کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کام شۆڕش؟

Friday, 23/09/2016, 9:55


دەست هەڵبگرن لە سواڵی موچە!
هەق سواڵ ناکرێت.
-----------------------------------
ئەمڕۆ بەرهەمی دوێنێیە. دوێنێ گەل بێ مەرج خۆی خستبووە دەستی دەستەڵاتەوە. بۆیە دەستەڵاتیش ئەمڕۆ هیچ هۆیەک نییە حساب بۆ بەرژەوەندیی گەل بکات.
جەماوەر هەموو جارێک لە رێگای دەنگدانەوە ملکەچیی خۆی تازە کردۆتەوە بۆ دەستەڵات. جەماوەر لە بری ئەم ملکەچییە بە تەمابووە دەستەڵات بە چاوێکی بەزەییەوە تەماشای بکات. جەماوەر چاوەڕێی ئەوە بوو دەستەڵات لەگەڵی باش بێت. بەڵام تاقیکردنەوەو زانست ئەوەیان سەلماندووە کە ئەمە هەڵەیەکی کوشندەیە. ملکەچیی تەنها مرۆڤی کۆیلەو دەستەڵاتی رەها دروست دەکات.
ئایا چارەسەر دەبێت کێ بیکات، بەرەی خەڵک یان بەرەی دەستەڵات؟
وەڵامەکە رون و بەڵگە نەویستە. چارەسەر دەبێت بەرەی خەڵک بیکات. دەستەڵاتێک خراپی کردبێت چۆن دەتوانێت چاکی بکات؟ بەردێک کە نوقوم بووبێت چۆن سەرئاو دەکەوێت؟
چارەسەر لەوێوە دەست پێ دەکات کە هەر یەکە لە ئێمە سەربەستیی خۆی وەربگرێتەوە. ئەو مافە بداتەوە بە خۆی کە لە پێناوی هیچدا بەخشیویەتی بە دەستەڵات. دەستەڵاتێک کە گەل لە رێگای دەنگدانی ناچارییەوە دانی پیادا ناوە. دەستەڵاتی ژمارەیەک "بازرگانی جەنگ" کە بە درێژایی مێژوو هیچ مەرجێکیان لەسەر نەبووە. ئاشبەتاڵیان کردبێت، هۆکاری هەڵەبجەو ئەنفال بووبن، سامانی وڵاتیان بردبێت بە تاڵان، بەکرێگیراوی وڵاتان بوبێتن، موراڵیان نەهێشتبێت، مرۆڤیان کردبێت بە کۆیلە، موچەیان بڕیبێت، دەستدرێژییان کردبێتە سەر کچان، خوێنی پێشمەرگەیان بە فیڕۆ دابێت یان لاوەکانیان کوشتبێتین، هەر خاوەنی بڕیارو خەڵک بوون.
دەست هەڵبگرن لە سواڵی موچە! چارەسەر موچە نییە. قەیران نەبوونی پارە نییە! قەیران ئەم پەیوەندییە بێ مەرجەی نێوانی گەل و دەستەڵاتە! بەم پەیوەندییە بێ مەرجە گەل و دەستەڵات ناتوانن دنیایەکی تر دروست بکەن. ئەم دنیا ناهەموار و ترسناکە هەر بەرقەرار دەبێت تا ئەو کاتەی کۆمەڵگا خۆی رێکدەخاتەوە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە نەخۆشییەکەی ئێمە ئەوەیە کە کۆنتراکتێک، رێکەوتنێکی سیاسیی نییە لە نێوانی بەرەی گەل و بەرەی دەستەڵاتدا. دەستەڵات هەر چییەکی کردبێت گەل ملکەچیی بۆ تازە کردۆتەوە. پەیوەندیی نێوانی گەل و دەستەڵات پەیوەندییەکی تەواوکەرانەیە. ئێمە مەڕین بۆیە ئەو شوانە. بێ مافیی گەلە کە هەقداریی داوە بە دەستەڵات. ئێمە بەندین بە بڕیاری دەستەڵاتەوە بۆیە ئەو رەهایە.
گۆڕینی دنیاکەمان لە گۆڕینی خۆمانەوە سەرچاوە دەگرێت. ئێمەی بێ ماف و ملکەچی دوێنێ ئەبێت مافدارو سەربەستی ئەمڕۆ بین! ئەمە مافێکی سروشتییە مرۆڤ سەربەست بێت، لە خۆیەوەو بە گوێرەی ویستی خۆی بژی و گەشە بکات. ئەرکی سیاسەت ئەوەیە کە هەلومەرجی ئابوریی و کۆمەڵایەتیی دروست بکات بۆ گەشەی هاوڵاتیانی. هەلومەرجێک کە هاوڵاتیان تیادا یەکسان بن، توانایان بەسەر ژیانی خۆیاندا بشکێت و خۆیان بڕیاری چارەنوسی خۆیان بدەن.
مرۆڤ تەنها خاوەنی ئەوەیە کە بە ئیرادەی خۆی پەیدای دەکات. ئەوەی بە تەمای هێزێکی دەرەکییە. ئەوەی بە تەمای شوانێکە ژیان و داهاتوو بۆ ئەم مسۆگەر بکات با دەست لە خۆی بشوات. ئەم کولتورە ژەهرە مێژوویەک لە شکست بونیادی ناوە. ئەمڕۆ دەبێت بڕوخێت! 
هەق سواڵ ناکرێت. لە راستییدا موچە هەقی ئەو ئیشەیە کە مرۆڤ دەیکات. خانەنشینیی هەقی ئەو مرۆڤەیە کە کۆمەڵگا بۆی دابین دەکات. موچەو خانەنشینیی بۆ ئەوەن کە مرۆڤ پێیان بژی و سەر بەرز بێت. بۆ ئەوە نین مرۆڤیان پێ ناچار بکرێن. بۆ ئەوە نین مرۆڤیان پێ بکرێن بە سەگی بێ کلک تا بەیانی پاسەوانی دز بن. بۆ ئەوە نین مرۆڤ ویژدانی خۆیانی بۆ دابنێن.
ملکەچیی دوێنێ کارەسات و مەترسیی بۆ ئەمڕۆ دروست کردووە. سبەینێش هەر بەردەوامیی دوێنێ دەبێت ئەگەر ئەمڕۆ ئەم زنجیرە مێژووییە بە شۆڕشێک نەشکێنین! ئەگەر کۆمەڵگا لە کۆنتراکتێکی سیاسییدا خۆی رێکنەخاتەوە. کۆنتراکتێک کە بە لایەنی کەمەوە ئەم خاڵانە ژمارەیەک بن لە پرەنسیپەکانی:
یەکەم، پێویستە دەستەڵاتی سیستێم جێگای دەستەڵاتی تاکە کەس بگرێتەوە. دەبێت سەرچاوەی بڕیارو داڕشتنی سیاسەت زانست بێت نەک هزرو مەزاجی سەرۆک. سەرۆک کاتییەو پابەندە بەو رێنماییانەوە کە لە لێکۆڵینەوەی زانستیی بەردەوامەوە ئەنجام دەگیرێن. سەردەمی پێغەمبەرو رابەر دەبێت بەسەربچێت. هەموو هزرو تیورییەک بەردەوام جێگای گومان، پیاچونەوەو گۆڕینە.
دووەم، دەستەڵات بۆ پاراستنی نیشتیمان، پاراستنی مافی خەڵک و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگایە. هەر دەستەڵاتێک ئەم مەرجانەی تیا نەبوو رەوایی حوکمی نییە.
سێیەم، هەر دەستەڵاتێک رەوایی لە دەست دا یان ئەرکی خۆی نەبردە سەر دەبێت لاببرێت!
دەستەڵاتێک رەوایی نەما بێت هەڵەیە رەخنەی لێ بگیرێت و چاوەڕێی چاکسازیی لێ بکرێت.
چوارەم، مرۆڤ بچوکراوەی نیشتیمانە. ئەرکی دەستەڵاتی سیاسییە کە هەردوکیان تەریب بە یەک بپارێزێت. هیچ بیانویەکی سیاسیی نییە بۆ دەست درێژییکردنە سەر کیانی هاوڵاتیی. 
پێنجەم، مرۆڤ بوونەوەرێکی سەربەستە. هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە بڕیار بدات یەکێکی تر چۆن بیر بکاتەوە یان چۆن هەبێت لە ژیاندا، بێ جیاوازیی رەگەزو جیندەر.
رابوردو ئەمڕۆی لە کیس دایت! ئێستا کاتی ئەوەیە داهاتووی خۆت دیاری بکەیت. داهاتوو کاغەزێکی سپییە. خۆت پڕی نەکەیتەوە بەجێی دەهێڵیت بۆ قەیران. لەگەڵ بە بۆ سەربەخۆیی!
سەرچاوە:

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە