کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دز كه‌ جارێكت تاقی كرده‌وه‌ ـ مه‌یخه‌ره‌وه‌ سه‌ر كارو كرده‌وه‌

Tuesday, 11/10/2016, 18:26


په‌یامێك بۆ مامۆستایانی كوردستان
مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی خۆشه‌ویست، مانگرتن و خۆپیشاندانی ئێوه‌ زۆر باشتره‌ له‌ بێده‌نگی و ته‌سلیمبوون به‌ ئه‌مری واقیع، ئه‌وه‌ی ئێوه‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر زه‌ڕه‌یه‌ك شعور له‌ مێشكی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمدا هه‌بوایه‌، ده‌بوو نه‌ك ده‌ست له‌كار بكێشنه‌وه‌، به‌ڵكو ده‌بوو سه‌ری لووتی خۆیان ره‌ش بكردایه‌و كوردستانیان جێهێشتایه‌ و به‌راشكاوی بیانگوتایه‌ (كاری ئێمه‌ كۆتایی هات و فه‌شه‌لمان هێنا له‌ به‌ڕێوه‌بردنی كوردستان) به‌ڵام ئایا چاوچنۆك تێرخواردنی هه‌یه‌؟ بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌م په‌نده‌ی پیره‌مێردی نه‌مر بۆ ئه‌مڕۆ بكه‌ین به‌ په‌ند و سودی لێوه‌ربگرین: 
دز كه‌ جارێكت تاقی كرده‌وه‌ ـ مه‌یخه‌ره‌وه‌ سه‌ر كارو كرده‌وه‌
لێره‌دا ئه‌م په‌یامه‌ی ئێمه‌ له‌ چه‌ند خاڵێكدا كورت ده‌كه‌ینه‌وه‌:
1ـ پێویسته‌ مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران داخوازیه‌كانیان چڕنه‌كه‌نه‌وه‌ ته‌نها بۆپێدانی موچه، راسته‌ موچه‌و ژیان و نان له‌سه‌رو هه‌موو شتێكه‌وه‌یه‌، به‌ڵام كورتكردنه‌وه‌ی ئه‌م داخوازیه‌ ته‌نها بۆ موچه‌ ترسناكیه‌كه‌ی له‌وه‌دایه‌ كه‌ برسی كردن هه‌وڵێكی ناشرینی به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراوه‌ بۆ له‌ بیربردنه‌وه‌ی ئازادی، بۆ بره‌ودان به‌حوكمی دیوه‌خان، بۆ نابووتكردنی دامه‌زراوه‌ شه‌رعیه‌كانه‌، بۆ له‌بیربردنه‌وه‌ی چاكسازییه‌ له‌ هه‌موو دام و ده‌زگاكانی هه‌رێم، هاوكاتیش بۆ قایمكردنی پێچكه‌كانی دیكتاتۆیه‌ته‌‌ له‌كوردستان، ئه‌م بارودۆخه‌ ناله‌باره‌ وای له‌خه‌ڵك به‌گشتی و مامۆستایان وفه‌رمانبه‌ران به‌تایبه‌تی كرد كه‌ بڵێن به‌س موچه‌مان به‌رێ هیچی ترمان ناوێ، كێ كوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌بات با به‌ڕێوه‌ی ببات گرنگ نیه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دابین بكات، خه‌ته‌ری ئه‌م بیرورایه‌ له‌وه‌دایه‌ كه ئه‌و یه‌ك دوو كه‌سه‌ی كه‌ چاره‌نووسی هه‌رێمیان له‌به‌رده‌سته‌ ئه‌وه‌نده‌ی تر بناغه‌ی دیكتاتۆریه‌ت داده‌كوتن و كوردستان به‌ دارو به‌ردا بده‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌م وڵات تێكی بده‌ن و له‌گه‌ڵ ئه‌ولا رێكه‌وتن بكه‌ن،‌ ئیتر نابێت كه‌س نوزه‌ی لێوه‌ بێت، چونكه‌ داواكاری ته‌نها بۆ موچه‌یه، به‌كورتی ده‌بێت خۆپیشاندان و مانگرتن بۆ موئه‌سه‌سات كردنی كوردستان بێت، نابێت ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ستی یه‌ك دوو كه‌سێكدا كۆببێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و یه‌ك دوو كه‌سه‌ سوێندیشبخۆن كه‌پاره‌ نیه‌ كه‌س باوه‌ڕیان پێ ناكات، چونكه‌ ده‌سه‌ڵات و هه‌موو شتێ لای خۆیانه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات شۆڕبێته‌وه‌ بۆ دام و ده‌زگا شه‌رعی و هه‌ڵبژێردراوه‌كان ئه‌وا شه‌فافیه‌ت به‌رقه‌رار ده‌بێ و ده‌نگی ناره‌زایی كه‌م ده‌بێته‌وه‌ و قه‌ناعه‌ت لای خه‌ڵكی دروستده‌كات. 
2ـ كه‌ باسی خوپیشاندان و ناڕه‌زایی دێته‌ پێشه‌وه‌ یه‌كسه‌ر قسه‌یه‌كی باو دێته‌ پێشه‌وه‌ و ده‌وترێ (له‌سلێمانی ئازادی هه‌یه‌ و له‌ هه‌ولێر نیه‌) ئه‌و وته‌یه‌ هه‌ڵه‌یه‌ بۆچی؟ چونكه‌ ئازایه‌تی و ئازادی له‌وه‌دا نیه‌ تۆ خۆپیشاندان بكه‌یت له‌ سلێمانی و هێرش بكه‌یته‌ سه‌ر لقی چواری پارتی، ئازادی و بوێری له‌وه‌دانیه‌ له‌ سلێمانیه‌وه‌ هاواربكه‌یت بڕوخێ حكومه‌ت، یان له‌ سلێمانیه‌وه‌ داوای مافی خۆت له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌ولێر بكه‌یت، پێچه‌وانه‌كه‌شی له‌ هه‌ولێر راسته‌: ئازایه‌تی و ئازادی نیه‌ له‌ هه‌ولێر په‌لاماری گۆڕان و یه‌كێتی و حیزبه‌ ئیسلامیه‌كان بده‌یت، چونكه‌ نه‌ ئه‌و حیزبانه‌ له‌ هه‌ولێر و دهۆك ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌، نه‌ پارتیش له‌ سلێمانی ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌. كه‌واته‌ كرۆكی باسه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئازادی كاتێك له‌ سلێمانی هه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵك و مامۆستاو فه‌رمانبه‌ران بچن ئێخه‌ی مه‌ڵبه‌ند و مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی بگرن و پێیان بڵێن ئه‌گه‌ر شه‌ریك و هاوبه‌شی له‌ حكومه‌ت كوانێ شه‌فافیه‌ت و داهات؟ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتت نیه‌ بۆ ناكشێیته‌وه‌؟ یان بۆ قبوڵی ده‌كه‌یت؟ ئێمه‌ خۆمان ده‌خڵه‌تێنین پێمان بوترێ دام و ده‌زگا هه‌یه‌ بچن ئێخه‌ی دام و ده‌زگاو حكومه‌ت بگرن، نه‌خێر دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار و ناشه‌فاف هه‌یه‌و ده‌بێت خه‌ڵكی له‌ سلێمانی و گه‌رمیان و هه‌ڵه‌بجه‌و راپه‌ڕین ئێخه‌ی یه‌كێتی بگرن و له‌ هه‌ولێرو دهۆكیش ئێخه‌ی پارتی، ئه‌مه‌ هه‌م چاره‌سه‌ره‌ هه‌م ده‌رده‌كه‌وێت ئازادی له‌ كوێ هه‌یه‌؟ ئێمه‌ ده‌ڵێین له‌ هیچیان.
3ـ كاتێك حكومه‌ت له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2016 سیستمی پاشه‌كه‌وتی ناڕه‌وای راگه‌یاند و جێبه‌جێی كرد، ئه‌گه‌ر 30 رۆژ جارێك و له‌ كاتی خۆیدا ئه‌و چاره‌كه‌ موچه‌یه‌ی بدایه‌، ئه‌وا تا ته‌واوبوونی شه‌ڕی داعش و ئاسایبوونه‌وه‌ی بارودۆخی سیاسی و ئابوری، كه‌س ناڕه‌زاییه‌كی ئه‌وتۆی ده‌رنه‌ده‌بڕی، چونكه‌ ره‌چاوی بارودۆخ ده‌كرا، به‌ڵام حكومه‌ت ئه‌وه‌نده‌ی تر خۆی ناشرین كرد و هات و 90 رۆژ جارێك له‌ته‌ موچه‌یه‌كی دابه‌شكرد، ئیتر سه‌برو ته‌حه‌مولی خه‌ڵك بچڕا و خۆپیشاندان و بایكۆتی خوێندن و داخستنی فه‌رمانگه‌كانی به‌دوای خۆیدا هێنا، به‌تایبه‌تی له‌و ناوچانه‌ی كه‌ ده‌ڤه‌ری سه‌وزی پێده‌وترێ، بۆیه‌ ده‌ڤه‌ری سه‌وزی زیاتر گرتۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ ئازادی هه‌یه‌، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌كێتی حیزبی یه‌كه‌م نیه‌و به‌ره‌و حیزبی كه‌مینه‌ش هه‌نگاو ده‌نێ.
 به‌كورتی له‌م قۆناغه‌دا زه‌رمه‌ندی یه‌كه‌م خوێندكارو په‌روه‌رده‌یه‌، به‌تایبه‌تی خوێندكاری خێزانه‌ هه‌ژاره‌كان و مه‌كته‌به‌ حكومیه‌كان نه‌ك ئه‌هلیه‌كان، بۆیه‌ ئێمه‌ داوا له‌ مامۆستایانی ناڕازی و هه‌موو كه‌سێكی دڵسۆز ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی شه‌ڕی داعش له‌ كوردستان و عێراق به‌ره‌و كۆتایی ده‌ڕوات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ حیزبی حاكم به‌ره‌و به‌غدا شۆڕبووه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌ت هه‌نگاوێك هاته‌ پێشه‌وه‌ له‌به‌رخاتری مناڵه‌ چاوگه‌شه‌كان قبوڵی بكه‌ن و ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ش بده‌ن به‌ حكومه‌ت وه‌كو هه‌موو ده‌رفه‌ته‌كانی تر با له‌سه‌ر شانی كه‌ڵه‌كه‌و قورس بێت. ئه‌و كاته‌ش كه‌ داعش نه‌ما و ژیان ئاسایی بووه‌و مه‌عاش وه‌كو خۆی لێهاته‌وه‌ ئیتر پێویستمان به‌ راچڵكه‌ین وهۆشیاری زیاتره‌ و ته‌مێ كردنی ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ یاری به‌ چاره‌نووسی میلله‌ته‌وه‌ ده‌كه‌ن.‌‌‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە