شاسوار عەبدولواحیدو خوێندنەوەی بۆ (سی و یەک)ی ئابێکی تر لەسەر دەستی (یەکێتیی) و (گۆڕان) !
Friday, 02/09/2016, 19:36
لەماڵپەڕی کەناڵی (ئێن ئاڕ تی)دا، (شاسوار عەبدولواحید)ی ناسراو بەخاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی (نالیا)؛ وتاریکی بڵاوکردۆتەوە بەناوونیشانی (دووبارەبوونەوەی ٣١ ی ئاب کاریکی زۆر ئاساییە)و لەڕیکلامکردنیش بۆ وتارەکەی، لەپەیجەکەی خۆیدا ؛ بەناوونیشانێک نووسیوویەتی؛ (دووبارەبوونەوەی ٣١ ی ئاب کاریکی زۆر ئاسایی و حەتمییە)، حەتمیی ، بەمانای هەر ئەبێ ببێت!
ئەوەی بەلای منەوە گرنگە بۆ تیشکخستنەسەر لەم وتارەدا؛ ئەوەیە کە هەڵوێستەیەک بکەم لەسەر ئەو پێشبینییکردنەی شاسوارعەبدولواحید، بۆ دووبارەکردنەوەی ڕووداوێکی تر، لەچەشنی سی ویەکی ئاب ؛ لەلایەن (یەکێتیی )و (گۆڕان)ەوە ، کە ئەوەندەی لەفاڵگرتنەوەیەک ئەچێت، ئەوەندە لەشیکردنەوەیەکی سیاسیی و لۆژیکیی و بابەتیی ناچێت، بەتایبەتیی کە بەڕێزی نەیتوانیووە؛ بەوردیی پێوەرو میکانیزمەکان ؛ بۆ هاوسەنگیی هێزو سروشتیی ناکۆکیی و جیاوازییەکان و شێوازی بەڕێوەبردنی ململانێ و تێنەگەیشتن لەئاسۆی گۆڕانکارییەکان لەعێراق و ناوچەکە ؛ بۆ داهاتوویەکی نزیک دیاریی بکات، دوور لەبەهەندوەرگرتنی هەڵوێست و جیهانبینیی و کاردانەوەو بەرژەوەندیی و سیاسەتی وڵاتانی ئقلیم و هێزە نێودەوڵەتییە کاریگەرەکان ؛ لەسەر ڕەوشی سیاسیی کوردستان.
|
شاسوار عەبدولواحید |
(شاسوار عەبدولواحید) ئەیتوانی بڵێت ؛ خاڵێکی لاوازیی (یەکێتیی) لەم قۆناغەدا ئەوەیە ، کە هەندێ لەسەرکردەکانی (یەکێتیی) ؛ طووغیانی مەتریالیی بەسەریاندا زاڵەو بوونەتە بازرگان و خاوەنی کۆمپانیاو دەمامک و واجیهەی سەیر سەیریان! بۆ خۆیان دروستکردوەو ڕابردووی خۆیان لەبیرکردوەو بوونەتە دیل و گیرۆدەی بەرژەوەندییە دارایی و ماتریالییەکانیان ، ئەگەر وای بووتایە ؛ ئەوا ڕاستیی فەرموو بوو، چونکە ئەو ژمارەیە لەو سەرکردانە ، لەبری بیرکردنەوەو کارکردن بەپرۆگرام و ڕێبازی (یەکێتیی) ؛ بەچاویلکەی بەرژەوەندییە ماتریالییەکان؛ سەیری هەموو گۆڕانکاریی و داڕشتنی هەڵوێست و لێکدانەوەی پێشهات و بەڕێوەبردنی ململانێ و ناکۆکیی و دەرکردنی بڕیارە گرنگەکان ئەکەن و گرێی ئەدەن بەقازانج و سوودی سەرمایە شاردراوەکانیانەوە. ئەگەر بەشێک لەسەرکردایەتیی (یەکێتیی) ؛ لەسەر ئەو بنەمایە، ئەدائی پلەو پۆست و ئەرکی لێپرسراوێتیی خۆیان لەناو (یەکێتیی)دا بکەن ، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت کە (یەکێتیی) ؛ ئیتر زەروورەتیی مێژوویی نەماوە، (یەکێتیی)؛ زەروورەتی مێژوویی و سیاسیی و ستراتیژیی بۆ خەڵکی کوردستان ماوە، ئەبێ (یەکێتیی) ژانێک بگرێت و خۆی ڕاستکاتەوە؛ یەکێک لەهەنگاوە گرنگ و پێویست و چارەنووسسازەکانیش، ئەوەیە کە (یەکێتیی)؛ هێڵێکی جیاکەرەوە لەنێوان کاری سیاسیی و بازرگانیی بکێشێت ، بەتایبەتیی بۆ بەشێک لەو سەرکردەو کادیرە پێشکەوتووانەی ، کە نەک هەر پلەو پۆستیان قۆستۆتەوە بۆ دەوڵەمەندبوونی ناڕەوا ؛ بەڵکو لەپەنا دەوڵەمەندبوونیاندا؛ چەندین ناوی شۆڕەسواری وەهمیی و شێرەبەفرینەی فووتێکراوی دەمامکداریان ؛ لەناو دنیای بازرگانیی و سەرمایەداریی و کایە ئابوورییەکاندا دروستکردووەو لەپشتیانەوە ڕاوەستاوون ، بۆ هەموو پشتیوانیی و هاوکاریی و ڕێنمایی و پارێزگاریی و ڕۆڵپێدان و گەورەکردنیان؛ وەکو پاڵەوانیی بێ وێنەی سەرسووڕهێنەری دنیای سەرمایەداریی کوردیی!
----------------
سەرنجی کوردستانپۆست: هەرچەندە ئێمە بڕوامان بەو رایەی کاک نیاز نییە کە دەڵێت:
(یەکێتی زەروورەتیی مێژوویی ماوە، (یەکێتیی)؛ زەروورەتی مێژوویی و سیاسیی و ستراتیژیی بۆ خەڵکی کوردستانی ماوە، ئەبێ (یەکێتیی) ژانێک بگرێت و خۆی ڕاستکاتەوە).
بە پێچەوانەوە ئێمە وای دەبینین کە هەموو حیزبەکانی باشووری کوردستان لە خیانەت و دزیی و گەدەڵییەوە تێوەگلاون زەرورەتی مێژوویی ئەوەیە کە ئەم حیزبانە ئێخەی خەڵکی کوردستان بەربدەن و خۆیان بدەنە دەست دادگای مێژوو.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست