کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وریا بن مەسئولە خەتەرەکە هات

Monday, 19/09/2016, 0:25


لە گەرمەی ئارەقڕشتنی رۆژانی کرێکاری بەر ئەو هەتاوە بێ کارەباییەدا، لە گەرمەی جمەی بازاڕی هەژاران و هەرزانفرۆشی دنیای بێ نەواو برسیەکان و سوڵکەرەکاندا، کۆمەڵێك چەك بە دەستی رەزا قورسی چەورە دەوری کابرایەکی قەزەمیان داوەو جار جاریش بە قۆناغە تفەنگ دەکێشن بەسەری ئەوانەی کە زوو را ناکەن و دوور ناکەونەوە، هەندێك لە خەڵکەکە لە دڵی خۆیاندا دەیانگۆت دەبێت ئەوە دەجال نەبێت؟ بەس من نەمبیستووە دەجال هەر رۆژەو روخسارو و شێوەیەکی هەبێت! ئەم قەزەمانە بە دەیان و بگرە بە سەدانیان لە هەموو پارچەیەکی کوردستاندا بڵاوبوونەتەوەو خەونەکانی هاوڵاتی دەتاسێنن، شەوان دەچنە خەونی کۆرپەی ساواو میزیان بە خۆدا پێ دەکەن، بەڵام خەڵکەکە بە دزیەوە تف لە وێنەکانیان دەکەن کە لە گەڵ مانشێتی هەواڵەکان بەیانییان بازارەکان شێلو دەکەن، بە دزیەوە میز دەکەن بە پۆرترێتە شکاوەکانیان کە دوای میهرەجانەکان، منداڵانی سبوغکەری پێڵاو دەیخەنە بن خۆیان تا پیس نەبن، یان دەیکەن بە کەپر تا لە هەتاو و باران و  تۆزو خۆڵ بیانپارێزێت..
کاتێك هەر کەناڵێکی کوردیش دەکەیەوە، ئوانە یەکسەر لەسەر شاشەکە قوت دەبنەوە وەك ئەوەی ئەمە بەخت و قەدەرمان بێت، لەگەڵماندا بخەون و شەو بکەنەوەو تەنانەت لەناو هێڵەکانی هزریشماندا سەیتەرەیان دانا بێت، دڵمان تێکەڵ  دێت و زەوقمان تێکدەچێت کە لە سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکانیش دەیانبینین، دەی لۆ نا؟ خۆ ئەوان هەر بارێکی گرانن بەسەرمانەوەو لە نەهامەتی و ماڵوێرانی و کلک لەقاندن بۆ وڵاتانی دوژمنی کوردی وەك ئێران و تورکیاو سوریا هیچ کارێکی تریان نەکردووە، لە بار گرانکردنی سەر شانی هاوڵاتیان و دروستکردنی قەیرانەکان زیاتر هیچ خزمەتێکیان بە ژیانی هاونیشتمانیان نەگەیاندووە، لە تیرۆری رۆژنامەوان و کوشتنی کەسانی سڤیل و ئازادو نانبڕینی خەڵکی بە هەڵوێست هیچ داهێنان و پرۆژەیەکی باشیان نەبووە بۆ گەل.  مێژوویەکیان هەیە لە تۆماری ناپاکی و کوردکوژی و چەتەیی و ماف زەوتکردن و دەستدرێژی و مەحروم کردن.. دەبێت مەنسورو مەسرورو مەقسودو مەحسودو بەرهەم و هێرۆو کۆسرەت و ئەبوشەوارب مەحمود و مەلا بەختیارو .... هەموو ئەوانی تر کە نامەوێت چیدی زەوقی خوێنەران تێك بدەم بە یادخستنەوەیان، چ سیفەتێکی پێشەوای دڵسۆزی میللەتیان تیا بێت و لە خەمی دۆزی میللەتدا خۆیان و بەرژەوەندیەکانی خۆیان لە بیر چووبێت؟ هەر یەکەیان لیستێکی دەیان و سەدان ناویی موچەی حیمایەی بن دیواریان هەیە و بە هۆیەوە پارووی دەمی هاوڵاتیانی پێ دەدزن، هەر یەکەیان دەیان کۆمپانیاو بازاڕو دۆنمە زەوی و شوێنی گەشتوگوزاری و سینەماو مەلهاو فڕۆکەو دورگەو بانک و بۆریە نەوتی شەخسیان هەیەو دەشڵێن ئێمە شۆڕشگێرین!! رزگارکەری میللەتین لە قەیرانەکان، دەوڵەتتان لۆ چێدەکەین، ئەم میکرۆب سەرەتانانە وەکو تێزاب بە گەرووی میللەتدا ڕۆچوون و پزیشکێک شك نابەین لە بنەوە هەڵیانقەندێ، توڕیان بداتە ناو حاویەی خەستەخانە پیس و بۆگەنەکانەوە، ئەم ڤایرۆسانە رۆچوون بە دەمارەکانی خەڵکدا بە جۆرێك خەڵکانیان بارگاوی کردووە بە بارگەی گەندەڵی و تەزویرو ململانێ و دزی و چەتەیی، ئەوانە بە سەرکەوتنەکانی تەحالوف و خوێنی راپەرێنی گەلی کوردەوە لە ١٩٩١دا پۆز لێدەدەن و بوونەتە سوورەی بەر لەشکر، لە کاتێکدا تەنها کاریان مونافەسەی حیزبی و پاکتاوکردنی نەیاران و دڵسۆزان و خۆ دەوڵەمەندکردن و داهێنانی شێوازی نوێیە لە گەندەڵی.. نە شەرمیان ماوە نە حەیا، دیان دەزگای راگەیاندنیان دروستکردووە هەتا وەك بەرلسکۆنی لە ڕێی ئیمپراتۆری میدیاییەوە دەسەڵات بگرنە دەست، کەسانێکی سادین زۆر دڵخۆش دەبن بە بینین و بیستنی موعاناتەکانی خەڵک و بست بست باڵا دەکەن و شکۆ موزەیەفەکانیان زیاتر هەڵدەچێت، ئەوانە گورگ و ڕێوی و چەقەڵ و جڕوجانەوەری زیانبەخشن و  لە هەر شوێنێك بنیتانن گەر ناتوانن رابکەن و هەڵبێن ئەوا بەر تەماتەی گەنیوو پێڵاوی کۆنیان بدەن، با کەمێك شەو بە ئیسراحەت سەر بکەینە سەر سەرین. 
هاوڵاتییەك

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە