غروری سەرکردە کوردەکان
Wednesday, 21/09/2016, 18:51
کاتێک سەرکردەیەکی چیچان سەردانی ڕووسیای کرد لەگەڵ هاوتا ڕوسیەکەی کۆبووە ، لە هۆڵی کۆبوونەوەکەدا شوێنی سەرکردە ڕووسیەکە لە سەرەوەی هۆڵەکە بوو و کورسی دانیشتنەکەی بەرزتر بوو لە کورسی هاوتا چیچانییەکەی، شوێنی دانیشتنی چیچانیەکە لە خوارەوەی هۆڵەکەوە بوو ، نیشانەیەک بوو بۆ گەورەی و هەیمەنەی ڕووسیا ، کە نابێت ئەتەکێت و ئەخلاقی پەیوەندی دبلۆماسی و سیاسی بەو ڕەنگە بێت . کاتێک سەرکرده چیچانییەکە ئەو دیمەنەی بینی کۆبوونەوەی ڕەتکردەوە ، ووتی : من نوێنەری گەلی چیچانم گەلەکەم هیچی کەمتر نیە لە گەلی ڕووسی دەبێت لە یەک ئاست دا کۆبونەوە و دانیشتن و ڕێکەوتن ئەنجامبدەین . لەبەرئەوە هاوتا ڕووسیەکەی ناچار بوو ئسلوبی کۆبوونەوەکه بگۆڕێت بە شێوەیەک کە هەردووکیان لە یەک ئاسەدا بن .
ئێمەی کوردیش سەرباری دەیان نموونەی خراپی مامەڵەی دبلۆماسی و سیاسی و شکاندنی هەیمەنەی کەسێتی میللەتی کورد لە کەسایەتی سەرکردەکانمان دا . نموونەیەکی پۆزەتیفیشمان هەیە . کاتێک وەزیری کشتوکاڵی هەرێم سەردانی بەغدادی کرد بۆ کۆبوونەوە و ڕێکەوتن لە گەڵ هاوتا عێراقیەکەی دا ، لە هۆڵی کۆبوونەوە دا کورسی دانیشتنی وەزیرەکەی هەرێم نزمتر بوو لە ئاستی کورسی هاوتاکەی ، لە هۆڵی کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانیش تەنیا ئاڵای عێراق دانرابوو . کاتێک وەزیر ئەم دیمەنەی بینی کۆبوونەوەی ڕەتکردەوە ووتی : من نوێنەری گەلی کوردم گەلەکەم هیچی کەمتر نیە لە گەلی عەرب . لەبەر ئەوە وەزیری کشتوکاڵی عێراق ناچار بوو ئسلوبی کۆبوونەوەکە بگۆڕێت و ئاڵای کوردستانیش دانێت . سەرگرتنی ئەم سوکایەتیە شکاندی غروری کورد بوو لە کەسایەتی وەزیردا . بەڵام ئەم هەڵوێستە کوردانەیەی وەزیری کشتوکاڵ شایەنی دەست خۆشییە سەر بە هەر حیزب و فکر و ئایدۆلۆژیایەک بێت و شانازیەکی گەورەی تۆمارکرد لە مێژوو دا .
پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆ هەیە لە نێوان زانستی سایکۆلۆژی و زانستی مێژوو دا بەواتایەکی دیکە لە نێوان دەروونی مرۆڤ و ڕووداوە مێژووییەکان .
بۆ نموونە ئەو کاتەی سەرکردەیەکی کورد لەگەڵ سەرکردەیەکی بێگانەدا کۆبونەوە و ڕێکەوتن دەکات ، سەرکردە کوردەکە بە سایکۆلۆژیایەکی شەرمن و خۆ بە بچوک و کەمزان و کەسایەتیەکی لاوازوە بچێتە مامەڵەکەوە ئیدی سەرکردەی بەرامبەر هەموو مەرج و بەرژەوەندی ووڵاتەکەی لە ڕێکەوتنامەکەدا جێگیر دەکات . کە سیاسەتی دەرەکی کورد بە درێژایی مێژوو گیرۆدەی ئەم گرێ دەروونیە بووە ، ئەم مامەڵەیە بە درێژایی ماوەی ڕێکەوتننامەکە کاریگەری ڕاستەوخۆی لە سەر ڕووداوە مێژووییەکان دەبێت . چونکە ئەوسەرکردەیە وەکو نوێنەری گەل ئەو ڕێکەوتننامەیەی ئەنجامداوە و وێنەی ئەو وێنەی کۆی نەتەوەیە . گەر چاو بخشێنرێتەوە بە ڕێکەوتننامەکانی نێوان کورد و تورکیا یا عێراق یا ئێران یا هەر ووڵاتێکی دیکە ئەمە بە ڕوونی دەبینرێت وهەیمەنە و باڵادەستی ئەوان باجی ئەو سایکۆلۆژیا وێرانەیەیە .
سیاسەتی دەرەکی ئێمە خاوەنی هیچ غرورێک نیە کاتێک سەرکردەیەکمان دەچێتە دەرەوەی هەرێم زۆرجار لەلایەن باڵوێزی عێراق لەو ووڵاتە پێشوازی لێدەکرێت یان لەلایەن وەزیرێ یان جێگر وەزیرێکەوە پێشوازی لێدەکرێت ، لەلایەن هاوتاکەیەوە پێشوازی لێناکرێت و لە هۆڵی کۆبونەوە و کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانیشدا تەنیا ئاڵای ئەو ووڵاتە دەبینرێت ، کە دەبێت پێش وەخت لە بانگێشت نامەکە یان بەرنامەی سەفەرەکەدا ئەوە لە بەرچاو بگیرێت لەگەڵ کێ کۆبونەوە دەکرێت ؟ سەنگ و قورسایی میللەت لە کوێی ئەم پەیوەندیەدایە؟ بوونی هەر هەڵەیەک ڕەتبکرێتەوە غروری میللەت لە پێناو ئیمتیازاتی حیزبیدا هەڕاج نەکرێت .
ڕاگەیاندنە حیزبیەکان هەمیشە سەردانەکان به سەرکەوتووی و مێژووی ناوزەند دەکەن . دەڵێن : سەرۆک سەردانێکی سەرکەوتووی مێژووی ئەنجامدا و دەوڵەتی کوردی ڕادەگەیەنێت . هەروەکو بەختیار عەلی دەڵێت : ( ئەوکات جەنابی سەرۆک لە سەفەر گەڕایەوە ، هەموو دەیان گووت مژدەی خۆشی هێناوە ، قەولی لە ئەمریکا وەرگرتووە و دەوڵەتی کوردی دابمەزرێنێت ، بەڵام من دەمزانی ئەوە چ کڵاو لەسەرنان و دەسبڕیەکە ئەوەتەی دوو گوێم لێڕواوە هەر سەرۆک بۆ پشکنینی مەیاسیری یان بۆ پڕکردنەوەی دانێکی کلۆر چوبێتە دەرەوە گووتویانە سەرۆک دێتەوەو بەیاننامەی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی دەخوێنێتەوە ) .
حاکمی زۆنی سەوزیش لەگەڵ فەرماندەیەکی سوپای پاسداران دا کۆدەبووە ، بەڵام لە ڕاگەیاندنی حیزبەکەیەوە دەیان گووت : حەکیمەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیدارێکی سەرکەوتووی ئەنجامدا.
سەردانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ووڵاتی سعودیا کاتێک پادشای سعودیا دەستی دەگرێت و پێکەوە ڕێدەکەن خراپترین وێنەی تێکشاوی میللەتی نیشاندا . چونکە ئەو مامەڵەیە لە وێنەی سەردەست و ژێردەستە دا یان ئاغا و ڕەعیەت دا یا ئیمپڕیالیزم و کۆڵۆنیالیزم دا بەرجەستە بوو .
سەرۆک نوێنەری گەلە سوکایەتی کردن بەو سوکایەتیکردنە بە میللەت لە کەسایەتی سەرۆک دا . شکاندنی غروری ئەو شکاندنی غروری نەتەوەیە لەبەرامبەر گەلی هاوتادا . لەبەرئەوە ڕازی بوون بە دانیشتن و کۆبوونەوە و ڕێکەوتن لەگەڵ جگە لە هاوتای سەرۆک کاریگەری نێگەتیفی لەسەر ڕووداوە مێژووییەکان دەبێت و هۆی ئەمەیە گەل و تاکی کورد بە پلە دوو تەماشا کراوە و دەکرێت .
غروری تێکشکاوی دەرەکی تەواو پێچەوانەیە لە ناوخۆدا و کۆبونەوە و ڕێککەوتننامەی ناوخۆی لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و نەتەوەیی بە نەمانی شان و شکۆ و هەیمەنە دەزانرێت . هەریەکەیان خاوەن دروشمێکن یەکیان مافی چارەی خۆنوسین و سەربەخۆی سیاسی و نەتەوەیی ، ئەوی تریان دادپەروەری کۆمەڵایەتی هاوڵاتیبوون و گۆڕانکاری و بە دامەزراوی و نیشتیمانیکردنی دام و دەزگاکان و هێزی پێشمەرگە ، هەندێکی دیکەیان ئیسلامەتی و دادپەروەری دروشمیانە .ئەمانە وەکو دروشم جوان و بەمانان ، بەڵام دەبێت تێکەڵ و ئاوێتە بکرێت غروری شەخسی فەرامۆش بکرێت و وەکو یەک دەستە و گروپ کاربکرێت گوتار و کردار بکرێت بە سیستم و پلانی ستراتیجی نەتەوەیی و نیشتیمانی . ئێوە لە پێناو بەرژەوەندی حیزبی و بنەماڵە دا چەند جار لەگەڵ بەعس و فەخامەت و ئاغای ئێرانی و تورکی فاشست دا ڕێکەوتن . لەبەرئەوە بەرژەوەندی نەتەوەیی لە ناوخۆش دا ئەوەدێنێ ئەویان هەندێ تەنازول بکات و بێتە سلێمانی ئەمیان بچێتە هەولێر چۆن پێشتر لە پێناو گەیشتن بە دەسەڵات چەند جارێک چووە پیرمام و سەری ڕەش ، ئەوانەی تریان بچنە هەولێر و سلێمانی . ئەم غرورە بۆش و بەتاڵەی ناوخۆ خۆڕاگری پێشمەرگە و میللەتیش بێ بەرهەم دەکات ، لەناوخۆدا زیاتر پارچە پارچە دەبین پیلانگێڕی نێودەوڵەتی و هەرێمی لەدژمان لە ئارادایە .
ئێمە هەمیشە ئاین و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و کلتور و مێژوو و سروشت و جوگرافیاکەمان تۆمەتبار دەکەین بەوەی لە بەختمان نەبووە ، کە ئەمە پێچەوانەکەی ڕاستە . سەرکردەکانی ڕابردوو بەوە تۆمەتبار دەکەین کە نیشتیمانی و نەتەوەیی نەبوون . بەڵام کام سەرکردەی ئێستامان بە قەد بەدرخان نەتەوەییە کە پەیمانی پیرۆز ببەستێت و سوێند بخوات تەنیا کار بۆ سەربەخۆی کوردستان و سەروەری یاسا و سەربەخۆی ئابوری دەکات ؟ یان ، کام لە سەرکردەکانی ئێستامان ئامادەن لە پێناو بەرژەوەندی میللەت وەکو قازی محەمەد بچێتە بەردەم پەتی سێدارە ؟ گەر بەشێک لە ڕەخنەکانمان سەبارەت بە ڕابردوو ڕاست بێت ، ئەوە ڕابردوی ئێمە ئێستایەک بووە بۆ پێشینان ، ئێستای ئێمە لەم سەردەمی پێشکەوتنەدا ڕابردویەک دەبێت بۆ نەوەی داهاتوو ، ئێستا ئێمە چیمان کردووە بۆ نەوەی داهاتوو ؟ سەرکردەکانی ئێمە لە پێناو غرورێکی بەتاڵ دا چەندین هەلیان لە باربرد ، کە دەبێتە ڕابردوویەکی نەفرەتاویی بۆ نەوەی داهاتوو . لەبەر ئەوە بەو هەموو بەڵگەیەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد بونەتە شێری ماڵ و ڕێوی دەرەوە ، لە کاتێکدا ئێمە پێویستمان بە شێرێکی دەرەکی و پارێزەرێکی یاسایی ناوخۆی هەیە .
ئۆباما دوای هەشتا ساڵ لە گرژی و ئاڵۆزی سەردانی کوبای بە تەنازول و شکاندنی غرور نەزانی لە پێناو بەرژەوەندی ئەمریکادا ، هەڵوێستی سەرۆکی کوباش کە ڕێگەی نەدا ئۆباما دەست بخاتە سەر شانی وەکو هێمای ژێر دەستەی بەهێز و تۆکمەکردنی ئیرادە و غروری گەلی کوبا بوو لەبەرامبەری ئەمریکادا .
ئەردۆغان دوای ئەوەی فڕۆکە جەنگیەکەی ڕووسیا لەلایەن تورکیاوە تێکشکێنرا ، لە پێناو بەرژەوەندی نەتەوەکەی و بۆ دژایەتی کورد لە ڕۆژئاوا تەنازولی لە غروری شەخسی کرد و سەردانی مۆسکۆی کرد .
گەر سەرکردەکانی ئێمەش لە ناوخۆدا پەیڕەوی کاری هاوبەش بکەن بۆ چارەسەری کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم و قەیرانی ئابوری و سیاسی و یاسایی و قەیرانەکانی دیکە هەرگیز تەنازول نیە بەڵکو وەرچەرخانێکی گەورە ڕوو دەدات و تۆمارکردنی سەروەرییەکی مێژووییە کە ئێستای ئێمه بوو بە ڕابردووی نەوەی داهاتوو بەر نەفرەتی مێژوو و گەل ناکەون دەبن بە ناوێکی درەوشاوەی مێژووی هاوچەرخ و ڕزگاریخوازی کورد .
کوردستانپۆست: ئەو بابەتەی خوارەوە لێکچوونی لەگەڵ ناوەرۆکی ئەم بابەتەدا هەیە:
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست