لە شاری رۆشنبیرییەوە بۆ شاری شەڕە چەقۆ
Saturday, 19/06/2021, 16:53
1191 بینراوە
کارنامەی دوو بنەماڵەی چەتە و ڕێگری نیشتمان لە ماوەی ئەو سی ساڵەدا هیچ دەرفەتێکی ئەرێنی تێدا بەدی ناکرێ.
لە سەردەمی سەددامیشدا سیستمی پەروەردە و ڕاهێنان تێكەڵاوی ئیدۆلۆژیای حیزبی بەعس کرابوو! هەرکەس دژی بەعس بوایە سەرکوت دەکرا! دوای سەددام و حیزبی بەعس، پارتیی و یەکێتیی کۆمەڵگایان زیاتر بەرەو وێرانی برد. ئەمڕۆ شیرازەی سیستەمی وڵات دوو بنەماڵە بەڕیوەی دەبات، خوێندن و تەندروستی کە کۆڵەکەیەکی قاییمی کۆمەڵگایە وەها لە بەر یەک پچڕاوە هیچ کەس تێێدا متمانەی بە کەس نەماوە.
لە هەر کۆمەڵگایەکدا خەڵک فێڕنەکرێ لەگەڵ یەکتر بە تووێژ و دیالۆگ کێشەکان چارەسەر بکات، ئەو کۆمەڵگایە وێنەی دارستانی لێدێ کە مرۆڤەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان کەڵک لە تووند و تیژیی وەردەگرن. چون بە ڕێگایەکی هاسانی دەزانن! بکوژە تا قسەت وەربگرن! دەست بۆچەک بەرە تا لایەنەکەی دیکە حیسابت بۆ بکات!
لە وەها کۆمەڵگایەکدا، کە گەورە و بەرپرسیی ئەو وڵاتە بۆ خۆی زمان شڕ و بکوژ و دەست بەتفەنگ بوو، خەڵكی ئاساییش رێک هەمان ڕێباز رەچاو دەکات! بۆ نموونە: مەلامستەفای بارزانی کەسێکی زارپیس ودەم بە جنێو بووە، لە کوشتنی مرۆڤەکانیشدا پلەی یەکەمی هەبووە. شاگردەکانیشی کە دەبنە کوڕ و کوڕەزا و نەوەکانی هەر هەمان رێچکەیان گرتووە! کە چییان بە سەر جوگرافیای کوردستان و مێشکی تاکی کورددا هێناوە. ئەوان مانەوەی خۆیان لە شەڕ و ئاڵؤزیی وکوشت و کوشتاردا دەبیننەوە.
ژنکوشتن، دزی، درۆ، نەبونی یاسا، کۆمەڵگایەکی وێران وداڕوخاو، تاکێکی شێواو و کەمتەرخەم، زانکۆیەکی دەست بەسەرداگرتوو! داهاتوویەکی نادیار و پڕ لە پرسیار ئەو بەشە لە وڵات بەرەو وێڕانی دەبا. خەڵک فێری دیالۆگ ناکات. دەسەڵاتیک کە نەتوانێ تاکی کورد فێڕ بکات کە داوای (لێبووردن) لە لایەنی بەرانبەری بکات، پێچەوانەکەی دەکات ئەویش یان دەست بۆ چەک دەبات، یان دەست دەداتە چەقۆ! ئەوەتا سلێمانی کە جەلال تالەبانی زۆر جار ناوی دەهێنا و دەیگوت کە شاری رۆشنبیرانە، ئەو سیاسەتەی ئەو وای کرد ئەمڕۆ سلێمانی بووە بە شاری شەڕەچەقۆ.