سەرکردە کوردییەکان لە ڕوانگەی دەربارەکانیانەوە
Monday, 29/08/2016, 21:34
لە مێژوو دا ئەوە ڕوونبۆتەوە کە سەر کردە دەتوانێت گۆڕانکاری گەورە ئەنجامبدات و داینەمۆی پێشکەوتن و بەرەو پێشچوونی ووڵات بێیت . سەر کردە کەسێکە سوود لە هەڵە مێژووییەکانی ڕابردووی پێشینەکانی خۆی وەر بگرێت و لە ئێستاشدا بە توانای ئەقڵی و فکری و پلانی کۆنکرێتی و ستراتیجی ووڵات بەرەو سەربەخۆی سیاسی و ئابوری و پێشکەوتن دەبات و بۆ داهاتوویش دوور دەڕوانێت و لە خەمی نەوەکانی داهاتوو دایە و سەرکردەکانی دواتریش ژیری و ئەفکارەکانی ئەو دەکانە بنەمای کاریان .
بەڵام هیچ لە سەرکردە کوردەکان ئەم پێناسەیە نایانگرێتەوە ناتوانرێت ئەم جۆرە هەڵسەنگاندنەیان بەسەردا جێبەجێبکرێت بەڵکو زۆرینەیان دەستێکی باڵایان لە خیانەتکاریدا هەیە ، یان ئەوەشی بۆ نەتەوەیان کردووە کاری بچوکە بەڵام لە پیاهەڵدان و وەسفکردن دا پێش سەرکردە جیهانیەکانیان داوەتەوە .
دەربارەکانیان دەڵێن :سکرتێر و سەرۆک و ڕێبەر و ڕابەر و ڕێکخەر و ئەمیر و ئەمیندارەکانمان ڕۆشنبیر و ڕووناکبیر و خوێنەوار و دووربین و فەیلەسوف و موفەکیر و حەکیم و دانا و زانا و کارساز و کاربەجێ و کاریزما و ئازا و دلێر و سوارچاک و دەست ڕەنگین و داهێنەر و خولقێنەر و بەئەزموون و ژیر و خاوەن عەقڵی کراوە و گەورەن و خاوەن پلان و پڕۆژەی ستراتیجی نەتەوەین .دەزانن چۆن کات لەبەرژەوەندی میللەت دا بەکاربهێنن .
بەڵام ئەگەر چاوێک بە مێژوو دا بخشێنین بە دەیان سەرکردەی جیهانی دەناسین کە کاری گەورەیان ئەنجامداوە و بەڵام ئەم هەموو سیفەتانە نەدراوەتە پاڵیان کە دراوەتە پاڵ سەرکردەکانی ئێمە.
بۆ نموونە:
ئەسکەندەری مەکدۆنی کە سی ساڵی تەمەنی تێنەپەڕاند بەشێکی گەورەی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی بەدەستەوە بوو . هەندێک دەڵێن سەرەتای جیهانگیری بۆ ئەسکەندەر دەگەڕێتەوە کە هەوڵی دا کلتور و شارستانیەتی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا تێکەڵ بکات.
جەنگیز خان و نەوەکانی بەدەیان دەوڵەت و ئیمپڕاتۆریەتیان لە ناو بردوو داگیرکرد دەسەڵاتیان گەیشتە زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا . (مەبەستی ئێمە تاڵانکاری و داگیرکاری و خوێنڕێژکەی ناکەین ئەوە بابەتێکی دیکەیە ).
جۆرج واشنتن لەگەڵ هاوڕێکانی دا جەنگی سەربەخۆی ئەمریکای دژی بەریتانیای بەسەرکەوتووی ئەنجامدا و ئەمریکای کردە خاوەنی باشترین سیستم و دەستور.
گیڤارا لەگەڵ فیدڵ کاسترۆ و هاوڕێکانی دا دژی ڕژێمی کوبای لایەنگری ئەمریکا و دژی سیستمی سەرمایەداری جەنگان .
غاندی بێ توندو تیژی هندستانی گەیاندە سەربەخۆی سیاسی و ئابوری لەژێر دەسەڵاتی زلێهێزی ئەو کاتی دنیا کە بەریتانیا بوو.
ماندێلا دوای زیاتر لە بیست ساڵ زیندانی ئەفریقای باشوری گەیاندە سەربەخۆی لە ژێر دەسەڵاتی بەکرێگیراو ئەمریکا و سەرمایەداری دا ، لەسایەی ئەو دا ئەفریقای باشور بۆتە پێشکەوتوو ترین ووڵاتی ناوچەکە لە هەموو بوارێک دا .
ئەتاتورک دوای ڕووخانی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی توانی دەوڵەتی تورکیای هاوچەرخ بنیات بنێتەوە و شەڕی هەر چوار زلهێزی ئەو کاتیش بەسەرکەوتووی بکات.
سیاسەت لە هەموو دنیادا هونەرە بۆ بەدەست هێنانی جوانی و ئاواکرنی ووڵاتێکی جوان . تەنیا لەم هەرێمەدا نەبێیت دەرگایەکە بۆ خۆدەوڵەمەندکردن و نەعلەتێکە بۆ میللەت.
هەموو ئەو سەرکردە و ئیمپڕاتۆر و شۆڕشگێڕانەی باسمان کرد گەر چاوێک بە مێژوویاندا بخشێنیت بە قەد ئەم قەزامانەی لای خۆمان وەسف نەکراون و پێیایاندا هەڵنەدراوە و سیفەتی گەورە نەدراوەتە پاڵیان ، لەکاتێکدا لەسەردەمی خۆیاندا توانیان سەروەری گەورە وپێشکەوتنی گەورە بۆ ووڵات و نەتەوەکانیان و هەندێکیان بۆ مرۆڤایەتیش بەدەست بهێنن.
سەرکرە کوردەکان لەپاڵ ئەو هەموو وەسف وپیاهەڵدانەی دەربارەکانیاندا توانیان کورد بگەیەننە کوێ؟
ئایا توانیان کوردستان بکەنە خاوەن سەربەخۆی سیاسی و ئابوری و ئاواکردنی دەسەڵاتێکی دیموکراتی و بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و سەروەری یاسا کە هەموو هاوڵاتیەک بێ جیاوازی نەژاد و ئاین و ڕەنگ و ڕەگەز لەسایەیدا هەست بە هاوڵاتیبوون و کەرامەتی بکات ؟
ئایا توانیان نەک کوردستانی گەورە بەڵکو باشوری کوردستانیش لەم پارچە پارچەیی و ناوچەگەرێتیە یەکبخەن و دەرباز بکەن؟ لەڕاستیدا هیچ کام لەم کارانەیان نەکرد ئەی ئەم هەموو وەسف و پیاهەڵدانە لە پای چی و لەبەرچی و بۆچی ؟ بۆ بەدەست هێنانی بڕوانامەیەک و نان و بژێویەک و ماڵ و سامانێکی شورەییانە .
هەر یەک لە سەرکردە کوردەکان بەدەیان دەزگای ڕاگەیاندنی گەورەی بینراو خوێندراو بیستراویان هەیە ، بە هەزاران دەرباریان هەیە کە بە بەردەوامی کار لەسەر گەورەکردنی ڕابەر و ڕێکخەر و سکرتێر و سەرۆک و ئەمیر و ئەمیندارەکانیان دەکەن . لە واقیعش دا لەناو کۆمەڵگا و جەماوەر دا هەر قەزەمتر و بچوکتر دەبنەوە .
دەخوێنیتەوە و دەبینیت و دەبیستیت دەڵێن : سەرۆک هات ڕۆیشت ، هەڵسا ، دانیشت ، قسەیکرد ، پێشوازی لێکرا ، پێشوازی کرد ، گۆرەوی لە پێکرد ، بیجامەی لە پێکرد ، ڕەسمی گرت ،ئاوی خوارد ، نانی خوارد ،بەربانگی کردەوە .
لەڕاستیدا هەموو ئەمانە یەک ڕستەیە ئەویش ئەوەیە سەرکردەکان تەنیا بۆ دەربارەکانیان گەورەو خاوەن شکۆن لە ناو میللەت دا ڕێزلێگیرا و خۆشتویست و کاریزما نین . بەڵگەی ئەم قسەیەش بوونی ئەو هەموو پاسەوانەیە بە دوایانەوە کە هەندێکیان خاوەن لیوای تایبەتن .
باشە گەر سەرکردە کوردەکان ئەوەندە حەکیم و بلیمەت و عەبقەری و بەتوانا و لێهاتوون بارودۆخی ئەم هەرێمە بۆ بەم ڕۆژگارە گەیشت؟
ئەم هەموو نادادی و گەندەڵی و زوڵم و ستەم و بنەماڵەچێتی و پارچە پارچە بوون و کوشتن و کوشتار و بێرێز و بێ یاسا و بێ دەستوریە چیە؟
دانیشتوانی هەرێمی کوردستان شەش ملیۆنی تێنەپەڕاندووە بە ژمارەی ئاوارەکانیشەوە ، خاوەنی چوار شاریشین کە هەر چوار شارەکە بەقەد تاران یا پەکین یا ئەستەمبوڵ یا واشنتن یا لەندەن نابێیت لە ڕووی ڕووبەر و ژمارەی دانیشتوانیشەوە.
بەڵام تەماشای بارودۆخی خۆمان و ئەوان بکەن لەسایەی ئەم هەموو سەرکردە و حەکیم و دووربین و بلیمەتەوە .
جارێ هەر لە ئەمیر و ئەمیندار و سەرکردە ئیسلامییەکان بگەڕێ کە ئەقڵیان بڕی ئەوە ناکات بکرێن بە ڕیش سپی و کوێخا و ئەنجومەنی ئاواییەک ، لادێیەک . هەر خەریکی خەتمکردنی چیرۆکی عەرەبین گەر سەیری کتێبخانەی کۆشکەکانیان بکەیت بە سەدان کتێب دەبینیت دەربارەی معاویە و ئبن مالیک و ئەنەس و ئەبو هوڕەیڕە و عەباس و عەلی و کێ و کێ ؟
ئەم سەرکردە کوردانە نەک هەر نەفرەت و بەڵان بۆ گەل و نەتەوە بەڵکو لە ناو خۆیشیان دا نەفرەت و بەڵای سەر یەکن زۆربەیان دەستیان لە تیرۆرکردن و زیندانیکردنی ئەوانی تردا هەبووە.
لە کۆتاییدا ئاماژە بۆ بە سەرهاتێکی (مامۆستا هەژار )دەکەین کە لە کتێبی (چێتی مجێور)دا باسی دەکات کە دەڵێت : من کە تازە دەستم بە شعر نووسین کردبوو ، لام وابوو منیش دەبێت تاریفی پیاوێکی گەورە بکەم و جایزە وەرگرم . چەند شعرێکم لە مەدحی ئەحمەد ئاغای حاجی بایز ئاغا دا نووسی . جایزەکەم ئەوە بوو دەیگووت : ( ئەو کەرە باش باشی گوتوون ! ) ئەم قسەیە بۆ من بوو بە وانەیەکی گەورە . ئیتر وازم لەوە هێنا بۆ جایزە شیعر بڵێم ؛ با هەر بۆ ئەوینی دڵی خۆم بێت . عیشقی ئازادی کوردستان .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست