆن دەوڵەتی کوردی رابگەیەنن. چون دەزانن شیاوپیاوی ئەو کارە نین ، بۆیە ئەو هێزەش دەبێ لە ژێڕ کاریگەری دەسەڵاتی بەغدا دا هەڵسوکەوت بکا. رەنگە شارۆچکەیەکی دەورووبەری هەولێر بخەنە ژێڕ کۆنتڕۆڵی بارزانی بە شیوەیەکی کاتی پێی بڵێن ،ها بۆخۆت لێرە دانیشە وببە بە شای خۆتو دەورووبەرت.لەوەش بترازێ وەک بابیشی ناتوانێ بە شەو هەڵێ و روو لە ئامریکا بکا.
راستە خاکی کوردستان بە پیلانێکی نێونەتەوەیی پارچە پارچە کراوە. لە بیرمان نەچێ بۆ خۆشمان لە نە بوونی ستڕآتیژیەکی نەتەوەیی لە هەموو بەشەکانی وڵات دووهیندەی دوژمن ودەوڵەتانی بیانی خۆمان پارچە پارچە کردوە. لە کوێی دونیادا دیتراوە لەو بارودۆخە هەستیارەدا بەرپرسانی پیروپەککەوتە / لیوای / تایبەت بە خۆیان هەبێ؟ ئەو کەسانەی کە لە سەر ناوی پێشمەرگە دەبنە چەکاداری بەرپرسان بە باوەڕی من نەک پێشمەرگە نین بەڵكوم ترسنۆکترین کەسن لە ئاست فەلسەفەی ژیان و ژیانێکی بروومەت. ئەو کەسانە ناتوانن بژیوی ژیانی خۆیان دابین بکەن دەنا بۆ بژیوی ژیانی رۆژانەیان نەدەبوونە / لیوای / کابرایەکی نەخۆش ولە کار کەوتوو.
من ئەگەر گەنج بوومایە ولە باشوور ژیابایەم حازر بووم لە برسان بمرم نەوەک ببمە چەکداری بەرپرسان کە ناوی لێوای خۆیانم لە سەر بنێن. جیاوازی ئەو کەسانە ودەگەڵ کەسانێک کە دەبێ بە ئیزنی بەرپرسێک جلوبەرگیان هەبێ یان بتوانن خواردنی رۆژانەیان دابین کەن چییە دەگەڵ کەسێکی گوێلەمست وبێ ئیرادە. سەددام نەیتوانی ئیرادەی تاکی کورد ئاوا لاواز بکا، ئەوانە بە رۆژی رووناک کردیان !
لە ماوەی ٧٠ ساڵی رابوردوودا نە لە رۆژهەڵاتی کوردستان ونە لە باشووری کوردستان هیچ بابەتێک نە بووە بە ناوی شۆڕش وشۆڕشگێڕی بۆ رزگارکردنی نەتەوەیەکی بن دەستی وەک کورد. یان شێخ ومەلا یان بنە ماڵە یان دەرەبەگ وبازەرگان جڵەوی شەڕی چەکداریان بە دەستەوە گرتوە ، بۆیە تا ئێرە هیچ بەرهەمێکی نیشتمانی نەتەوەییان بۆ کورد مسوگەر نەکردوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست