کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لەدیدی بەندەوە،٣١ ئاب بەم شێوەیەیە

Sunday, 04/09/2016, 21:26


پێشەکی؛ هەرگیز ڕووداوی ٣١ ئاب تووشی شۆکی نەکردم،ئەوەش لەبەر دوو هۆ کە یەکەمینینان پەیوەندی بەوەوە بوو پێش ئەوەی پارتی هێرش بکاتە سەر شاری هەولێر،بەندە وەك ستافی ڕێکخراوی (4RS) کارم ئەکرد و کارەکەشم بەهۆی ئەوەی لەسەر ڕادیۆو دەزگای پەیوەندی کردن بوو،بۆیە پێش ئەوە و لەزۆر ڕووداوی تردا ئەم زانی چی ئەگوزەرێ. بەهۆی دەزگای ڕایکاڵەوە بەردەوام گوێم لەو نامە گۆڕینەوەو پەیوەندیە ڕادیۆیانەوە بوو کە ئەکران و لەزۆربەی کاتدا شتی گەلێ نهێنێ ئاماژەیان پێ ئەدرا کەوا بەئاسانی لێی تێئەگەیشتم . هەڵبەت،٣١ ئاب پێش هەفتەیەك چەندین پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی زانیاری هەبوو لەنێوان هێزەکانی پارتی و حکومەتی عێراقی لە لای زۆر کەس ئاشکرا بوو بوو. دیارە ئێمەش یەکێک بووین لەو لایەنانە.
شەڕی مناڵان: هەموان ئەوەمان بەسەر هاتوە کاتێ مناڵ بووین و تووشی شەڕ ئەهاتین و پەنامان بۆ باوك،برا و هاوڕێکانمان بردوە بۆ ئەوەی یارمەتیمان بدەن وەیان (لەسەرمان بکەنەوە). هەر کاتێ تووشی شەڕێك بوو بین و لەخۆمان ڕانەبینیانە و بمانزانی بەکەسی بەرانبەر وەیان گرووپی بەرانبەر(ناوێرین) وەیان تێهەڵدان ئەخۆین،زۆر بەئاسانی یەکێکی ترمان تێوە ئەگلان و بەتایبەتی  کەسی گەورەتر و لەهەندێ جاردا ڕەنگە خۆمان وەك تەماشاکەرمان لێ هاتبێ و دواتر ئەوان شەڕەکەیان بۆ کردووین . ئەمە پێم وایە لەژیانی زۆربەماندا ڕوویداوە،بەتایبەتی سەردەمانی ئەوسا کە شەڕ لەسەر هەموو شتێك و هیچ شتێك ڕوویئەدا.
شەڕی دەوڵەوتان: هیچ شەڕێك و جەنگێك لەمێژووی دێرینەوە تا هی ئەمڕۆ بێ پەنابردنە بەر هێزی تر و داوای کۆمەك کردن لەلایەنی تر و هێزی تر،نەبوەو ڕووی نەداوە. هەر بۆ نمونە هەنووکە لە سووریا ئەبینی هەر هێزێك چەند هێزێکی تری لەخۆوە ئاڵاندووەو هەوڵ ئەدا بەسەر لایەنی بەرانبەردا زاڵ بێ،لەکاتێکدا لایەنی بەرانبەریش نەك هەر خۆی ،بەڵکە ئەویش چەندین هێزو هاوپەیمانی لەخۆی گرد کردۆتەوە تا ئامانجی شەڕ لەبەرژەوەندی خۆی ،تەواو بکا. نمونەیەکی تر،کاتێ ئەمریکا بەو هەموو هێزو توانا مرۆیی و سەربازیەی هەیەتی کاتێ ئەچێتە جەنگەوە ،چەندین هاوپەیمانی لەگەڵ دەوڵەوتان و هیزی چەکداری تر پێك دێنێ بەرانبەر لایەنی دووەم.
ڕۆڵی میکیاڤیللی: میکیاڤیللی پێی وایە پێوستە لەسەر(ئەمیر) پەنا بۆ هێزی (میشینەری)وەیان(جاش) لەکاتی جەنگدا بەرێ بۆ ئەوەی سەرکەوتن بەدەست بێنێ. ئەم پێی وایە هەموو شتێ ڕەوایە بۆ ئەمیر لەکاتی جەنگدا پشتی پێببەستێ بۆ ئەوەی جەنگ بباتەوە.
٣١ ئاب و پارتی: وەك هاوکێشەیەکی سەربازی ئەوەی پارتی کردی و پەنای بردە بەر سوپای عێراق بۆ دەرپەڕاندنی یەکێتی،کارێکی تەواو ئاساییە و لەڕوانگەی بەرژەوەندی پارتی و تێگەیشتنی سەربازیەوە،هیچ کێشەی تیا نیە. ئەوەی پارتی کردویەتی یەکەمین ڕووداوی مێژوو نیەو کۆتایش نابێ. ئەوەی پارتی کردی ،هێز نیە لە زانستی سەربازی ئەوە بەهەڵە بزانێ و زۆر لایەنی تر ودەوڵەتانی تر کردویانە.
کێشەی ٣١ی ئاب : کێشەی ئەم ڕووداوە لەوەدا نەبوە هێزی پارتی پەنا بۆ لایەنێکی تر بەرێت و لایەنی دووەم تووشی شکست بکا،بەڵکە کێشەکە لەلای بەندە بەم شێوەیەیە کە وەك خەڵکی کوردستان تا هەنووکە وەك خۆی بابەتەکەی  شی ناکردۆتەوە و نایانەوێ بەتەواوی لەم ڕووداوە تێبگەن. هاوڵاتیانی کوردستان تا ئێستێ لایەنی پارتی بەخراپ و جاش ناوئەبەن و لایەنی یەکێتی بە زوڵم لێکراو و شۆڕشگێر ،کەبەڕاستی ئەمە کرۆك و دیدی بەندەیە لەسەر ٣١ی ئاب. 
گەر ئێمە لەسەر ئەوە ڕازی بین کەوا هیچ کام لە یەکیتی و پارتی وەیان (بارزانی و تاڵەبانی) بۆ دۆزی نەتەوەیی و سەربەخۆبوونی کوردستان هەوڵیان نەداوە(کەئەمەش ڕاستیە)و نکۆڵی لێناکرێ. ئەوا گەلێ ئاسانە کە تێبگەین ئەم ڕووداوە و ڕووداوەکەی ساڵی ١٩٦٦ جوجەڵەی هەمان هێلکەن و دایك و باوکیان یەکە. واتە،هەرکام لەم دووانە هەرچیەکیان کردبێ بەرانبەر بەکورد بەفیت و هانی دوژمنانی کورد بوەو مەبەستیان تەنها بچووك کردنەوەو لاواز کردنی بزووتنەوەی کوردایەتی و گیانی کوردایەتی بوە لەلای تاکی کورد. بێ مەڵام نیە هیچ کام لەبنەماڵەی ئەم دوو بنەماڵەیە هەرگیز خوێن لە لووتیان نەهاتوە و نەکەوتونەتە بەر شاڵاوی هێزی چەکداری یەکتر. بێ هۆ نیە کاتێ یەکێ لەم جووت بنەماڵەیە ئەکەوێتە دەست ئەوی تر،گەلێ بەڕێزو حورمەتەوە ڕەوانەی ئەکەنەوەو کەچی بۆ ئەونەی خوار خۆیان(زیندان،تیرۆرو سوکایەتی)و هەموو جۆرەکانی تر لەسەریان پەیڕەو ئەکرێ.ئاخۆ،کەس ئەو پرسیارەی نەکردوە بۆچی لە ٣١ ئاب لەشاری هەولێر پارتی (هێرو و فواد مەعسوم) ناکوژن و ڕەوانەی سلێمانیان ئەکەنەوەو لەو لاشەوە بەهەزاران چەکداری یەکیتی ،تیرۆر کران. ئاخۆ،ناپرسن بۆچی مەسعود دەروازەی چەمچەڵیان بۆ ئەکەنەوە لەکاتی شەڕی ناوخۆو تا بچێتەوە شاری هەولێر .ئەمە جگە لەچەندین ڕووداوی تر کەهەمان گومان دروست ئەکا. بۆچی باڵی مەکتەب سیاسی(جەلالی) لای مەلا مستەفا زیندانی ئەکرێن و دواتر ئازاد ئەکرێن،کەچی هەر لەزیندانی ڕایات و گەڵاڵەو چەندینی تر،بەهەزارەها کەسی تر،لەسێدارە ئەدرێن.
پوختە: تا ئەو کاتەی لەوە تێنەگەین کەوا هەرچیەك لە مێژووی ٧٠ ساڵی ڕابردوو بەسەر گەلەکەماندا ڕوویدابێ و لەوە تێنەگەین کەوا ئەم دوو بنەماڵەیە پشکی شێریان تیا هەبوەو ئەجندای دوژمنانی گەلەکەمانیان تیا بەئەنجام گەیاندوە. گەلێ قورس و ئەستەمە لەوە تێبگەین کەوا ئەم دوو لایەنە هیچیان شۆڕشگێڕی کورد نەبوون. بەڵکە،تەواو پێچەوانەکەی و ئەمانە هەردوو لا دوژمنی سەرسەختی کورد بوون و هەرواش ئەمێننەوە. لایەك جاش نیەو لایەك شۆڕشگێر. بەڵکە،هەردوو لایەن جاش و ئەڵقە لەگوێی دوژمنانی کوردن و پێوستە لەیادی ٣١ ئابدا نەفرەت لەهەردوو لا بکرێ و چیتر ،وەك شۆڕشگێر و جاش هاویەکسانیان نەکەین و تەنها بەیەك چاو تەماشای هەردوو لایەن بکەین.
کۆتایی؛(ئاخ بۆ کوردستان پۆستێك)،هەڵبەت نەوەی نوێ گەلێ بەختەوەرن لەبەرئەوەی سایتێکی بوێر و بێلایەن لەئارادایە تا ڕاستیەکان وەك خۆی بڵاو بکاتەوەو ئەوەی لەڕابردوودا ئێمەیان پێ سەرشێت و گەمژە کرد بەناوی کوردایەتی و کوردستانیەت و لەو پێناوەدا چەندین کەسیان بۆ بەرژوەندی خۆیان و دوژمنانی کورد ،لەناو برد و ماڵوێران و سەرگردان کران. وا خۆشبەختانە ئەمڕۆ کوردستانپۆست  ئەو ڕێگەی مردن وچەواشەکاری و تاریکستانیەی بۆ نەوەکان ڕۆشن کردۆتەوە. ئەرکی ئەم نەوەیە ئەوەیە خۆیان لەم دوو بنەماڵەیە ڕزگار بکەن و چاوەڕێ نەکەن کەسی تر ئەو کارەیان بۆ بکا. گەر بێت خۆیان ئەم کارەی خۆیان نەکەن،ئەوا نەك هەر خۆیان ،بەڵکە نەوەکانی دوای  ئەمانیش لێیان خۆش نابن. لەبەرئەوەی ئەمان ڕاستیەکان ئەزانن و هیچ پاساوێکیان نیە.
ڕێكخراوی 4RS ڕێکخراوێکی بەریتانی بوو لە گەڕەکی ڕزگاری لەسلێمانی 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە