پێشمەرگە دێرینەکان بە تفەنگەوە دێنەسەر شەقامەکان
Saturday, 15/10/2016, 18:18
پیرەمێردی نەمر دەڵێت:
زۆر گوڕتان بەست و بازێکتان نەدا
بۆیە باوەڕتان پێناکەم بەخوا
------------------------
پێشمەرگە دێرینەکان بۆ حکومەت: ئەگەر کێشەی مووچەکانمان چاک نەکەن بە چەکەوە دێینە سەر جادە.
ماوەیەکە پێشمەرگە قەدیمەکان بەیان دوای بەیان دەر دەکەن، هەڕەشە دوای هەڕەشەش دەکەن، لە دوایشدا هیچ ڕوونادات، هەر لەبەر ئەوەی سەرۆکە قەشمەرەکەیان چووە بۆ لای مەسعود و گفتی لەو خاینە قەدیمە وەرگرتووە، کە موچە ی پێشمەرگە قەدیمەکان چارەسەربکات..
خۆزگە پیشمەرگایەتی وەک یاری مار و پەیژە وابوایە، ئەوەی تەسلیم بوایەتەوە ئیتر ناوی پێشمەرگەی پێوە نەلکایە و ئەگەر بیویستایە ببێتەوە بەپێشمەرگە لە سەرەتاوە دەستی پێبکردایەتەوە وەک چۆن یاری مارو پەیژە دەکەیت.
من لەناو پێشمەرگە قەدیمەکاندا خەڵکانم دیوە لە ساڵی ١٩٨١دا هاوەنی هەرێمی پێنجی هێنابوو، ئێستا سەرو سمێڵی رەش کردۆتەوە و داوای موچەی خانەنشینی دەکات.
پێشمەرگە قەدیمەکان بە بەر چاویانەوە ٢٥ساڵە نیشتمانێک ئەتک دەکرێت، ١٥ساڵە ژێرزەمینی نیشتمان تاڵان دەکرێت، ئەم پێشمەرگە قەدیمانە قسە ناکەم، بەڵام ئیستا چونکە موچە وشکی کردووە، بۆ خۆیان هاواریان لێهەڵساوە، لەدوای چۆڵکردنی بەعسەوە لە هەرێم خەڵک دەکوژرێت، ژن سوکایەتی پێدەکرێت و لە سەر ناموس بەدەستی بێناموسەکان ئەتک دەکرێت، پێشمەرگە قەدیمەکان هیچیان نییە بۆ ووتن.هەرێم پڕکراوە لە سەلەفی و ئیتلاعات و میت و موخابەراتی جیهانی، کەچی ئەم قەدیمانە دەترەقێنەوە و شەوی سیتەک و سەیران و سەفای ناو باخی بەرپرسەکان جێگەیانە و مەی نۆش دەکەن.
قەدیمەکان لەدوای ڕاپەڕینەوە هاوشانی جاش و تەواری ئیستخبارات و فایلدارەکان زەویان وەردەگرت و پلە و پایەی خۆیان گەورە دەکردو لە ڕیزی موچەخۆری خانەنشینەجاشيکاندا دەوەستان و پێیان سوکایەتی نەبوو قبوڵیان بوو، ئێستاش گەر دەسەڵات دەست بکاتەوە بەدانی موچە قەدیمەکان هیچ ناڵێن، چونکە قەدیم بوون و کەس گوێیان لێناگرێت.
جا تکایە پێشمەرگەکان ئەم بێڕێزییە واز لێبێنن، گەر ئێوە ڕێز لەخۆتان ناگرن، ئەوە لایەنی کەم ڕێز لەتاکتیکی سەربازی بگرن، چونکە ئەوەی ڕۆژێک پێشمەرگایەتی کردبێت، دەزانێ ئێمە هەواڵمان نەناردوە بۆ ڕەبایەیەک سەربازخانەیەک، جاشێک ئەمنێک کە دێینە سەری بەچەکەوە.بەڵکو هەموو پلانەکان لەنادیاردا بوون.
ئێستا شەهیدەکان چەند خەم دەخۆن بەم هەڕەشە منداڵانەتان کە زیاتر لەهەڕەشەی هەرزەیەک دەچێت و هیچتان لەباردا نییە.
مرۆڤ بۆ ئەوەی خاوەنی ڕووانگەیەکی قوڵتر بێت، دەبێت بوێر بێت، بوێری مانای ئەوە نییە قسە بکەیت، مانای کردارە، لە کتێبی "ئۆقیانوسێک لە تاواندا لە ڕانیە، هاوپیشەیەکتان واتە پێشمەرگەیەک ژنەکەی دەبات بۆ خەڵک، لەم ڕۆژانەشدا دێرینێکی تر لە تاو قەرزاری خۆی دەکوژێت، ئەمە چ سەمەرەیەکە شۆرشگێڕ خۆی بکوژێت.وەرنە سەر شەقامەکان، بەجلی سەربازیی عێراو و قوات خاسەکانی جارانەوە نا، شەقامەکان بۆ خۆ ئێوە خۆڵ و خاش کۆناکەنەوە گەر ڕاست دەکەن بچنە سەر ماڵە بەرپرسەکان ئەوانەی لەگەڵیاندا وێنەدەگرن و نێرگەلە دەکێشن.
پێشمەرگە دێرینەکان بۆ حکومەت: (کێشەی مووچەکانمان چاک نەکەن بە چەکەوە دێینە سەر جادە)
هەموو شتێک کە ووتت مانای وایە ناتوانی بیکەیت، بۆیە دەیلێیت وادەکەم، پاشان بە کامە تفەنگەوە دێنە سەر شەقامەکان ؟ ئەو تفەنگەی لەبەردەرکی سەرادا لەڕۆژەکانی دوای ١٧ی شوباتەوە سەرکوتی هاو شارییکەکانتان پێدەکرد ؟
نازانم چەندتان پێشمەرگەبوون ؟ بەڵام دەسەڵات وا کارتەکانی تێکەڵ کردووە، ئەو هەموو ئەفسانایانەی لە چیرۆکی خۆش دەچوون بۆ کەسایەتی پێشمەرگە، تێکو پێکیان دا، تا ئێوە لە کڕوزانەوەیەکدا بۆ موچە، وەک منداڵ بۆ یارییەک بگرین، من ئێستا شەرم لەو مێژووە دەکەم کە ئێوە گەر بەڕاست پێشمەرگە بوبن هاو سەفەرتان بووم.
ئێوەی پێشمەرگەی قەدیم کە بێدەنگ بوون لەخیانەتی شەنگال و نەڕژانە سەر شەقامەکان شەرمە بۆ موچە ئەو هەڵایە دەکەن، بڕۆنەوە گوندەکان ئاوەدان بکەنەوە و کەرامەت بۆ خۆتان و تاک بە تاکیش بگەڕێننەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست