کودەتا یان بەیاننامەى شەرمنانە؟
Thursday, 01/09/2016, 23:51
ئەمجارەش بەناوجێگرانى سکرتێرى یەکێتىن لەبەرامبەر باڵادەستى و پاوانخوازى باڵى هێرۆ، هاواریان لێهەڵسا و کەوتنە بڵاو کردنەوەى بەیاننامەیەکى چەند خاڵى، کە بەبۆچوونى خۆیان ئەیانەوێت سنورێک بۆ ئەو زیادەڕەویە وبالادەستییەى هێرۆ و بنەماڵەى برایم ئەحمەد دابنێن.بەڵام ئەمجارەش وەک هەموو جارەکانى دیکە، جگە لەکۆمەڵێک هاش و هووش خۆ گیڤکردنەوە و هیچى تر نى یە. لەبەر ئەوەى هەمووان شارەزای ئاکار و سیاسەت و هەڵوێستى ئەو دوو جێگرەین(کۆسرەت و بەرهەم) هەرچى تایبەتە بە بەرهەم ساڵح، ئەوا ئاشکرایە کە کەسێکى ترسنۆک و بەرژەوەند خوازە و، تەنانەت ناویرێت داواى مافى خۆشى بکات، ،بەهۆى کێشەیەکى خێزانى و زەواجێکى سەرنەکەوتوەوە، تا دوا ترۆپک لەلاى هێرۆ قێزەون و نەفرینە، بەجورێک لەلایەن هێرۆوە سڕ کراوە کە بۆى نى یە هیچ هەنگاوێک بهاوێت،تەنانەت ناتوانێت پۆلیسێکیش دابمەزرێنێت. تەکەتولەکەشى چونکە زۆربەیان پاشەڵ پیس و رابردوو ناشیرینن، لاى هێرۆ و بنەماڵە خاڵى لاوازیان هەیە، ئەوانیش ناتوانن هیچ گۆرانکارییەک بکەن، یان زیاد لەپێویست شوڵى لێ هەڵکێشن. لەبەر ئەوە بوونو نەبوونى بەرهەم لەناو یەکێتیدا و فشار و گوشارەکانى تەنها هەر بڵقى سەر ئاون ئەگەر تۆزێک سەرلەقێ بکات بەهاوکارى و پاڵپشتى کۆسرەتەو وهیچى تر،لەبەر ئەوەى ناتوانێت بە کردەوە و هێز وەڵامى زیادە رەویەکانى هێرۆبداتەوە. سنورێک بۆ بێ رێزى و سوکایەتیەکانى سەر خۆى دابنێت
ئەوەى تایبەتیشە بە کۆسرەت رەسوڵ، پێم وابێت ئەوەى رۆژێک ئەو پیاوەى ناسیبێت و شارەزاى ئاکار و سیاسەتى بوبێت، ئەزانێت کە کەسێکى بەرژەوەند خوازە و ئەوەى دەیکات نەبۆخاترى یەکێتى یە نەبۆخاترى بەرژەوەندى زۆرینەیە ،بەڵکو تەنها هەر بۆخاترى زیاتر خۆدەوڵەمەندکردن وپێکەوەنانى سەروەتى زیاترە،جگە لەوەش هەموو هەوڵ و هیمەت تەقەلایەکى بۆ ئەوەیە کە کوِرەکانى لە پۆست و پلەى بەرزدا بهێڵێتەوە ، وەک چۆن ئێستا چەسپاندونى. شینەکەى کۆسرەت زیاتر بۆ هەریسەکەیە و بەتایبەت بۆ ئەوڕۆکە بە حساب جێگرى سکرتێرى گشتى یە و، جێگرى مەسعود بارزانى یشە، بەڵام جگە لە رۆبۆتێک هیچى دیکە نى یە و هیچ حساب و بایەخى نى یە، بەبەرچاویەوە ئەو هەموو نەوتە ئەدزرێت، ئەو هەموو پارەو پولە دەچێتە خەزێنەى بنەماڵەى تاڵەبانى یەوە، کەچى یەک فلس بەشى ئەوى لێنادەن. تەنانەت لەهیچ گرێبەست و شیرینەیەکى نەوت خەبەرى نى یە، بۆیە گەر بێت و وەک پێشین دەمى چەورکەن و تۆزێک زیاترى بۆهەڵڕێژن ئەوا وەک میزەڵان فش ئەبێتەوە، ئەکەوێتە پەراوێزەوە.
باڵى هێرۆش بۆخۆیان ئەوەیان پێخۆشە وهەست بەئارامى دەکەن، کە نەیارەکانیان لەبرى پەنا بردنە بەرهێز و هەڕەشەو کودەتا، بەبەیاننامەیەکى شەرمنانە داواى چاکسازى لەهێرۆ دەکەن، یان روونتر بڵێم داواى کرێ و پارەى زیاتر دەکەن، ئەگەر نا ئەوە پتر لە دەساڵە هێرۆ بەکەیفى خۆى یارى بە چارەنووسى یەکێتى و مەکتەبى سیاسى و سەرانى سەرکردایەتى دەکات، ئەو بەرزدەکاتەوە ئەو تڕۆ دەکات، ،پارە لەم دەگرێتەوە بۆئەوى هەڵدەرژێت، لەولاشەوە سەرکردایەتى و مەکتەب سیاسى جگە لە خەمى بەرژەوەندى خۆیان وچارەنووسى نەوەکانیان مێش میوانیان نى یە، باشە پێم ناڵێن چارەنوسى میللەت گرنگترە یان یەکێتى، حاڵى میللەت پەرێشانترە یان یەکێتى؟ ئایندەى کۆسرەت و بەرهەم نادیارترە یان میللەت؟ رەوشى خەڵک وبارى گوزەرانیان تەنگاوترە یان یەکێتى؟، ئەى خێرە ئێستا وا لەم کات و ساتەدا کەوتونەتە هەلەکە سەماو و ئەیانەوێت لەژێر ناوى وەرگرتنى پۆست و پلەى زیاتر، موزایدە بەسەر چارەنوسى خەڵکەوە بکەن و ئەو هەڵوێستەمان پێ بفرۆشن بڵین ئەوەى دەیکەین بۆخاترى خەمى خەڵک و باشترکردنى ژیان و گوزەرانیانە؟!. کە ئەوەش جگە لەدرۆیەک لەدرۆکانیان،جگە لەفریودان و خۆڵکردنە چاوى خەڵک هیچى دیکە نى یە، لەبەر ئەوەى تاکە لەمپەر لەبەردەم پێشکەوتن و باشترکردنى ژیان و گوزەران و سیاسەتى هەرێم بوژاندنەوەى ئبورى و ژیانى خەڵک ،خودى ئەو کەڵتە کۆنە سیاسیانەن، کەبونەتە بەڵا و مۆرانە بەسەر میللەتەوە، تاکو ئەوانەش بمێنن، تا ئەوانە دەمڕاست سیاسەتوانى باشوربن، حاڵمان لەخراپەوە بەروە خراپتر ئەڕوات
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست