پارتی ناحەقی نییە خەڵک شاربەدەربکات
Wednesday, 28/09/2016, 7:47
یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ، لە سنووری پارێزگای هەولێردا، زیاتر لە 100 کادیری موچە خۆر و، دابەستراویان هەیە، ئەگەر ئەو چوار حیزبە، نەتوانن یەک لەسەر چواری ژمارەی کادیرە موچە خۆر و دابەستراوەکانی خۆیان، کە 25 هەزار کەس دەکات، ئاڕاستە بکەن بۆ شەقام و، خۆپیشاندانێکیان پێ ئەنجام بدەن، شەرمەزاری و سەرشۆڕی نییە، چاویان لە خەڵکە ڕەش و ڕووتەکەی هەولێر بێت، دیواری تڕسی پارتیان بۆ بڕوخێنێت و خۆپیشاندانیان بۆ بکات.!
خۆپیشاندانی دوێنێی سلێمانی یەک پولی قەڵپ ناهێنێت، چونکە دژی یەکێتی شەریکە تاڵانی و دزی 25 ساڵی ڕابردووی پارتی نەبوو، دەی کە سلێمانی ناتوانێت دژی یەکێتی، کە حوکمڕانی ئەو ناوچەیە خۆپیشاندان بکات، بەچ حەقێک داوا لە خەڵکی هەولێر دەکەن، دژی پارتی خۆپیشاندان بکات ؟! ئاخر خۆپیشاندانی سلێمانی دژی پارتی، وەک ئەوە وایە خەڵکی هەولێر، دژی یەکێتی و گۆڕان خۆپیشاندان بکات، ئەوەش نەک هەر ناتوانن بەڵکو وەک ئاو خواردنەوە ئاسانە، چونکە بچووکترین مەترسیان لە سەر دروست نابێت، هەروەک چۆن کەمترین مەترسی لەسەر هیچ خۆپیشاندەرێکی سلێمانی نەبوو، چونکە دژ یەکێتی نەبوو، کەی خەڵکی سلێمانی تاج و تەراجی باڕەگاکانی یەکێتیان تێکشکاندن، ئەو کات خۆم یەکەم کەس دەبم، ئامادەم ڕۆحی خۆم لە هێرشکردنە سەر بارەگاکانی پارتی ببەخشم.
پێش ئەوەی پارتی هەولێر بە تەنها بە موڵکی خۆی بزانێت، ئەوە سەرکردەکانی یەکێتی و، بەتایبەتیش گۆڕان بوونە، هەولێریان بەتەنها بە موڵکی پارتی زانیووە، باسی ئەوانی تر ناکەم و دێمەسەر بزووتنەوەی گۆڕان، ئاخر بەدرێژایی مێژووی 8 ساڵ تەمەنی بزووتنەوەی گۆڕان:-
1_کام شەو نەوشێروان مستەفا لەهەولێر ڕۆژی کردۆتەوە ؟
2_کام بارەگای ڕێکخەری گۆڕان لەهەولێردا هەبووە و حەفتانە تەنها یەک ڕۆژێک لەوێ بووبێت، بۆ پێشوازی کردن لەخەڵکی هەولێر ؟
3_چ ڕۆژێک نەوشێروان مستەفاتان دیووە، لە ناو بازاری هەولێر لەناو خەڵک دەرکەوتبێت ؟
4_لەکام هەڵبژاردن، نەوشێروان مستەفا تەنها جارێکیش بێت، بۆ بانگەشە سەردانی هەولێری کردووە؟
دەی کەوابوو، ئەوە ناکاتە ئەوەی، تەنانەت نەک یەکێتی، کە سەردەمێکە پاشکۆی سیاسەتەکانی پارتییە، بەڵکو خودی بزووتنەوەی گۆڕانیش، هەولێری تەنها بە هی پارتی و بارزانی زانیووە و، بەشداربوونە لە چاندنی ترس و بیمی پارتی لە دڵی تاک بەتاکی خەڵکی هەولێردا.؟
با پڕسیارەکە بە دیوێکی تردا بکەم، ئەگەر بارەگای سەرەکی ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، لەهەولێر بووایە و، حەفتانە سێ ڕۆژ دەوامی لەوێ بکردبووایە، ئایا خەڵک بەو ڕادەیەی ئێستا لە پارتی دەترسا و پارتیش هەولێری بەتەنها بە هی خۆی دەزانی ؟ ئایا بارودۆخ دەگەیشت بەو ڕۆژە کە پارتی حیسابی تورێکی قوڕاوی بۆ گۆڕان و ئەوانیتریش نەکات؟
کە بزووتنەوەی گۆڕان و ڕێکخەرەکەی ئاوابوونە لەگەڵ هەولێر، ئیتر پارتی و بارزانی بۆ ناحەقیانە، هەولێر بە بلێ و بارزان بزانن؟ کێیان بیەوێت، شار بەدەری دەکەن و برۆ و سەری دەتاشن و ئاودیووی سنووری دێگەڵەی دەکەنەوە!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست