حوكمداری كورد بەعەقڵی پیاوە نەخۆشەكانەوە
Friday, 30/09/2016, 8:16
ئەو ڕووبەرە بچوك و سنورە دیاری نەكراوەی هەرێم، كە هێشتا سنوری دەسەڵات و قەڵەمڕەوی دانەتاشراوە، كۆمەڵێك سەركردەی تەقلیدی كوردی تێدایە، هەرلایەنە و بەپێی زاڵبونی دەسەڵات و هێزی خۆی، حوكمی تێدا دەكات. پرسیار ئەوەیە، ئایا میللەتەكەی دەتوانن پشت بەو سەركردانەی بەستێت!؟ ئەمە لەكاتێكدا، کە زۆرجار لە تەنگانە و هەڵدێردا پشتیان لە میللەت و شۆڕش كردووەو، خۆیان لەسەر گەنجینەی مۆڵی شۆڕشەكە لە دەرەوە دوا ڕۆژەكانی تەمەنیان بەڕێ كردوە؟!
بەشێك لەو سەركردەو بەناو سیاسیانەی دوێنێ و ئیمڕۆ، بەردەوام ووشەی بریقەدارو قەبە لەبارەی چەمكەكانی حوكمداریی و دەسەڵاتداریەوە دووبارە دەكەنەوە، بەڵام ئایا هیچ تاكێك لەو سەرۆك حیزب و ئەندام و دەست ڕۆیشتوانەی خۆیان، پیادەی سادەترین بنەمەكانی دەسەڵات دارییەكی تەندروست و بێ خەوش دەكەن؟
پارلەمان
هەموو ئەو حیزبانەی كوردستان كە باسی سیستەمی پارلەمانی دەكەن، هیچ كەسێكیان لە سەرۆك حیزبەوە بۆ كەسی دووەمی حیزب، یان كەسانی بڕیاڕ بەدەست، خۆیان زۆر لەوە بەگەورەتر دەبینن كەبچن وەك ئەندام پارلەمان، ململانێی شەریفانە لەناو پارلەماندا بكەن.
كەواتا ئەوان جگە لەقسەی بۆش، لە بارەی سیستیمێكی پارلەمانی و دیموكراسییەوە، بەڵكو لەگەڵ خۆشیان ڕاستگۆنین.
هیچ كەس و لایەنێك بەوانەی بە متمانەو دەنگی پارلەمانتارانیشەوە پۆست و پلەی حوكمداریان وەرگرتوە، بچوكترین ڕەخنەی پارلەمانیان قبوڵ نییە، چ جای لێ سەندنەوەی متمانە.
لەڕاستیدا میللەت گرفتاری عەقڵ و كولتوری ژەنگ گرتووی كۆمەڵێك دەم و چاوی سواو، سەرو ڕیش بۆیە كراوە، نەك سیستەمی پارلەمانی، یاخود سەرۆكایەتی.
دادگا و یاسا
بێلایەنی دادگاكان و سەروەربوونی یاسا، ئەو ڕستەیەی بەردەوام، دووبارە كردنەوەی لەلایەن سیاسییەكانەوە قێزەون كراوە. داددگا و دادوەرەكان، جگە لە ئۆرگانێكی حیزبەدەسەڵاتدارەكان لەفۆڕمێكی جیاوازدا، هیچی دیكە نین. هێشتا لەدوای ڕاپەڕینەوە تا ئەم چركەیە، نەیان توانیوە پەلكێشی دەسەڵاتدارێك بكەن بۆبەردەم دادگا و یاسای بەسەردا جێبەجێ بكەن.
لەوەش گاڵتەجاڕیتر بەیاسا، ئەوانەی خۆیان نایاسایی و بكوژی دەیان هاوسەنگەرو هاووڵاتی كوردن، زۆرتر لەهەموان شەن و كەوی یاسا دەكەن.
خوێندن و پەروەڕدە
هیچ كام لە كەسە دیارو دەست ڕۆیشتوەكانی هەرێم، خۆیان و كەسوكاریان، لەخوێندنگاكانی ناوخۆ ناخوێنن، بۆیە لای ئەوان بوون و نەبوونی سیستەمی پەروەردە، جێگای بایەخ نییە. هیچ كاتێكیش داهاتووی نەوەكانیان، بە ووڵاتەوە گرێ نەداوە. بەدەرلەوە، بەدەست هێنانی بڕوانامەی پلەبەرزو نایاب، چەند گرینگ و جێگای بایەخ بێت، لەوە گرینگتر بوونی فیكری زانست و زانیاری و داهێنانە. كۆمەڵگای كوردی لە هەموبوارێكدا، غەرقی سەدان دەرد بووە، كەچی سەدان بەناو ڕاوێژكارو خاوەن دكتۆرا و ماستەرو پڕۆفیسۆری حیزبە نەخۆشەكان، ڕۆژانە شیكاری سیاسی بۆ سەرۆك ئۆباما و پۆتین دەكەن، وەلێ توانای ڕزگاركردنی هەرێمێكی غەرق بویان نییە، لەو زەلكاوەی کە سەركردەكان تێیان خستووە.
ئابوری
لەڕووی ئابورییەوە بەرپرسە باڵا و دەستڕۆشتوەكانی هەرێم، های لایڤ ژیان دەگوزەرێنن، بەردەوام دواین مۆدێلی سەیارە و تەكنەلۆجیاو كەرستەی ماڵەوە دەگۆڕن. سەفەرو سەیرانی ووڵاتان دەكەن. پارەی مۆڵ و بێناو بازرگانی دەرەوەیان بۆخۆیان كەسوكاریان مسۆگەر كردووە. لەو لەوەش میللەت ڕەزالەتی و برسییەتی تەنگی پێهەڵچنیوە، لە بەرامبەر سیاسەتی گەمبەڵەكردن بەقوتی خەڵكەوە، لەسەر دەستی گروپێكی بازرگان و قۆڵبڕ.
ڕاگەیاندن
لەهەرێمی كوردستان، ڕاگەیاندنیش وەك زۆربەی بوارەكانی دیكە، قوڕی بۆ گیراوەتەوە. سەرباری نەبوونی دەزگایەكی ڕاگەیاندنی نیشتیمانی، ئەو دەزگا لۆكاڵیانەی كە سەرچاوەی داهاتەكانیان نادیارە، دابەشی چەند بەرەیەكی دژ بەیەكبوون. خودی كاربەدەستە باڵاو سەرۆكی حیزبە بەناو دیموكرات و خوێندەوارەكانی هەرێم، نەگوێیان بۆدەگرن و نەئامادەشن ساڵی جارێكیش، چەند خولەكێك دیدارو لێدوان بۆ ئەو دەزگایەنە بدەن. بە پێچەوانەوە بەرپرسانی حوكمی و سەرۆك حیزبەكان، هەمیشە لەسەر چۆكن بۆ دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ ڕاگەیاندنەكانی بێگانە.
ئەگەر ڕاگەیاندنی سەربەخۆی كوردی، ڕێزی خۆی و بیسەروبینەیرو خوێنەر بگرێت، دەبێت بایكۆتی هەموو ئەوانە بكات، كە ئامادە نین ڕووبەڕوو لەگەڵ ڕاگەیاندكاری كورد دیدارو گفتوگۆبكەن.
تەندروستی
سەرۆك و سەركردە كوردەكان، بۆ ئازاری ددان و چاو و پشت ئێشە، لەماوەی چەند كاتژمێرێكدا، خۆیان دەگەیەننە دوورترین ووڵات و باشترین نەخۆشخانە. لەولاوەش لەهەرێم، كەرتی تەندروستی جگە لە كوێركردن و كوشتنی نەخۆش بە هەڵە، بۆتە پاروویەكی چەور بۆكۆمەڵێك بازرگانی چاوچنۆك.
هەروەك چۆن لەڕابردوو ئێستادا سەركردە كوردەكان، لەباشترین نەخۆشخانەكانی دەرەوە، دوا ڕۆژەكانی تەمەنیان بەسەربردووە.
ئیدی چ باكیان لە كەرتی تەندروستییە، كە خۆیان بڕوایان پێی نەبێ، كەواتە دەبێ میللەت تێ بگات ئەوان. نایانەوێ هاوشێوەی چین و توێژەكانی كۆمەڵگای كوردی، بژین و بمرن.
خزمەتگوزاری لەنێوان ئەوان و خەڵكی ئاسایی، جیاوازی ئەرز و ئاسمانە.
هەركاتێك ووڵاتیش كەوتە تەنگانەوە، خۆیان و ماڵ و منداڵیان بە پاسپۆرتەكانیانەوە، بای بای لە میللەت و لە نیشتمان دەكەن.
ئەگەر بۆ مێژوویەكی زۆر دوور نەڕۆین و بگەڕێینەوە بۆ رابردوو، وەک نمونە ساڵی١٩٧٥ شۆڕشێكی گەورەی كورد، بەتەواویی چەكدار و چەك و داهاتەكەیەوە، بەبڕیاری چەند سەركردەیەكی كورد، كۆتایی هات و پشتیان لە هەموو قوربانی و دەستكەوتەكانی نەتەوەیەكەیان كرد و بەرەو ووڵاتانی دەرەوە ڕێیانكرد. لەكاتێكدا سەركردەی بەهێزو خاوەن ئیرادەی نەتەوە، دەبێ مردن و ژیانی، هاوشانی گەلەكەی بێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست