یەکێتی کۆپی پارتییە جیاوازییەکانیان تەنیا لە رەنگدایە
Tuesday, 20/09/2016, 21:15
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٠ / ٠٩ / ٢٠١٦ مستەفای حەسەنە گەورە، کە یەکێکە لە ئەندامانی ستافی کوردستانپۆست، لە خاڵی پشکنینی پێنجوین لەگەڵ چوار مامۆستای دیکە رادەگیرێن و دوای ئەوە بۆ شوێنی نادیاریان دەبەن، بەڵام بۆ خۆی زوو فریا دەکەوێت و پەیوەندیی دەکات و لە گرتنەکەی ئاگادارمان دەکاتەوە، بەڵام بۆ خۆی فریای ئەوە نەکەوت، تا رووی بکاتەوە ئایا لەکاتی چوونیاندا بووە بۆ پێنجوین، یان لە کاتی گەڕانەویاندا بووە، بەڵام بە پێی ئەو کاتەی تەلەفونەکەی تێدا کردووە کاتژمێری سێ و چارەکی پاش نیوەڕۆ دەبێت، واتە پێدەچێت کاتی گەڕانەوەیان لە پێنجوینەوە بەرەو سلێمانی بووبێت.
مستەفای حەسەنە گەورە هەرچەندە ئەندامێکی ستافی کوردستانپۆستە. ماوەی چەند ساڵێکە لە نێوان دانیمارک و کوردستاندا هاتوچۆ دەکات، بۆ خۆی وەک کەسێکی ئازاد کۆمەڵێک چالاکیی مەدەنی و رۆژنامەنووسی و دیداری تەلەفیزیۆنی ئەنجام داوە، لەوانە رێکخراوی کۆبانی بۆ یارمەتیدانی ئاوەرەکانی رۆژئاڤا لە کەمپی عەربەت، دوایینیان پشتگیریی و هاریکاریی بۆ چالاکیی بەرەی خەڵک، کە تێیدا هۆشدارییان بە دەسەلاتی حکومەتی بەناو کوردی داوە، ئەگەر تا رۆژی ٢٧ی ئەم مانگە بە دەنگ داواکارییەکانی خەڵکی کوردستانەوە نەچن، هاوڵاتییە توڕەبووەکان کاردانەوەیان دەبێت، هەر بۆیە دەسەڵاتی یەکێتی لە سلێمانی ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارە بێموچەکانی خۆی، کە جلی سەربازی عیراقییان لەبەردایە، وەک پێشمەرگەی سەردەمی شاخ ناویان دەبەن، لە ناوچە نائارامەکاندا کێشایەوە، لە ترسی ئەو رۆژەی نەکا خەڵکی توڕەی کوردستان پەلاماری ئەم بنەماڵە خائین وناپاکانە بدەن، تا ئەو پێشمەرگە جلی سەربازلەبەدابووانە پارێزگارییان لێبکەن.
شایانی باسە ئەم رووداوە کە رووی دا، هیچ کام لە راگەیاندنەکانی باشوور، میدیا ئەهلییەکان، تەلەفیزیۆنەکان باسیان لێوە نەکرد، جگە لە کەناڵی ئێن ئاڕ تی نەبێت، ناوی مەستەفایان وەک ژمارەی پێنجەمی مامۆستا ناوهێنا، ئەمەش ئەوە دەردەخات، کە راگەیاندنەکانی باشوور لەگەڵ دەسەڵاتی خیانەتکاری کوردی لە باشوور لە کۆمەڵیک خاڵکدا هاوبەشن، ئەویش دژایەتییکردنی ئەو کەسانەیە، کە سەر بە خۆیان نیین و کۆیلە و کەوت نەکراون.
دیسان پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سەرچاوەیەک لە ئاسایشی سلێمانی ئەو زانیارییەی بە کوردستانپۆست دا، کە پاش دەستبەسەرداگرتنی تەلەفون وموبایلی مستەفا حەسەنە گەورە و ئەوانی دیکە، هەوڵیان داوە، بزانن لە ناو موبایلەکانیاندا چ پەیوەندیی و زانیارییەک لە نێو ئەو موبایلانەدا کراوە، تا وەکو کاری موخابەراتی کەڵکی لێوەربگرن، هەرچەندە هەندێک لەوانە کۆدەکانیان نەزانیون. لەو بارەیەوە ئێمە لە پەیوەندییدا دەبین. بە زۆر موبایلەکانیان لێ وەرگرتوون و تا ئیستا پێیان نەداونەتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست