سەرۆک مام جەلال !
Saturday, 03/09/2016, 12:13
" بابەتی یەک "
رۆژگارێکی تووش وتاڵ ودژوار بەرۆکی خەڵكی باشووری کوردستانی گرتووە. بێ گومان ئەو بارودۆخە هی ٢٥ ساڵی رابوردوو نییە کە لە پڕ لە عەرز هەڵتۆقیبێ و سەرلە نوێ هەڵە سوونەی هێنابێتەوە. لە رابوردووشدا گووتوومە لە دایک بوونی مەلا مستەفا وجەلال تاڵەبانی لە نەهامەتی زیاتر بۆ کورد چی تێدا بەستە نەبووە. کێ دەفکری کوردستانی دوای حیزبی بەعس ودوای سەددام ئاوای لێ بە سەردێ؟ کۆمەڵگایەک کە گەیشتبێتە ئاستێک کە وشتر بەو هەمووە زەبەلاحەی خۆیەوە بۆ ئەوەی هەڵ نەخلیسکێ ، خۆی بە کوونی دەرزیدا ڕۆدەکا ودەست بە کڵاوی خۆی دەگرێ تا / با / نەیبا. سەددامیان بۆ رووخاندین شایی لۆغانمان گرت . دەسەڵاتی کوردیان تێبەرداین بۆ ئەوەی قوڕ بپێوین.!
برینگی دەستی سیاسەتی ئەو دزسالارانە بۆ بڕێنی ژیانی خەڵکی هەژار تاوێک ناوەستێ. کوێخای بێبەختی رۆژگارپەیتا پەیتا نەهامەتی بۆ کۆمەڵگا دووپات دەکاتەوە. لە حاڵێکدا بەڕە شڕەی حیزبەکەی مام جەلالی کورد کوژ وەک لێفەی مەلای بە سەر هاتووە کە هەر قونێچکێکی بە دەست تاقمێکەوە خەریکی دادڕ داڕ دەبێ لە چەند رۆژی رابوردوودا مێشکی گوونی خەڵكیان بردوە بەوەی هیندی بلێن: مام جەلال دەچێتە دەرەوەی وڵات ،، مام جەلال بۆ پشکنینی نەخۆشی دەچێتە دەرەوەی وڵات مام جەلال ڕۆیی! ،، مام جەلام هاتەوە ،، مام جەلام باشە،، دوکتورەکان دەلێن رۆژ بەرۆژ بارودۆخی بەرە باشی دەڕوا ! و .....
کە چی مام جەلالیش رێک بە بارتەقای ئاتاتورک وئەردۆغان وخومەینی وسەددام و بەشآرو بابی بەشآر، کوردیان لە پێناو مانەوەی خۆی و تاقمێک پیرو پاتاڵ بە کوشت داوە. گووتم پێشمەرگە بۆتە گلادیاتۆڕ قسەی پیسم بۆ هات.ئەوانە ئەگەر پێشمەرگەی نیشتمان ونەتەوەی کورد بن سەرەتا حیسێبی خۆیان دەگەڵ جاش داعشەکان ناوخۆیی پاک دەکەن ، پاشآن بەرەنگاری داعشی بەغدادی دەبنەوە. هەر ئەوڕۆ لە سەر مووچە وەرگرتنی مانگانەدا لە ناحیەی جەبارەی قەزای کفری / دوو / پێشمەرگە بۆتە شەڕێان ویەکیان ئەوەی دی لە سەر وەرگرتنی مووچە کوشتووە وبۆ خۆشی بریندارە ! ! باشە ئەوانە لە کوێ پێشمەرگەن ؟ هەر جارێک بەو شێوەیە ژیانی رۆژانەی پێشمەرگە دابین بکەن و چەند کەس بنە قوربانی مووچەیەکی مانگانە دەبێ بنە ماڵەی ئەو پێشمەرگانە چۆن بیر بکەنەوە وچییان بە سەر بێ؟ ئەگەر بارودۆخی ژیانیان دژوارە بۆ چی لە سەر مووچەی مانگانە بۆ مەحموود سەنگاویەکان خۆیان بە کوشت دەدەن.؟ تۆ بڵیی بەرپرسەکانیش بەو شیوەیە مووچەی مانگانەی خۆیان وەردەگرن ؟ بڕۆن لە سەرۆک مام جەلال بپرسن ؟ پێشمەرگە بۆ تە کۆمپانیای شەڕ بۆ ئامریکا وبۆ پاراستنی ئاسایشی ئامریکایە کە منداڵی کورد شەهید دەبێ. ئەگەر وا نییە چۆن دەبێ دەسەڵات داوا لە ئامریکا بکا مووچەی مانگانەی پێشمەرگە بدا.!
" بابەتی دوو"
رەخنەیەکی دۆستانە لە تەفگەری ئازدی
ئەو حەڕەکەتە لە پێشوودا ناوی پاڕتی / چارەسەری / بووە.بە پێی باوەڕەی من هەڵسووڕاوانی ئەفگەڕی ئازادی دەبێ جیاوازیان دەگەڵ دەسەڵات هەبێ. چون رێگوزەرورێبازی بەڕێز ئۆجەلانیان قەبوڵ کردوە. ئەگەر وایە بەرپرسن لە ئاست رووداوە دڵتەزێنەکانی کە رۆژانە لە باشوورروو دەدەن .
( وێدادیان ) وەک مەنسووری هەڵاج لە سەر حەق شەهید کرد. وێدات جگە لە بوێری وراست بێژی چێ دیکەی نەگووتبوو. بکوژەکانی دەسەڵات ئەوەندە ترسنۆک بون کە بەرگەی پێنووسی ئەو / شەهیدیان / نەگرت. لە بەر چاوی دونیای بێڕەحمی سەردەمدا / داعش ئاسا / چەقۆکێشەکانی دەسەڵاتداری هەولێر جەستەی پیرۆزیان کون کون کرد. کاتی ناشتنی ، تەرمی پیرۆزی وێدات لە دوورەوە بینیم کە جگە لە بنە ماڵەی چەند کەسی دی نەچووبوونە سەر قەبران ! پرسیاری من لە تەفگەڕی ئازادی ئەوەیە، ئێوە دامودەزگای راگەیاندنی باشتان لە بەر دەست دایە. باش دەزانن / وێدات / لە سەر چی شەهید بوو. ئەدی بۆ چی ناوی خۆتان ناوە تەفگەری ئازادی وبۆ ئازادی تێدەکۆشن. ئێوە دەبێ پارێزەری خوێنی شەهیدان بن . حەق وابوو لە رۆژی ناشتنی شەهید وێدات بەو پەڕی توانای خۆتان لە موراسیمی ئەو رۆژەدا بەشداربووبان. هیوادارم ئەو کەمتەرخەمیەتان ببێتە دەرسێک بۆ داهاتووتان کە لە هەر شوێنێکی ئەو بەشە لە وڵات دەسەڵاتی دزسالار کەسێکی ترۆر کرد ئێوە بە ئەرکی خۆتانی بزانن بەشداری لە خەمووماتەمینی شەهیدان بکەن.
" بابەتی سێ "
سازمانی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئیڕان ( کۆمەڵە ) !
لەو دەوەرەدا سیاسەت بۆتە گاڵتە جاری ووەک خڕنۆکی بیابانی لێهاتووە .ساڵی ١٩٨٧کاتیک / شا / ی ئێرانیان بۆ رووخاندین ، حیزب ورێکخراوە دارو بەردی رۆژهەڵاتی کوردستانیان تەنی. ئەو کات خەڵک زیاتر دوو حیزبی دەناسی ، حیزبی دێمۆکڕات وکۆمەڵە . ئەو جووتە حیزبە زیاتر بەرەبەرەکانێی دەسەڵات وخۆ زل کردنەوەیان پێ گرینکتر بوو تا جەنگ دەگەڵ کۆماری تازە پێگەیشتووی مەلاکان.لە ماوەی نزیک ٣ ساڵ دەسەڵاتی خۆیان هیچ پڕۆژەیەکی کوردخوازانەیان نەبووکە بیدەنە ڕای گشتی، بۆیە زۆر زوو ئاودیوی باشوور کران ودەستە بەستە وقەتیس خزاندیانە ناو کەمپەکان.
دێمۆکڕات بوونە دوو ( دێمۆکڕاتەکان ). کۆمەڵە بوونە کۆمەڵەکان لە ٤و٥یان تێپەڕاند. لەو ناوەدا حیزبی کومونیستی ئێڕان / کۆمەڵە / خۆی بە رێبازی راستەقینە ی کۆمەڵە پێناسە دەکا. کاریگەری ئەندامانی / فارس / لە سەررێبازی کومونیزم دەردێکی دا بە کۆمەڵە کە / با / بە دەواری ڕەشی نەکردبێ. ئەوەی بۆ من جێگای سرنجە داستانی کابرای کەچەڵە کە دەڵێن: کەچەڵ ئەگەر دوکتور بایە سەرەتا سەری خۆی دەرمان دەکرد ! من زیاتر لە ٥٠ ساڵە بەڕێز برایم عەلی زادە دەناسم. مرۆڤێکی دڵپاک وسادقە. ئەوەی بۆ من سەیرە ئەوەیە، لە پاڵەوە کۆماری ئیسلامی داڵ بە داڵ لێیان دەگەڕێ تا لە ناویان بەرێ. کە چی پشتیوانی کرداریان بۆ رۆژئاوا راگەیاندوە.
ئەوەم پێ کارێکی باشە. دەبا زووتر کرابایە. بەڵام پرس ئەوەیە : ئەگەر ئەو حیزبە هێزی هەیە بۆ ناچن دەگەڵ کۆماری ئیسلامی بجەنگن؟ ئەگەر لە خۆیا رادەبینن بۆ ناچن لە قەندیل جێگیر بن ؟ بە پێی کام هێزو پێشمەرگەو ئابوری دەخوازن پشتیوانی لەو شەڕە سەختەی رۆژئاوا بکەن ؟ ئەوان بە هەزار گێرەو نێرە ودەردی سەری لە ناو کەمپەکانی خۆیان سەری خۆیان بۆ راناگیرێ ئەدی چۆن یارمەتی شەڕی چەکداری بۆ رۆژئاوا دەدەن ؟. کومونیزم بارگە و بنەی تێك ناوە وبە کاری چارەسەری کێشەی کورد نایە، کەچی کومونیزمی فارس زەدەی ناو کەمپەکان بۆ رووخانی کۆماری ئیسلامی وچارەسەری کێشەی کورد خەریکە هەمیسان چەکەرە دەردەکاتەوە !
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست