ئەوەش لە قزڵباشەکانی سەری ڕەش !
Wednesday, 28/09/2016, 20:32
من تا ئێستێ پەڕتووکێکم بە زمانی کوردی وەبەر چاو نەهاتوە کەبە شێوەیەکی سەردەمیانە توێژینەوە ولێکۆلینەوە لەسەر هۆی شکستەکانی سەرهەڵدانەکانی نەتەوەی کورد بکا. سەرهەڵدان لە سەرسەرهەڵدان، شکست لە دوای شکست ! ئەنجامیش گەڕآنەوە بۆ خاڵی سیفر! ئەوەندەی کەم من لە مێژووی سەدەی رابوردوومان تێگەشتبم ئەوەیە کە هیچکات ولە هیچ یەک لە بەشەکانی کوردستان حیزبە کوردیەکان قەت نەبوونە هۆی رووخانی دەسەڵاتدارانی ناوەندی و داگیرکاری سەر خاکی کوردستان. بێ گومان خەباتو تیکۆشان وداخوازی نەتەوەی کوردیش قەت نەگەیشتۆتە خاڵی کۆتایی و کورد دەستی لە مافەکانی خۆی هەڵنەگرتوە.
ئەوەی کە لە لام گرینگە ئەوەیە کە هەردەم ولە هەر قۆناغێکی هەستیاری مێژوویدا زۆربەی سەرکردەو حیزبە کوردیەکان زیاتر بوونەتە ئامرازێک بۆوڵاتانی زلهێز وگەیشتنی ئەوان بە مەبەستەکانیان.لەکۆتاییشدا هەر ئەو دەوڵەتە زلهێزانە حیزبە کوردیەکان وسەرکردەکانیان بە جێ هێشتوون وهەمیسان دەرگای ناهۆمێدی ورۆژگاری نەهامەتی بەربینگی بە نەتەوەکەمان گرتووە. لە هەر رێکارێکی دیرۆکیشدا ئەوەی کە بۆمان بە میرات ماوەتەوە دەریایەک خوێن وفرمێسک بووە !
دەرکەوتنی ئەلقاعیدە ودەسەڵاتی خوێنمژی سەددام لە بەغدا دوای هێرش بۆ ناوەندی بازەرگانی ئامریکا هەلێکی وای رەخساند کە بڕیار بدەن : دەبێ سەددام لابچێ.ئەویان بۆ لابردین. بەڵام خۆ کۆتایی بە نەهامەتیەکان کورد لە باشووری وڵات نەهێنرا. لەوەش بترازێ تازە بێبەختیەکان دەستیان پێکردوە. بە شێوەیەک کە کورد بلێ: خۆزگەم بە کفندزی ئەووەڵ ! بە شێوەیەک کە دەرگای ترس ونەهامەتی لە چوار دەوری ژیانی رۆژانەی خەڵک کرایەوە ومەیگێڕی مەرگ سێبەری بە سەر ئاسمانی ئەو دەوەرەدا کێشا! ئەو جار سەددام نەبوو کە ئاوای دەکرد. تاقمێک سەرکردەو حیزبی دۆڕاولە سەر چیاکانڕا داگەڕانەوە ناو خەڵک وچرای ژیانی خەڵکیان هێدی هێدی بەرەو کووژانەوە برد!
" جیاوازی نێوان قزڵباشەکانی سەفەوی وقزڵباشەکانی سەری ڕەش "
لە سەردەمی قزڵباشەکانی شیعەی سەفەویدا خەباتکارو شەڕوانەکانی قەڵای دم دم بە سەرپەرستی / موحەممەد خانی لەپزێڕین / بۆ گەێشتن بە مافەکانی رەوای کورد بەرەنگاری دەسەڵاتی شیعە ئایینی سەفەوی بوونەوە. ئەو شۆڕشە وەکی زۆربەی شۆڕشەکانی دی بە فیتی بەکرێگیراوی ناو خۆیی وفێل وتەڵەکەی دوژمن کۆتایی پێهات ! کاتی داگیرکردنی قەڵای دم دم زۆر بێڕەحمانە قزڵباشەکان ئەوەی کە وەبەر دەستیان هات کوشتیان. تەنانەت تاقمێک لە کەسانی نزیک بە خانی لەپ زێڕینیان دە مەنجەڵی گەورەدا بە زیندوویی کۆڵاند وخواردیان ! بەو شیوەیە بای مەرگ دووبارە یەکێکی دی لە سەرهەڵدانەکانی کوردی کووژاندەوە .
بەڵام ئێستێ دەروازەی هەزارەی سێیە. سەددام نەماوە. کورد ٢٥ساڵە جڵەوی دەسەڵاتی بە زەبری ترۆروچەک وزیندان وسەرتاشێن وکوشتن بە دەسەتەوە گرتووە .تاقمێک چاو چنۆکو قیرسیچمە بە بیانووی دامەزراندنی / دەوڵەتی کوردی / خەریکن ئەوەی کە بە خوێنی ڕۆڵەی کورد بە دەست هاتوە ساف لە ساف بیدەنە بەر بای نەزانی وسەرشۆڕی خۆیان.
کوشتاری قەڵای دم دم بە دەست شیعەی سەفەوی زۆر جێگای گازەندە نییە. چون ئەوان دوژمنن، بە مافی خۆیان دەزانن کە شەڕمان دەگەڵ بکەن وخوێنمان حەڵاڵ کەن. بەڵام ئەوەی کە سەرچەوتەکانی کورد لە ژێر ناوی شاخ ونوێنەرایەتی کورد دەیکەن مایەی شەرمەزاریە. ئەو سەرشۆڕانە لە ئاست خەڵکی هەژار وەک شێر دەچن ، لە هەندەرانیش شادەماریان بە دەست داگیرکارە وفززەیان لە بەر نایە. لە ناو خۆی وڵات لۆدە لۆدە دەئاخفن ولە دەرەوەی وڵاتیش هەر دەم پان دەکەنەوە.
ئەوڕۆ / ٢٧ /٩ /٢٠١٦ / لە زۆربەی شارو شارۆچکەکانی باشوووری وڵات خەڵک ڕژانە سەر شەقامەکان وبۆ دەیان جار دەنگی خۆیان بە هەموو دونیا گەیاند. ئەوەی کە لە من روون ئاشکرایە ئەو سیستمە تا ئەبەد کێشەی کورد وگرفتەکانی خەڵکی پێ چارەسەر نابێ. ئەو جار خەڵکی تووڕە بە شێوەیەکی ئارام و دوور لە تووندووتیژی قسەی خۆیان کرد. بۆ داهاتوو بارودۆخ هەروا نامێنێ . خەڵکی وەزاڵەهاتوو ئیدی چارەنووسی قەززافیتان بۆ دەستنیشان دەکا. لە بیرتانە چۆنیان شار بەدەر کرد ودەرپێیان لە بەر داکێشا. خەڵکی شەهیدی داوە هەرواتان لێ خۆش نابێ. چاوەڕوان بن کە دەسەڵات و ژەنگی هێناوە هەر بینا بە یەکجاری رزی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست