نان و ڕۆن
Wednesday, 21/09/2016, 20:39
.... يەکێتی هەموو ڕێگاکانی تاقی کردۆتەوە، بە هاوپەيمانێتی ستراتيجیشەوە و زۆر جاریش پشی پشی و خۆ بە برا بچوک زان ، گروپە ئیسلامیەکان چەندین جار نەرمیان نواندوە و جار جارەش ئەم بەر و ئەو بەریان کردوە ، بەڵام جگە لە سوتاندنی بارەگاو ڕاونانی خۆیان
هیچی تریان لێ حاصل نەکردوە، گۆڕان سەرەڕای وەستان لە ڕووی بەشێکی جەماوەرەکەی، تا ڕادەیەک پێی بە جەرگی خۆی نا بەشداری حکومەتی کرد ، بەڵام لە بەرامبەر (کاوبۆ ) کانی پایتەخت جگە لە گەڕانەوە بۆ گردەکە هیچی تریان لەو موجازەفەیە بەدەست نەهێنا........
کۆبونەوەی دوو قۆڵی..کۆبونەوەی دوو قۆڵ و قاچێک ..دانیشتنی سێ قۆڵی..وورتە وورتی چوار قۆڵی،،، دەربڕینی ناڕەزایەتی شەقام و حیزب، چاوشارکێی ئیعلامی و دواتر هێرش و فەزح کردن، کەشف کردنی ڕۆژانەی هەموو راستی و واقیعەکان بە بەڵگە و ژمارە و نووسین و ووتنەوە ، دان بەخۆیا گرتن تا دان لە دەما نەما ، ئەمانە هەموو و دەیان شێوازی تری هەوڵەکان لە هەرێم بەرامبەر بە بنەماڵە و پارتی بە کەڵکی یەک فلسی قەڵب نەهاتوون، هەموو هەر هاوارێتی و کەسیش هەنگاوێکی عەمەلی نانێت جگە لە ڕستە کۆن وسواوەکە: ئەبێ ئەم بار و دۆخە چارەسەر بکرێت ، حیزب و لایەنەکان بە مانشێتی میدیاکان کەسیان ئەوەی پارتی ئەیکات قبوڵی ناکەن ، پارتی و بنەماڵەش لەو لاوە زۆر بە ئیسراحەت و لەسەر خۆ بەرنامەکانی خۆیان جێ بەجێ ئەکەن بە خیانەت و مێش میوانیان نیە ێت، تەنانەت گەر جاروبار دەرودرواسێ و دؤستەکان ! قسەیەکیان تیا کردبێت هەر بە موجامەلە و قسەی بەینی دوو میوان ماوەتەوە و نەتوانراوە هیچ شتێک بگۆڕێت و لە یاری مار و پەیژەکە پارتی بە پەیژەکانا سەرئەکەوێت و برادەرانیش زوو زوو توشی مارەکان ئەبن و هەر فێری زار گرتن نەبوون.
بنەماڵە و پارتی بە جۆرێک حوکم ئەکەن کە چۆتە قاڵبی بوون بە (ڕژێم) بە جۆرێک چەوسانەوە پەیڕەو ئەکات کە هێزی پێشمەرگەشی گرتۆتەوە کە بەرامبەر داعش لە سەنگەران و لە بەش کردنی چەک و هاوکاری مادی خێرە و مەندەکان بەشی زۆری ئەگەر هەمووی نەبێت بۆ خۆیانه و خوا هەڵناگرێ لایەنەکانیش نوتقیان لێوە نایەت...
ئەمڕۆ بنەماڵە و پارتی لایەکی هەرێمیان بۆ خۆیان بردووە جگە لە خۆیان کەس بۆی نیە بڵێ لەل ، ئیتر کات و هەقی خۆیەتی لە ناوچەکانی تر و بەتایبەتی (سلێمانی) بیر لە چارەسەرێکی سیاسی- ئیداری گونجاو بکرێتەوە کە لە هەموویان واقیعی تر دروستکردنی هەرێمێکی سەربەخۆی سلێمانی و هەڵەبجە بێت و لە فورسەتێکیشا "گەرمیان " بکرێت بە پارێزگا و ئەو سێ پارێزگایە هەیکەلی ئیداری هەرێمەکەی لەسەر دابمەزرێت، بەش بەحاڵی خۆم تا سەر ئێسقان لەگەڵ هێنانەکایەی ئەو هەرێمەم ، بەمەش دونیا کاول نابێ، دیارە قەدەر وای کردووە کە ئەم ناوچەیەی ئێمە تا لە بنەماڵە دوورتر بێت ئارام و دڵنیا تر بین و فریای سەرخورانی خۆمان بکەوین، با چیتر نەوت و داهاتی ئەم ناوچەیە نەخرێتە مەزادەوە و خێر و بەرەکەتی خاکەکەی بۆ دانیشتوانەکەی بێت نەک بۆ قاسە و گیرفانی چەند کەسێکی غەریب و نا ئاشنا پێ ی ، بێ بەش کردنی خەڵک لە داهات و سەرچاوەی بژیۆی خۆی جۆرێکە لە خیانەت و بەرامبەر بە خیانەت هەموو جۆرە خەبات و بەگژاچونەوەیەک ڕەوایە و هێنانە کایەی ئەو هەرێمەش لە چوارچێوەی ئەو خەبات و هەنگاوە مەدەنیانەیە و دڵنیاشم ئەوە ش بۆ چونی زۆربەی دانیشتوانی ناوچەکە بێت و بۆ ڕاستی شیکردنەوەکەش ئەکرێت لە ناوچەکە "سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان " ڕیفراندۆمێک رێک بخرێت کە : ئایا خەڵک بۆ باشترکردنی گوزەران ی ژیان و دابین کردنی پاشەڕۆژێکی کراوە و مسۆگەرتر ، پێیان باشە ناوچەکەیان بکرێت بە هەرێمێکی سەربەخۆ لە ڕووی ئابوری و ئیدارییەوە ، یان نا...؟
کۆمەڵانی خەڵک ئەبێت لەوە تێ بگەن تا بنەماڵە و حیزبەکەی مابێت سوود لە یەک قەترە نەوت و یەک گرام داهاتی شەرعی خۆیان نابینن ، مامۆستایەک بە دوو سێ مانگ جارێک چارەکی !موچەکەی خۆی وەربگرێت و کوڕی بە ناو سەرۆکی! حکومەتیش لە تورکیا قاوەیەک بە چوار هەزار دۆلار بخواتەوە ؟! گەر ئەمە ئاساییە کەواتە ئەو وەزع و حاڵەی بنەماڵە و حیزبەکەی بەسەر هەرێما هێناوێانە ئەوەش ئاسایی و زۆر ئیعتیادیە ، و موبارەکمان بێت ....وەک ئەبینرێ و بێ ئەوەی ئیعلان کرا بێت بنەماڵە بە فیعلی بەشێکی لە هەرێم بۆ خۆی جیا کردۆتەوە و بە ئارەزوی خۆی تەراتێنی تیا ئەکات بێ ئەوەی حساب و ئیعتیبار بۆ یەک کەس و لا و کاردانەوەیەک بکات، کاتی ئەوە هاتووە ئێمەش بە حساباتی خۆمان بچینەوە و بیرێک لە مناڵەکانمان و نەوەکانی ئایندە بکەینەوە ، هەموو بگەینە قەناعەت کە دەستە وسان دانیشتن بەرامبەر بە دەسەڵاتی هەرێم موسیبەتێکی گەورەیە و هەر خۆشمان باجەکەی ئەیەین ، ئەو حکومەت و بەناو دامەزراوە حکومیانە هەر پیرۆز بە بنەماڵە بێت و ئەوەنەی بیر لەوە بکەینەوە بیرلە دامەزراندنی هەرێمێکی سەربەخۆی لای خۆمان بکەینەوە ، ئەو کاتە وەک ئەوترێت هەم خواشمان لێ ڕازی ئەبێت و هەم عەبدیش، جگە لە مەسەلە ویژدانی و ئەخلاقیەکان............
ئیتر کۆمەڵانی خەڵک بە تەواوەتی هەراسان بوون ئەبێت و ئەکرێت وەڵامی ئەو پرسیارە بەینەوە کە : چیمان پێ ئەکرێت؟ گەر مشورێکی خۆمان لە ئێستاوە نەخۆین ، تا ماوین ئەبێت بڵێین : ئەم نانه بەو ڕۆنە..نەوەکانی داهاتوش لەسەر نان و ڕۆنێک لێمان خۆش نابن........
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست