بۆ ئەوەی رۆژئاوای کوردستان بپارێزین
Friday, 09/09/2016, 19:20
دەستکەوتەکانی رۆژئاوای کوردستان، کە لەپاش دروستبونی شۆڕشی ٢٥ شوباتی ٢٠١١ هاتە ئاراوە، کەتیایدا کورد توانی دەستبگرێت بەسەر چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا، لەوروانگەوە هەریەکە لەکانتۆنەکانی جزیرێ و کۆبانێ و عەفرین هاتنەبوون، کەدواجار بەهەرسێ کانتۆنەکە هەرێمی رۆژئاوای کوردستانیان لێدروستکرا، ئەو هەرێمەیش جگەلەوەی کە دەوڵەمەندە بەناوچەی کشتوکاڵی و هەبونی دار زەیتون و فستق و چاندنی گەنم و جۆ، لەهەمانکاتدا دەوڵەمەندە بەزۆری لەوەڕگای مەڕوماڵات و هەبونی زۆری خۆراکی سپیایی و شیرەمەنی و مرەبا و خواردنی لەقوتونراو، ئەو ناوچەیەش بەوە ناسراوە کە پیشەسازی گەورە تیایدا برەوی سەندوەو ئەقڵیەتی پیشەسازی و دەستی کار تیایدا لەپێشکەوتندایە.
لەڕوی سیاسیشەوە رێڕەوێکی ستراتیژیە کە دەتوانێت کورد هەتا نزیک دەریای ناوەڕاست بگەیەنێت، پاڵپشتێکی بەهێزیشە بۆ کوردانی باکوری کوردستان و حەوانەوەی گەریلاو کردنی بەبنکەی خۆیان، جگەلەوەی کە نمونەیەکی سەرکەوتوی هێزی ژنانی نیشانی جیهاندا، لەشەڕەکانی وەک کۆبانێ و سەرێکانی و گرەسپی و حەسەکە و شەدادەو جەزعە و شەنگال و حەڵەب و عەفرین، کە چۆن کچانی کورد توانییان شانبەشانی پیاوان لەبری جیهان شەڕ بکەن و تیرۆر تێکبشکێنن، بۆ ئەوەش دەبێت بە هەموان ئەو ڕاستیانە بیری جیهان بخەینەوەو بەهێز بێت یان بەبیرۆکەی سیاسی و دیبلۆماسی، دەستکەوتەکانی رۆژئاوای کوردستان بپارێزین.
بۆئەوەی رۆژئاوای کوردستان بپارێزین، دەبێت فشار بخەینە سەر پەکەکە کە لە باکوری کوردستان دەروازەیەکی نوێی شەڕکردن لەگەڵ ئاکپارتی و دەوڵەتی تورک بکاتەوە، بۆئەوەش دەبێت پلانی راپەڕینی جەماوەری رێکبخات، بەوەش هەم سوپا لاوازەکەی تورک رادەکێشێتەوە نێو بەرەیەکی دیکەی شەڕ لەنێو تورکیا، هەم دەستوەردانی تورک لەسەر رۆژئاوای کوردستان لاواز دەکات.
بۆئەوەی رۆژئاوای کوردستان بپارێزین، باشترین چارەسەر ئەوەیە، کە کورد لەمابوک (مەنبەج) بەشێوەیەکی کاتی بکشێتەوە بۆ نێو رۆژهەڵاتی روباری فورات، بۆئەوەش رێگە بدات بە سوپای ئازادو تورک کە تا باکوری حەڵەب بڕۆن، دەبێت ئەوە لەیاد نەکەین، بەگەیشتنی ئەو هێزە بۆ باکوری حەڵەب، بەرەیەکی نوێیی شەڕکردن، لەنێوان سوپای ئازاد بەراوبەر بە هەریەکە لە ( سوپای سوریاو داعش و جەیش فەتح و جەبهەتشام) دەکەوێتەوە، دەبێت ئەوە بزانین ئەو چەند هێزە هەمویان حەڵەبیان دەوێت و هیچ هێزێکیشیان ئەوی دیکەی قەبوڵنییە، بائێمەی کورد ئەم دەرفەتی شەڕکردنەی نێوان ئەو پێنج هێزە لەکیس خۆمان نەدەین و رێگا لەلاوازبونیان نەگرین، چونکە بەشەڕی نێوان ئەوان دژ بەیەکتر، ئێمەی کورد قازانج دەکەین و ئەوان بە لاوازی دەکەونە بەردەستمان.
بۆئەوەی رۆژئاوای کوردستان بپارێزین، پێویستمان بەڕێکخستنی خۆپیشاندانی لۆبی کوردە، لەسەرجەم ووڵاتانی دونیاو خستنەوە یادیان، کەکورد لەبری جیهان لەباشورو رۆژئاوای کوردستان شەڕی تیرۆری کرد، بۆئەوەش ئەوان دەبێت شانبەشانی کورد دەستکەوتەکانمان بپارێزن.
بۆئەوەی رۆژئاوای کوردستان بپارێزین، دەبێت کوردانی رۆژئاواو شەڕڤانان لەبەرەکانی شەڕ دژبە داعش و هێزەکانی دیکەی سوریا، بەتەنها بەرگری بکەن و چیتر پێشڕەوی نەکەن، تاوەکو هێزی خۆیان بەراوبەر بەهیچ هێزێکی دژبە کورد بەخەسار نەدەن، بەومەبەستەی کە دەبێت پشو بدەن بەهێزەکانی شەڕڤانان، لەوڕوانگەشەوە ئەگەر جیهان ناتوانێت کورد لەپلانی نێو دەوڵەتی بپارێزێت، بائێمەش لەبری جیهان شەڕ نەکەین.
بۆئەوەی رۆژئاوای کوردستان بپارێزین، کاتی ئەوەهاتوە کە (پەکەکە) نوێنەرایەتی خۆی بنێرێتە لای ئیسلامی و چەپ و نەیارەکانی دژبە ئەردۆگان و بەرەی دژە ئەردۆگان لەچوارچێوەی پلاتفۆرمێک پێکبهێنن، لەهەمانکاتدا پەکەکە دەتوانێت دانیشتن لەگەڵ (فەتحوڵڵا گیولەن) رێکبخات و پلانی ستراتیژی دژبە ئەکەپەو ئەردۆگان دابنێت، چونکە هەموان ئەوە دەزانین، لەئێستادا ناوخۆی تورکیا شڵەقاوە، ئیسلامیەکانی شوێنکەوتەی ئەکەپە، شیرو تیر لەئیسلامییەکانی بزوتنەوەی خزمەتی سەربە فەتحوڵڵا گیولەن دەکوتن، کاتی ئەوەهاتوە کە ئەم دەرفەتە بقۆزرێتەوە، بەرەی دژە ئەردۆگان فراوانتر بکرێت.
بۆئەوەی رۆژئاوای کوردستان بپارێزین، دەبێت عەفرین بخرێتە ژێر چاودێری سوپای روسیاو هاوپەیمانان، چونکە عەفرین شوێنێکی ستراتیژییە، بەڵام لەئێستادا گەمارۆ دراوە بەتورکیاو هێزەکانی دژەکورد، ئامانجی دوای جەرابولس کانتۆنی عەفرینە، بۆ ئەوەش دەبێت پەیەدە و کوردانی رۆژئاوا، داوا لەروسیاو هاوپەیمانان بکەن، بنکەی سەربازی و ئاسمانی خۆیان لەعەفرین بکەنەوە، هەرچۆن داوا لەئەمریکا کرا، کە بنکەی ئاسمانی لەناوچەی رومێلانی سەر بەکانتۆنی جزیرێ کردەوە.
ئەو بنکە سەربازییە چەند ئامانجێک دەپێکێت، هەم کورد لەتیرۆر دەپارێزێت و هەم لەداگیرکاری تورک، لەهەمانکاتدا دەبێت بەجۆرە دانپیادانانێک بەناوچە کوردییەکان و عەفرینیش لەدورەدەستی دەپارێزێت.
بۆئەوەی رۆژئاوا بپارێزین، دەبێت هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان، نێوان خۆیان یەکبخەنەوەو کێشەی نێوان ئەنەکەسەو پەیەدە چارەسەر بکەن، دەکرێت پەیەدە پێشمەرگەی رۆژئاڤا، بەناوی شەڕڤانانی کورد لەژێر چەتری سوپای نیزامی خۆی رێکبخاتەوە، لەنێو لیواو هێزە کوردییەکانی رۆژئاوا جێگیریان بکات و بە هەمویان یەک سوپایان لێدروست بکات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست