پارتى بۆ دژایەتى قادر عزیز دەکات؟
Tuesday, 18/10/2016, 10:10
لەکاتێکى زۆر هەستیار و مێژویى وەک ئێستا، دوژمنانى کورد خەریکى پیلانگێڕین لەسەر کوردستان، شەڕى داعش هەرچەند لەکۆتاییە بەڵام هێشتابەردەوامە وەک دیاریەکى دەستى ئەردۆغانى هاوڕێ و هاوکارى پارتى، لەلایەکیترەوە بەهۆى سیاسەتى هەڵەى سەربەخۆى فرۆشتنى نەوت کەپارتى ئەندازیارەکەیەتى خەڵک و موچەخۆرانى هەرێمى کوردستان لەوپەڕى هەژارى دەژین، هێشتا خوشک و براکانمان دایک و باوکانمان لە ئێزدیەکان کەئەویش پارتى وەک دیاریەک بەخشى بە دڕندەکانى داعش شەوان سوکایەتى بەکەرامەتیان دەکرێت، سوپاى داگیرکارى تورکى دوژمنى سەرسەختى کورد لەسەر داواى پارتى لەخاکى هەرێمى کوردستان و عیراق بەردەوامن لەسەر داگیرکاریەکانیان، لەدواى خیانەتەکانى 31ى ئاب و هێنانى تورکیا بۆ شەڕى ناوخۆ و کودەتاکەى پارساڵ بەسەر پەڕلەماندا و سوکایەتى کردن و دواجار دەرکردنى لەهەولێر بە پێشمەرگە لەکەسایەتى کاکە (هێمن بنەسڵاوەیى)دا، دوژمنایەتى کردنى گەلى کورد لەباکورى کوردستان و شۆڕشى ڕۆژئاوادا هتد....
سەربارى ئەم هەموو شکست و خیانەتە، پارتى بەردەوام باس لەیەکێتى نەتەوەیى و یەکڕى لە هێز و لایەنەسیاسیەکان دەکات، لەکاتێکدا ئەوەى هەوڵى تێکدانى یەکێتى نەتەوەیى و یەکڕیزى کورد دەدات تەنها خودى پارتى خۆیەتى،سەرکردەکانى پارتى و کەناڵى ڕووداو وەک ئەوەى نەبایان دیبێ و نەبۆران، هەمیشە دوژمنایەتى سەرسەختى کەسانى شۆڕشگێڕ و خاوەن ڕابردوى پاک و دڵسۆزى کورد بونە، بۆئەم مەبەستەش چیان لەدەست هاتبێت کردویانە.
هەرسێ تیمى (حکومەت و پەڕلەمان و حزبى)، پارتى باهەوڵى ڕاستکردنەوە و چاکردنى ئەوکارە نەشیاوانەبدەن کەلەڕابردوو کردویانە، نەک لە زمانى کەناڵى ڕووداو و على عەونیەکانەوە، دژایەتى (قادرعزیز)بکرێت و بۆچى مەبەستێک؟!!.
پارتى و سەرکردەکانى لەسەر پارە و قوتى خەڵک ژیانێکى شاهانەدەژین بێ ئەوەى بیانەوێت ئاگایان لەژیانى خەڵک بێت کەلەوپەڕى ناڕەحەتى دەژین، سەربارى ئەمەش خەریکى قوڵکردنەوەى ناکۆکى و دووبەرەکى و هۆنینەوەى درۆى بێبنەما و ناشیرنکردنى کەسایەتیەکانن، هەرچەندە قسەیەکى باو هەیە کە وەک نوکتەیەک زۆرجار بەنمونە لە کوردستان باسى نێو خەڵکە دەڵێ" خۆشبەختترین کەس ئەو کەسەیە کە پارتى دژایەتى بکات!!".
ئۆڤەرێک بۆ پارتى
بەخاترى ناسکى دۆخەکە و بەلەبەرچاوگرتنى هەلومەرجى ناڕێکى ژیانى خەڵک بەهۆى قەیرانى دارایى و نەبونى موچە و شەڕى داعشەوە، نامانەوێت بکەوینە شەڕێکى میدیایى و خەڵک سەرقاڵ بکەین بەخۆمانەوە، هیوادارین ئەم دژایەتیە تەنها بۆچونى شەخسى نمونەى وەک على عەونى بن نەک دژایەتى ڕێکخراوەیى حزبى پارتى، گەرنا بەچەند بەشێک باس لە ڕاستى و دروستى ئەو ڕووداو و بەریەککەوتنانە دەکەین کە لەپێش یەکەم هەڵبژاردنى 1992دا و چاوپێکەوتنەکانى (قادر عزیز و بارزانى) و بۆچونى جیاوازیان لەسەر سیستەمى بەڕێوەبەرى بۆ کوردستان و دواتر شەڕى ناوخۆ و بەدیاریکراوى 31ى ئاب و دەستوەردانەکانى پارتى لە دوولەتبونى حزبى زەحمەتکێشان تا ئێستا دەکەین، پێشمان خۆش نیە بچینەوە سەر ئەو ڕابردوە بەڵام بێدەنگیمان بەندە بە بێدەنگى پارتى و سەرکردەکانى و کەناڵە ڕاگەیاندنەکانى.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست