دوفاقیەتى یەکێتى سەرى خۆى دەخوات
Saturday, 24/09/2016, 21:03
(ئەو دەمەى لەنێو پارتى کرێکاراندا خەباتم دەکرد، چەندین جار لەزارى سەرکردەکانى پەکەکەوە ئەوەم بەرگوێ کەوتوە کە ئۆجەلان ئەڵێت شەڕى پارتى یم لە دۆستایەتى یەکێتى پێخۆشترە)
هەمیشە بانگەشەى ئەوە دەکرێت کە لەسنورى دەسەڵاتى یەکێتیدا ئازادى رادەربڕین و خۆپیشاندان ومانگرتن هەیە،بەشى زۆرى یەکێتیەکان بەم چاو بەست و خۆڵکردنە چاوەى خەڵک مەستن و ،خۆیانى پێوە بادەدەن.وادەزانن کە ئیدى دیموکراسى و ئازادییەکەى زۆنى سەوز سەد دەر سەد و عال کوڵێوە. بەمەش چەندین میل لەپێش پارتیەوەن.بەڵام لەواقیعدا شتێکى ئەوتۆ لەنێوان زۆرنى سەوز و زەرد نابینرێت، بەڵکو بەبڕواو قەناعەتى من ،یەکێتى زۆر زۆر لەپارتى دڕندە ترە ،ئەوەى یەکێتى دەیکات هەرگیز پارتى پەى پێنابات و خۆى لەقەرەى نادات، پارتى هەرچییەک دەکات ، هەر کەسێک دەکوژێت یان سەرەنگومى دەکات، سیناریۆیەکى بۆداتەتاشێت ـتا بتوانێت خۆى لێ دەبوێرێت،بەڵام یەکێتى زۆر بێ منەت و چاو قایمانە تاوانەکە دەکات، سڵ لەهیچیش ناکاتەوە باکیشى بەهیچ دەرئەنجامێک نى یە، کوشتنى بەکر عەلى شاعیر ،لەسەر دەستى سالار عەزیز،کوشتنى کادیرانى حزبى کۆمۆنیست بە ئاگادارى و رێنمایى نەوشیروان مەستەفا ،کوشتنى عەبدوڵا قەسرێ بە فەرمانى راستەوخۆى تاڵەبانى، کوشتنى کاوە گەرمیانى بە فەرمانى خولە سەنگاوى،خنکاندنى زاناى قایمقام لەنێو زیندانى ئاسایش بە فەرمان و دەستى قالەى حەمە جان .کوشتنى پاسەوانە تایبەتەکەى تاڵەبانى بەفەرمانى هێرۆ. مشتێکن لەو تاوانانە، کەئەوەى یەک سەعات لە ژێردەسەڵاتى یەکێیتدا بێتـ، زۆر لاى روون مەعلومە کە بکەرو ئەنجامدەرانى سەرلەبەرى تاوانەکانى ناو سلێمانى و دوروبەرى کێ دەیکەن؟؟!!. ئیدى هیچ پێویست بە بەڵگەو دیکۆمێنت ناکات.سەیرەکەى لەودایە بکوژ وتاوانکارەکانیش،یەکەم کەسن کە ئیدانەى ئەو تاوانانە دەکەن، لەپێش هەمو کەسێکەوە لەمەراسیمى ناشتنى تەرمەکانیان و پرسەکانیان بەشدار دەبن
ئەوەى کە رۆژانى پێشوو لە پێنجوێن رویدا، هاوکات ئەورۆش دوبارە بووە، درێژە پێدەرى سیاسەتى دووفاقیەتى یەکێتى یە، لەسەرەوە لەدژى پارتى، پشتگیرى و لایەنگیرى خۆى بۆ چالاکى و ریپَوان وگردبوونەوە لەبەرامبەر قەیرانەکان و گرفتى مووچە خۆران دەخاتە ڕوو، لەژێریشەوە بۆ ئەوەى دڵسۆزى و ئەمەکدارى خۆى بۆ هاوپەیمانەکەى (پارتى) بخاتە روو، لەنەوت و قوتى دزراوى خەڵک پشکى هەبێت. دێت ئەو هەڵسوڕاو چالاکوانانە دەستگیر دەکات، بەوەشەوە ناوەستێت، نکولى لە دەستگیرکردنیان دەکات، ئەخوازێت ئەو کەسایەتى و چالاکوانانە لەپێش چاوى خەڵک سوک و بێ رێز بکات، کە گوایە لەلایەن پۆلیسى نەهێشتنى تاوانەوە گیراون، کەنەک درۆیەکى شاخدارە بەڵکو تۆمەت بەخشینەوە و بێ حورمەتى کردنە پێیان،لەبەر ئەوەى ئەو کەسانە کەسانێکن خاوەن ناو و ناوبانگ و کەسایەتین، ئاماژەدان بەوەى کەلەلایەن پۆلیسى نەهێشتنى تاوانە گیراون، بۆ سووک کردن و بێ رێزیکردنە پێیان، لەبەر ئەوەى کارى پۆلیسى نەهێشتنى تاوان،دەستگیرکردنى کەسانى دز، پیاو کوژ، بێ رەوشت و لەش فرۆشە،نەک کەسانى سیاسى و چالاکوانى مەدەنى.کە هەق وایە ئەو بەڕێزانە وسەرجەم ئەو کەسانەى بەشدارى ئەو رێپێوانەى 27ى مانگ دەبن، بێدەنگى لەم تۆمەتە نەکەن،ئەمەش بکەن بە کەیسێک و لەسەرى بێنە جواب.
رووى دەمم دەکەمە سەرجەم دۆست و هەوادار و بەرپرسانى یەکێتى، کەبەوە دڵى خۆیان خۆش نەکەن،کە ئازادى و دەربڕینى راى جیاواز وگردبوونەوە مانگرتن دیارى دەستى ئەوانەوە، زادەى بیر و ئایدۆلۆژیاى یەکێتى یە،نا نەخێر زۆر زۆر هەڵەن، ئەگەر بەو گریمانەیە دڵى خۆیان خۆش بکەن زۆر کاڵ فام و غەشیمن . ئەوەى کەوایکردوە ئەو ئازادى و سەربەستیەى لەم ناوچەیەدا فەراهەم کردوە،بوێرى و چاونەترسى و ئازایەتى وگیانفیداى خەڵکەکەیەتى، کە هەرگیزاو هەرگیز سەر بۆ هیچ نەیار ودوژمنێک نەوى ناکەن.ئەوەتان بیر بێت کەهەلگیرسانەوەى شۆڕشى دواى نسکۆ و،دروستبوون و گەشەکردنى یەکێتى لەسەر دەستى کوڕانى ناوچەکانى شارەزوور و شارباژێر و گەرمیان و کۆیستان و پێنجوێن و دەوروبەرى وپشدەر بوون، ئەگەریش باوەڕو قەناعەتتان بەوە نى یە، ئەتوانن لەخۆتان ببپرسن کە بەشى زۆرى شەهیدان بەشى زۆرى پێشمەرگە و ئەنفالکراونى خەڵکى کوێن؟؟، ئەوەتا رژێمێکى دڕندەى وەک بەعس بەم شارەى ئەوت(مدینە ێعبە).بۆیە تاکات و دەرفەت ماوە،تا رەوشەکە لەدەست دەرنەچووە، تا چارەنووسى قەزافى و سەدام بەسەرتانا دوبارە نەبێتەوە ،پێمخۆشە یەکێتى بەتایبەت ئەو باڵەى کەلەژێرەوە لەگەڵ پارتیدا بەرژەوەندیان یەکە، بیرێک لەحاڵى خۆیان بکەنەوە، واز لەسیاسەتى دووفاقى بهێنن ،لەبرى کێشەى ئاین و دیموکراسى وسیمینار و کۆڕە سەقەتەکانى مەلا بەختیار ، بیر لە جیاکردنەوەى دز لەدەسەڵاتـ و، باشترکردنى رەوشى خەڵک بکەن ،چونکە کاتێک گەردەلول هەڵیکرد، وەختێک ئاگر کەوتەوە تەڕو وشک بەیەکەوە دەسوتێنێت. ئەودەمە نە ئاسایش ،نە پارتى،نە دژە تیرۆر، نە هێزى پاسدار و جەندرمەى تورکیش ناگاتە هاوارتان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست