کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هه‌رێمێکی پڕ ناکۆکی، ناکۆکی له‌ناو ناکۆکی

Saturday, 03/09/2016, 15:57


له‌کاتێکدا هاوڵاتیان له‌وپه‌ڕی خراپی ژیاندان به‌هۆی قه‌یرانه‌ دروستکراوه‌کانی ده‌سته‌ڵاتدارانی ئه‌و هه‌رێمه‌، که‌چی تا دێت ناکۆکیه‌کان زیاتر ته‌شه‌نه‌ ده‌که‌ن، ناکۆکی له‌گه‌ڵ پارچه‌کانی تری کوردستان و دستخستنه‌ کار و باره‌کانیان و له‌به‌ر یه‌ک هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ و چاندنی تۆوی دوو به‌ره‌کی له‌ناویاندا و لێره‌وه‌ هه‌م ئه‌وان ناکۆک ده‌که‌ین هه‌م خۆشمان له‌سه‌ر ئه‌وان ناکۆکین، جگه‌له‌مه‌ ناکۆکی حزبه‌کانی خۆشمان بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی نزیکه‌ی ساڵێکه‌ حکومه‌ت و په‌رله‌مان له‌کار خراون ته‌نها ده‌سته‌ڵاتێکی خێڵه‌کی بێ هیچ یاسا و بنه‌مایه‌کی شه‌رعی خۆی سه‌پاندووه‌ به‌سه‌ر جومگه‌کانی ده‌سته‌ڵاتداو هاوشێوه‌ی دیوه‌خان و ئاغاو میرنشینه‌کانی جاران، ده‌رگای گفتوگۆیان داخستووه‌ له‌سه‌ر یه‌کتر نه‌ چاویان هه‌ژاری هاوڵاتیان ئه‌بینێ ، نه‌ گوێیان ده‌نگی ناڕه‌زاییه‌تیه‌کان ئه‌بیستێ، تاکو دێت ، بارو دۆخه‌که‌ش به‌ره‌و خراپی ئه‌چێت ناکۆکیه‌کانیش له‌ناکۆکی نێوان حزبه‌کان شۆڕ بۆته‌وه‌ بۆناو حزبێک و که‌سایه‌تیه‌کانی ناو حزبه‌کان، ئه‌وه‌ بۆ هه‌موو حزبێک ڕاسته‌ به‌ڵام به‌ ئاشکرا له‌ناو (ی ن ک ) دا زیاتر ئه‌بینرێت.
ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ جگه‌ له‌ هه‌ژاری و خراپی بارودۆخی هاوڵاتیان، له‌لای هه‌موان ئاشکرایه‌ ڕۆژ هه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌گشتی و ناوچه‌که‌ به‌تایبه‌تی به‌ره‌و ڕووی وه‌رگه‌ڕانێکی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ڕوات، که‌ خۆی ده‌بینێته‌وه‌ له‌ دابه‌شبوون و دروست بوونی حکومه‌ت و هه‌رێمی تر، ده‌کرێ وه‌ک ده‌رفه‌تێک سودی لێ ببینین، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دیسان مێژوو خۆی دووباره‌ ده‌کاته‌وه‌ خۆمان ئاماده‌نین.!
به‌درێژایی مێژوو ئه‌گه‌ر بڵێین دوژمنان ڕێگر بوونه‌ له‌به‌رده‌ممان بۆ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه‌ خۆشمان هۆکاری سه‌ره‌کی بووینه‌ به‌ڕێژه‌یه‌کی زۆر که‌ده‌توانم بڵێم له‌ (٧٥٪ )ه‌  له‌سه‌دا(٢٥٪) ی ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ دوژمن و نه‌یاران، بۆیه‌ ئه‌و ڕێژیه‌ ئه‌ڵێم چونکه‌ به‌به‌رده‌وام له‌ سه‌رجه‌م ده‌رفه‌ته‌ مێژوویه‌کان خۆمان ئاماده‌نه‌بووین، جا له‌به‌ر هه‌ر هۆکارێک بووبێت.
لێره‌دا پێویسته‌ هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ک له‌سه‌ر بوونی ئه‌و هه‌موو ناکۆکیانه‌ بکه‌ین که‌ هه‌میشه‌ بوونی هه‌یه‌ له‌ناو ماڵی کورداندا، گه‌ر باس له‌ ناکۆکی ئه‌که‌ین به‌دیوێکدا ڕه‌وایه‌ گه‌ر وه‌ک جیاوازی بیروڕا لێکی بده‌ینه‌وه‌، به‌ڵام به‌دیوه‌که‌ی تردا ڕه‌وانیه‌ ئه‌و هه‌موو ناکۆکیانه‌ هه‌ر له‌سه‌ر ئاستی پارچه‌کانی کوردستان و ناکۆکی حزبه‌کان و یان ناکۆکی ناو حزبێک وه‌ له‌ناو حزبیشدا باڵی جیاواز و له‌ناو باڵه‌کانیشدا ئاڕای جیاواز هه‌بێ جێگای سه‌ر سوڕمانه‌، له‌وه‌ سه‌یرتر ناکۆکیه‌کانه‌ له‌سه‌ر ژیان و قوتی خه‌ڵک ، یان سه‌یرتریش له‌وه‌ ناکۆکی بێت بۆ یه‌کتر شکاندن و یه‌کتر هاڕین نه‌ک بۆ به‌ره‌و پێشچوون ، سه‌یرتریش له‌هه‌موویان په‌نابردن بۆ دوژمنان ، ئه‌نجامدانی خیانه‌تی گه‌وره‌ له‌دژی یه‌کتر بۆ سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر یه‌کتر، دواتریش شانازی کردن به‌ خیانه‌ته‌کان و به‌ده‌ستکه‌وت زانینیان.
لێره‌دا پرسیارێک له‌بیری خوێنه‌ردا دروست ئه‌بێت مافی خۆیه‌تی بپرسی بۆچی ئه‌و هه‌موو ناکۆکیانه‌ به‌رۆکی ئێمه‌ی گرتووه‌ بۆچی سودمان له‌ هه‌ڵه‌و ئه‌زموونه‌کانی ڕابردوو وه‌رنه‌گرتووه‌؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ پێویسته‌ هه‌موومان باوه‌ڕمان وابێ که‌ هۆکاری سه‌ره‌کی په‌روه‌رده‌یه‌، کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ له‌لایه‌ن دووژمنان و داگیرکه‌ران وا په‌روه‌رده‌کراوه‌ که‌ هه‌میشه‌ پشت به‌ دوژمنان ببه‌ستین خاوه‌ن ئیراده‌ی خۆمان نه‌بین، هه‌میشه‌ ترسمان له‌به‌رامبه‌ر یه‌کتری هه‌بێ متمانه‌مان به‌یه‌کتری نه‌بێ ، وه‌ له‌به‌رامبه‌ردا خۆشمان به‌ره‌و ڕووی ئه‌و جۆره‌ په‌روه‌ده‌یه‌ چووین زۆر باش پێشوازیمان لێکردووه‌، بۆیه‌ هه‌میشه‌ هه‌وڵمانداوه‌ دژی یه‌کبین و پشت به‌ ده‌سته‌ڵاته‌ ده‌ره‌کیه‌کان ببه‌ستین ، جا ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر بۆ هاوڵاتیان ڕاستبێ بۆ ده‌سته‌ڵاتداران زۆر ڕاستر چونکه‌ بیرمان نه‌چێ ده‌سته‌ڵاتدارانیش هه‌ڵقوڵاوی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ن.
له‌هه‌مووی مه‌ترسیدارتر به‌رده‌وامی ئه‌و دید و تێڕوانینه‌یه‌ وه‌ به‌رده‌وامی بوونیه‌تی به‌شێوه‌یه‌کی ڕه‌سمی په‌یڕه‌وکردنی ئه‌و سیاسه‌ته‌ له‌لایه‌ن حزبه‌ ده‌سته‌ڵاتداره‌کانی خۆمانه‌ به‌رامبه‌ر هاوڵاتیان، ئێوه‌ ئاگادارن ئێستا هاوڵاتیان زۆر بێ متمانه‌ن به‌رامبه‌ر یه‌کتر به‌رامبه‌ر حزب به‌رامبه‌ر ده‌سته‌ڵات، نائومێدن له‌ هه‌موو هه‌وڵێک، ترسیان هه‌یه‌ له‌ ژیان له‌برسێتی بۆیه‌ په‌نا بۆ خۆ فرۆشی ئه‌به‌ن، وه‌ک چۆن دوژمن گه‌وره‌کانیان فێرکردوین له‌ترسی له‌ناوچوون په‌نا بۆ خۆ فرۆشی ببه‌ن په‌نا بۆ خیانه‌ت ببه‌ن، به‌هه‌مان شێوه‌ حزبه‌کانیش هاوڵاتیانیان وا ڕا هێناوه‌ که‌ په‌نا بۆ حزب ببه‌ن ببن به‌ کۆیله‌ی حزب و له‌ناو حزبیش هی سه‌رکرده‌ دیار و ده‌ست ڕۆیشتووه‌کانبن، بۆیه‌ دیارده‌ی سه‌نگه‌ر گواستنه‌وه‌ له‌و حزب بۆ ئه‌و حزب زۆر به‌دی ئه‌کرێت به‌تایبه‌تی بۆ لای حزبی خاوه‌ن ده‌سته‌ڵات و پاره‌، ئه‌بێ ئه‌وه‌ بزانین که‌ بیروڕا ئازاده‌ گۆڕینی بیروڕا کارێکی ئاساییه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێره‌ ڕوون و ئاشکرا دیاره‌ له‌به‌ر بیروباوه‌ڕنیه‌ به‌ڵکو له‌پێناو پاره‌و ده‌سته‌ڵاته‌،
دیسان خوێنه‌ر مافی خۆیه‌تی بپرسی ئه‌ی چاره‌؟ 
بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ پێویسته‌ هه‌موومان ده‌ست بکه‌ین به‌ گۆڕانکاری هه‌م له‌خۆماندا هه‌م له‌حزب و ده‌سته‌ڵاتدا هه‌وڵ بده‌ین به‌ڕاستگۆی و هه‌نگاونانی کرداری دروست بۆ گێڕانه‌وه‌ی متمانه‌ بۆتاکه‌کان و کێ بڕکێی حزبایه‌تی له‌پێناو باشترکردنی گوزه‌ران و به‌ره‌و پێشبردنی ووڵاتبێ نه‌ک زۆرینه‌و که‌مینه‌و مانه‌وه‌و خۆپارێزی بێت، وه‌رگرتنی ده‌سته‌ڵات بۆ خزمه‌ت و وه‌گه‌ڕخستنی تواناو ئه‌زموونی خۆتبێ نه‌ک  بۆ خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندکردن و ناوناوبانگ، ئه‌بێ هه‌موومان له‌بیری ئه‌وه‌دابین چیتر کۆمه‌ڵگا و نه‌وه‌ی نوێ وا په‌روه‌رده‌ نه‌که‌ین له‌سه‌ر ترس و درۆ و بێ متمانه‌یی و بێ ئیراده‌یی ئه‌گه‌رنا دۆخه‌که‌ له‌ئێستادا زۆر مه‌ترسیداره‌ هه‌مووشمان تێیدا به‌رپرسیارین به‌تایبه‌تی ده‌سته‌ڵاتداران و ده‌ست ڕۆیشتووه‌کان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە