هەڕەشەکەی نوێنەری حکومەتی هەرێم لەواشنتۆن گەیەندرایە ناوەندە جیهانیەکان
Wednesday, 21/09/2016, 21:38
سەنتەری کورد ـ ئەمەریکا ئەو هەڕەشەیەی نوێنەری حکومەتی هەرێمی گەیاندە ناوەندە جیهانیەکان کە لەکۆنفرانسێکدا لەواشنتۆن دى.سى لەدوو ڕۆژنامەنووسی کوردی کردبوو کەئەندامی سەنتەری کورد ـ ئەمەریکان، هەروەها سەنتەرەکە داوا لەبەشی کوردی دەنگی ئەمەریکاو کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە و ۱٦ ڕێکخراوی جیهانی دەکات کەلێپرسینەوە لەو نوێنەرەی حکومەتی هەرێم بکەن لەواشنتۆن.
بەیان سامی عەبدولرەحمان کەلەسەر پشکی پارتی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە ئەمەریکا وەرگرتوە، ڕۆژی ۱٤/۹/۲٠۱٦ لەسیمینارێکی ناوەندی (ویبەر وێڵسن سەنتەر) کەناوەندێکی ئەکادیمیە بەشداردەبێت، ناوبراو هەڕەشەو بێڕێزی بەرامبەر هەردوو ڕۆژنامەنووس (ئاسۆ جەبارو یەحیا بەرزنجی) دەکات دوای ئەوەی ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە لەلایەن دەنگی ئەمەریکاوە نێردرابوون بۆ ڕوماڵی ئەو سیمینارەی سەبارەت بەدەوڵەتی کوردی ڕێکخرابوو، ئەوان لەچوارچێوەی کارەکەیاندا پرسیار لەو سێ لێکۆڵەرە دەکەن کەسیمینارەکەیان بۆسازکرابوو، لەپڕ نوێنەری حکومەتی هەرێم بەدەنگی بەرزو دوور لەهەموو ئەتەکێتیەکی دیپلۆماتی هاوار بەسەر ئەو دوو ڕۆژنامەنووسەدا دەکات و دەستیان لێ ڕادەوەشێنێت و پێیان دەڵێت "ئەم پرسیارانەی ئێوە جێگای قبوڵ نیە، ئێوە ئەجێندای سیاسیتان هەیە"، دواتر یەکێک لەشرۆڤەکارەکان دێت بۆلای هەردوو ڕۆژنامەنووسی ناوبراو پێیان دەڵێت "لەهەموو قسەکان تێگەیشتم!، ئێوە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ کوردستان؟!".
ئەمڕۆ سەنتەری کورد ـ ئەمەریکا ئەو بێڕێزی و هەڕەشانەی نوێنەری حکومەتی هەرێمی گەیاندە سەرجەم ڕێکخراو و ناوەندە مرۆڤ دۆستەکانی جیهان و داوای لێپرسینەوە لە نوێنەرەکەی حکومەتی هەرێم دەکەن لە واشنتۆن.
هەروەها سەنتەری کورد ـ ئەمەریکا بەنوێنەری حکومەتی هەرێم دەڵێت "ئێرە ئەمەریکایە! وڵاتی یاساو دەستورو سیستەمە نەک ئەو هەرێمەی کەجەنابتان نوێنەرایەتی دەکەن و لای ئەمەریکیەکان بە هەرێمی تیرۆری ڕۆژنامەنووسان و دەنگە ئازادەکان ناسراوە!".
سەنتەری كورد - ئەمریكا بۆ ئازادی ڕادەربڕین، Kurdish-American Center for Free Expression ناسراوبە (K.A.C.F.E)، سەنتەرێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە، لەلایەن نوسەرو ڕۆژنامەنوسان و چالاكوانانی كورد لە نۆڤەمبەری 2012 لە ویلایەتی ڤێرجینیای ئەمریكا دامەزراوە.
ئامانج لەكارەكانی ئەم سەنتەرە بەرگریكردنە لە ئازادی رادەربڕین و ئازادی كاری رۆژنامەنوسی و گەیاندنی هەر پێشێلكاریەك بە ناوەند و ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان.
سەنتەری كورد-ئەمریكا تۆڕێكی بەرفراوانی جیهانیە جگەلە چەند ویلایەتێكی ئەمریكا نوێنەری لە كوردستان و هەریەك لە وڵاتانی ئوسترالیا و كەنەداو ئەوروپادا هەیە.
ئەندامانی سەنتەر:
ـ ئاسۆ جەبار / نوسەرو ڕۆژنامەنووس
ـ گۆران دوکانی / ڕۆژنامەنووس
ـ سەرکەوت شەمسەدین / ڕۆژنامەنووس
ـ بەڵێن ساڵح / ڕۆژنامەنووس
ـ یەحیا بەرزنجی / ڕۆژنامەنووس
ـ هێرش عەبدولڕەحمان / چاودێری سیاسی
ـ فازیل کوردی / چالاکی سیاسی
ـ کانی غوڵام / چالاکی مەدەنی
ـ کاوە حەسەن / وەرگێڕ
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست