کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆ نوێنەرەکانمان لە بەغدا! داوای یەکڕیزی کورد لە پەرلەمانی بەغدا دەکەم

Tuesday, 30/08/2016, 11:07


کوردستانپۆست بەبێ کۆمێنتار ئەم نووسینەی عومەر عینایەتی گۆڕانخواز بڵاودەکاتەوە، کە لە سەر هێشتنەوەی هۆشیار زێباری خاڵی مەسعود بارزانی داوا دەکات دەنگ نەدەن بەوەی کە هۆشیار لەسەر دزیی و فەسادی دەربکرێت، چونکە ئەمە یەکڕیزی کورد تێک دەدات، ئەم کابرا گۆڕانخوازە ئەمە بە یەکڕیزی  و یەکگرتنی کورد دەزانێت، ئەو خیانەتانەی خاڵی هۆشیار کە دەرحەق بە کوردی باکور و رۆژئاوا ئەنجامی دەدات، بە تێکدانی یەکڕیزی کوردی نازانێت.
------------------
بۆ نوێنەرەکانمان لە بەغدا!
سڵاو
هێرشى دوژمنان لەهەر چوارلاوە دەستیپێکردوە بۆ سەر دۆزى کورد لە چوارپارچەى کوردستان، ئەمە بە هەڵکەوت نیە، ئەوان کاریان لەسەر دورخستنەوەى هێزە کوردیەکان لە یەکتر کردوە و ئێستا لەسەر بنەماى سیاسەتى عوسمانیەکان (پەرتکە و زاڵبە) هێرشەکان دەستیان پێکرد
تورکیا بە فیعلى شەڕەکەى هەڵگیرسان و هەر ئەمڕۆ 22 ئازدیخوازى لە یەکینەکانى پاراستنى گەل لە رۆژئاوا شەهید کردوە، هەڕەشە لە کۆبانى و قامیشلۆ و عەفرین دەکات.
ئێران بە بەردەوامى هەڕەشە دەکات و سنورەکان بۆردومان دەکات و بە سەدان ئازادیخوازى کوردى لە سێدارە داوە و بەردەوامیشە
سوریا بە بۆردومانى گەڕەکە کورد نشینەکانى حەڵەب و بۆردومانەکانى حەسەکە نیەت پیسى خۆى پیشاندا.
حکومەتى عێڕاقیش لە سێ ئاڕاستەوە کار لەسەر لاواز کردنى ئەزمونى باشور دەکات، سەربارى بڕینى بودجەى هەرێم، هەڕەشەى فرۆشتنى نەوتى کەورکوک دەکات لە رێگاى ئێرانەوە، لەروى سەربازیشەوە، لە خورماتوش نیەتى حکومەتى عێرَاقیمان بۆ رونبویەوە و لە روى سیاسیشەوە دەیەوێ پێگەى کورد لە بەغدا لاواز بکات.
من بۆ خۆم باوەڕم بەوە نەماوە کە ئیتر بتوانین لە حکومەتى ناوەند پێکەوە هەڵکەین و دڵنیام لەوەى تەڵاقى سیاسی هەرێمیان دراوە و ئەوەى ئێمەو ئەوانى پێکەوە گریداوە ناوچە کوردستانیە داگیرکراوەکانە کە لەروى سەربازیەوە گەڕاونەتەوە سەر هەرێم بەڵام لەروى ئیداریەوە هێشتا سەربە ناوەندن، لە چەندین نوسینى پێشترما چەندبارەم کردوەتەوە کە ئەوەى لە بەغدایە و لە بەغدا بووە، بۆخۆى لە بەغدایە و لە بەغداد بووە، بە پارلەمانتار و وەزیرو جێگر و سەرۆک کۆماریشەوە و نە لەدور نە لە نزیک شتێکیان بۆ ئەم مەینەتیەى خەڵکى باشورى تێدا دەژى نەکردوە پێشیان ناکرێ. بەڵام بونیان لەڕوى مەعنەویەوە بۆ ئێمەى کورد باشە سەرکەوتنیان لە هەر کەیسێکدا سەرکەوتنە بۆ کوردستان، راستە ئەگەر نوشستیش بهێنن یەکەم کەس بۆ خۆیانە بەڵام راستەوخۆش زیان بە شکۆى کورد دەگەیەنێ، کاتێک بە بۆکس هێرش دەکرێتەسەر هەر پەرلەمانتارێک لەهەر فڕاکسیۆنێک بێت هێرشە بۆ سەر هەمومان، ئیتر ئەو پەرلەمانتارە هۆشیار بێت یان ئەحمەد، عادل بێت یان ئەشواق، موسەنا بێت یان ئاڵا، کاتێک وەزیرێکى کورد بە لاوازى لەبەردەم هێرشى کۆنە بەعسی و پیاوەکانى ئیتیلاعاتى ئێراندا ئەبینم، هۆشیار بێت یان دەرباز، بۆ من گرنگ نیە، ئەوەى بۆ من گرنگە شکۆى ئەوان لەبەردەم ئەوانەدا نەشکێ کە دوژمنى خوێنخۆرى کوردن و شەقى زەمانە وایلێکردون لە ژێر سەقفى پەرلەماندا لەگەڵ ئەو کوردانەدا کۆببنەوە کە تا دوێنێ دایک و باوک و خوشک و براکانیان بەدەستى سەرباز و ئەمنەکانى هاودین و هاو زمانیان زیندە بەچاڵ ئەکرا
من تەنها لە ساڵى 1991 لە سارداوى نزیک مێرگەسور هۆشیار زێباریم دیوە و لە ماوەى چەند مانگى رابوردودا چەندین جار تەلەفۆنم بۆ کرد دەربارەى دوملیار دینارەکەى هەڵەبجە کە لە بودجەى ساڵى 2014 ى عێڕاق جێگیر کرابوو وەڵامى نەدامەوە، فازل نەبى جێگرى وەعدى دا بینێرێ و نەینارد وتم با بەختى هەڵەبجە لە هۆشیاریشدا تاقى بکەمەوە، زیاتر لە دەجار تەلەفۆنم بۆ کرد، وەڵامى نەدامەوە تا پێی بڵێم شارە دێرینەکەم هەڵەبجە، بوکەکەى شارەزور، هێرۆشیماکەى کوردستان، پارێزگا نوێیەکە، ئەو شارەى ئێوە بونە کۆڵوانە سورى پێش لەشکرى دوژمنان و رادەستى ئێرانتان کرد و ئەوەى پێتانکرا لە تاڵان و بڕۆ بە هەموو بەرەى کوردستانیەکەتانەوە کردتان و ئەوەى دوژمنانیش پێیانکرا کردیان، ئێستا پێویستى بەو دوو ملیار دینارەیە کە نوێنەرەکانمان لە بەغدا توانیان ئەو گوژمە کەمە لە بودجەدا بچەسپێنن، ئێستا لاى تۆیە بینێرە، هیچ نیە پارەى یەک دو سەفەرى خۆت و حیمایەکانتە، داخەکەم وەڵامى نەدا دواتر سێ نامەم بۆنارد خۆمم پێناسان (من عمرى حاجى عنایەتى هەڵەبجەیم، ئەندامى پارلەمانى کوردستانم) تکایە وەڵام، وەڵامى نەدا(نامەکان تا ئێستا لەلام پارێزراوە). دو ملیارەکەى هەڵەبجەش ئێوە خۆشن نازانم چى لێهات و چۆن خەرجکرا و بۆ کێ؟!
سەربارى ئەمانە هەموى من بە هاوپیشەکانم ئەڵێم:- پشتى هۆشیار زێبارى بگرن با لەبەردەم نەیارانى کوردا زەلیل نەبێت، لەسەر بنەماى (انصر اخاك ظالمأ او مظلومأ) ، ئێوە ببنە هەوێنى پێکەوە ژیان و ئاشتبونەوە، لێرە بارودۆخى برایەتیمان خراپە، دوژمنان کنەیان کردوەتە ناومان، ئەو یەکیەتیەى کە شۆڕە سوارى شۆڕشى نوێ بوو، کافر بە حاڵى نەبێت، کورسی و دراو بەرپرسەکانى شێت و هار کردوە خەریکە لەت ئەبێ، پارتى لەخۆى بایی بوە و شەلم کوێرم کەس نابوێرم، لەگەڵ زۆربەى تێکى داوە، هەوڵ و تەقالاکانى ئێرە بێسود بون تکایە ئەگەر هۆشیار گەندەڵیشە با دوژمنان دڵمان پێخۆشنەکەن، وەعدى لێوەرگرن با دواتر خۆى واز بهێنێ، مەبەستى من هۆشیار نیە مەبەستم یەک رێزى کوردە، سەرنجى سونەکان بدەن، چۆن پشتى عەدنان جبوریان بەرنەدا، راستە لادرا بەڵام بەدەستى براکانى خۆى نەبوو، تکایە، تکایە بەم هەنگاوە هەوێنى برایەتى دروستبکەنەوە، بارودۆخى ناوچەیی و نێودەوڵەتى کورد لەهەر چوارلاوە دژوارە، لە هەرچوارلاوە بریندارە، ئێوە لە بەغداوە ببنە هەتوانى یەکەم برینى جەستەى زامدارى ئەم هەرێمە بەش مەینەتە کە توشى بەم سەرکردە نابەرپرسانەوە بووە.
ئەندازیار عمر حاجى عنایت
28-8-2016

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە