ئەم بەرپرسانەی خۆمان شێتن یان شەرم ناکەن؟
Wednesday, 07/09/2016, 19:37
لە مێژوودا زۆرێک لە سەرکردەکانی جیهانی هەن کە بە شێت و دێوانە ناسراون و، نەک شتێکی نامۆیان کردبێت، بەڵکو لە رووی سایکۆلۆجیەوە رەفتاری نابەجێی وایان کردووە کە بە پێوەری زانستی بە شێت عەیار بیست و چوار لەقەڵەم دەدرێن، هەندێک لە نمونەکانی ئەوانەش :
1-چارلسی شەشەم پاشای فەرەنسا: لە لایەن میلەتەکەیەوە بە چارلسی شێت ناسرابوو، چل و دوو ساڵ حوکمی وڵاتەکەی کرد . زۆر جار ناوی خۆی لەبیر دەچوو . تەنانەت زۆرینەی کات لەبیری دەچوو کە پاشای فەرەنسایە . نە ژنەکەی نە منداڵەکانی دەناسیەوە و بە غەریبیان لەقەڵەم دەدا و دەیوت نایانناسم . پێنج مانگ جارێک خۆی دەشت و جلەکانی دەگۆری . لەو باوەرەدا بوو کە لەشی لە شوشەیە . سەرەرای ئەوەش حوکمێکی باشی وڵاتەکەی دەکرد و تەنانەت بە درێژایی ئەو چل و دوو ساڵەی لەسەر کورسی بوو تاکە بریارێکی نابەجێی نەدا کە لەزەرەری هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەدابێت .
2- ئیبراهام لینکۆڵن : شانزەهەمین سەرۆکی ئەمریکا، ئەوەی پێی ناسراوبوو کە هەمیشە لەمتبونێکی قوڵدا دەژیا و زۆر جار بە بێ هۆ دەستی دەکرد بەگریان و پاش ئەوەش یەکسەر دەستی دەکرد بە نوکتە گێرانەوە و خۆشحاڵ بوون . هیچ کەس نیە نکوڵی لە رۆڵی گەورەی لینکۆڵن لە پێشخستنی وڵاتەکەیدا بکات . واتە تەنها زەرەری بۆی خۆی هەبوو وقازانجی بۆ خەڵک بە گشتی .
ئەمانە و هەروەها لە سەرجەم بوارەکاندا، خەڵکی وا هەبووە کە لە رەفتاردا شێتانە بووە یان بە راستی شێت بووە بەڵام هیج زیانێکی بە خەڵک نەگەیاندووە، بەڵکو تەنها قازانج بەخش و هەست ناسک و خۆشەویست بووە، لەوانەش: فان کوخ، تینیسی ولیامز، بیتهۆڤن، ئیدغار ئالامپۆ، هەوارد هیوز، جۆن ناش، هێمنگوای، نیوتن، ئەمانەو چەندینی تریش .
دیارە هەر یەکە لەم کەسایەتیانە نهێنی تایبەتی و سەرسورهێنەری خری هەیە، بەڵام خاڵی هاوبەشی نێوانیان ئەوەیە هەمیشە لەقازانجی کۆی گشتی گەلەکانیاندا بوون و تەنانەت هەنگاوێکیان نەهاویشتووە کە پەڵەیەکی بچوک بخاتە مێژووی خۆیان و نیشتمانەکانیانەوە .
ئەوەی روونە لای ئێمە و لە زۆر شوێنیش، نەرجسیەت بە کەموکورتیەکی گەورە دانانرێت، ئەگەر چەند زیانبەخش بێت بۆ گەل و نیشتمان، کەچی رەفتاری شێتانە لەم رۆژهەڵاتی ئێمەدا بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی، ئەگەر قازانجی بۆ گەل و نیشتمانیش بێت نەفرت لێکراوە . نەرجسیەت وا لە کەسی توشبوو دەکات کە دوژمنکاری و ملهوری و بریاری ئەوتۆ بدات بە پشت بەستن بە بەرژەوەندیە تەسکەکانی خۆی بێت بە تایبەتی، کەچی لەوانەیە زیانەکانی بۆ چەندین نەوە هەبێت و شکست بە گەورەترین پرۆژە بهێنێت .
ئەوەی روونە لە جیهاندا، لە نێوان شێتی و نەرجسیەتدا، زۆر جار سەرکردەی وا دروست دەبێت، تەنانەت تەنها لە پێناو خۆیشیدا بێت بریاری راست و دروست دەدات، لەگەڵ ئەوەشدا قازانج بە خۆی و خەڵک بە گشتی دەکَەیەنێت . لەو بارەوە نمونەمان لە مێژوودا زۆرە کە خەڵکی شێت و نەرجسیش چۆن داهێنانی کردووە، زۆر جاریش نەرجسیەکان لە کارەکانیان سەرکەوتو بوون ئەگەر تەنها مەبەستیان خۆشیان بوبێت بە تەنها .
لەم روانگەوە تەماشای سەرکردایەتی کورد بکەن، کە خۆیان بە عاقڵی جیهان لەقەڵم دەدەن و باس لە قوربانیدان و لێبوردەیی و لە خۆبردوویی و خاکی و خزمەتکاری میلەت دەزانن کەچی جێی دەستیان چۆن کەوتۆتەوە، بە تایبەتی ئەوانەی لای خۆمان کوردستانیان بە کوێ گەیان .
تۆ تەماشای ئەم ماوە کورتەی حوکمداری کورد بکە و، رەفتاری سەرکردە کاریگەرەکان هەڵسەنگێنە، هەیە وا خۆی پیشان دەدات کە لە هەموو کەسێک عاقڵتر و تێگەیشتو تر و زاناترە و، لە پێناو ئامانجێکی شەخسی لەبەردەم خەڵکدا خۆی بە زەلیل و مەلول و هەژار پیشان دەدات، کە لە رەفتارە نهێنیەکان و بریارەکانیدا دوور لە چاوی خەڵک و کامیرا چەند زیان بە خەڵک دەگەیەنێت .
وەرە سەرکردەیەک خۆی بە نەرجسی و شێت و و شەرمن و نەزان و دواکەوتو لەقەڵەم نادات و، لای خۆیەوە وادەزانێت کوفرە هەڵە بکات، کەچی ئەم هەرێمەی بەم دەردە بردووە، یاسا نەماوە، پەرلەمان ئیفلیجە، تاکرەوی و یاسا شکێنی لە لوتکەیدایە، وەزعی ئابووری بەم شێوەیە و قەیرانی هەمەچشن و دواکەوتویی و گەرانەوە بۆ خاڵی سفر باڵی بەسەر وەزعی کوردستاندا کێشاوە و، کەچی بۆ بەدبەختی ئەم گەلە ستەمدیدەیە، خۆی بە عاقڵترین سەرکردە لەقەڵەم دەدات . دەوەرە تۆ هەی ( کاکی سەرکردە ) وەزعی خەڵک با چاک بێت و ئامانجەکان بپێکە و قەیرانەکان چارەسەر بکە و یاسا شکێنی مەکە و نمونەی باش لە سیاسەت و سەرکردایەتی پێشکەش بکە و با نیوەی ئەو کەسایەتی و سەرکردە شێت و نەرجسیانەی جیهان جێی دەستت دیار بێت، هەزار و یەک جار شێت و شەرمن و نەرجسی بە، نەک خۆ بە عاقڵ زانی هیچ لەباردا نەبوو .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست