کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئایا تورکیا یاریە قێزەونەکە دەکات ؟

Monday, 29/08/2016, 21:17


نەجمەدین ئەربەکان مامۆستاکەی ئەردۆگان، پاش رزگارکردنی عیراق لە دیکتاتۆریەت وتی؛ ئەگەر رۆژئاوا دەستبخاتە نێوخۆی سوریاوە، مەبەستی تورکیایە لەو رەفتارەیدا . مەبەستی ئەربەکان لەو قسەیە، شکاندنی قەڵغانی پێشەوەی تورکیایە کە لە راستیدا رۆژێک لە رۆژان قەڵغان نەبووە بۆ تورکیا، بەڵکو لەو کارەی رۆژئاوا تێکهەڵچونی هاوکێشەکانە بە لەناوچونی سەقامگیری سوریا و سەرەتای گۆرینی بارودۆخی تورکیایە بە شێوەیەکی گشتی و نەمانی وڵاتێکی تر پێش تورکیا لە ریزبەندی گۆرانکاری چاوەروانکراو لە رۆژهەڵاتی ناوەرستدا .  ئەم قسانە لە دەرئەنجامی ئەوەوە هات کە تورکیا پێش هەمووان دەیزانی کە پێویستبونی تورکیا بۆ رۆژئاوا بە گشتی و ئەمریکا بە تایبەتی لە پاش دارمانی بلۆکی سۆڤێت بە چەندین پلە کەمیکردبوو، وایداەزانی کە بەو رۆڵە بەنازەی رۆژئاوا نامێنێتەوە و ئەکەش بەزەرەی دەشکێتەوە .
تورکیا هەرگیز لەسەر ئەوە نەوەستاوە کە لە نالەبارترین وەزعی سیاسی و ئابوریدا،  خۆی وەک یاریچیەکی قورس پیشان بدات و ئەم سیفەتەی لە زەمانی عوسمانیەکانەوە بۆی بە جێماوە و ناتوانێت لەدوورەوە تەماشای گۆرانکاریەکان بکات، بەڵکو بە زەرەری دەزانێت ئەگەر راستەوخۆ بەشداری گۆرانی هاوکێشەان نەکات و هەوڵی ئوە نەدات کەلە بەرژەوەندی خۆیدا بیشکێنێتەوە . بۆیە، پاش ئەو گۆرانکاریانەی سوریای ئەمرۆ، تورکیا وەک پرسێکی نێوخۆیی خۆی مامەڵەی لەگەڵدا کردووە، نەک وەک کێشەیەکی تایبەتی وڵاتێکی دراوسێ .
ئەمرۆش کە لە پاش چەندین هەڵوێستی ناجۆری لەگەڵ رەوتی سیاسی و عەسکەری ناوچەکە، تورکیا کەوتە گۆشەیەکەوە کە لە دلەراوکێ و دودلیدا بێت و لەزۆر بریاری تایبەت بە ناوچەکە دوابکەوێت . ئەوەی تورکیا هەراسان کردووەو  وا دەزانێت پیلانی دەرەکی و ناوەکی دژ بەو دەکرێت لە ناوچەکەدا، نەک خۆی بە حەقخۆری خەڵکی تر بزانێت و ئاساییترین مافی میلەتان و نەتەوەکانی وڵاتەکەی پێشێل کردبێت  .
پرسیارەکە لەوێدایە ئایا تورکیا پرۆژەیەکی تایبەتی خۆی بۆ ناوچەکە هەیە، یان سەرەکیترین ئامانجی پاراستنی ولاتەکەی خۆیە و ئەگەر بۆی بکرێت شکۆمەندی قۆناغی عوسمانی بۆخۆی بگێرێتەوە لەگەڵ تموحی گێرانەوەی هەندێک ناوچە کە بە موڵکی خۆی دەزانێت و وەک ئەوەی  بەغەدر لێی زەوت کرابێت، یان لە ئاساییترین حاڵدا تەنها مەبەستی تێکدانی پرۆژەی ئەوانیتر بێت بَ  گوێدانە دەرئەنجامەکانی  . دیارە تورکیا بۆ ئەوەی خەڵک قەناعەت بە بۆچونەکانی بکەن، رووی لە چەندین کاری موخابەراتی لە نێوخۆو دەرەوەی وڵاتەکەی کردوە و دەکاتیش، بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت روداوەکانی دەرەوەی سنوری تورکیا پەیوەیندیەکی راستەخۆی لەگەڵ نێوخۆیدا هەیە، بەاتیبەتی بەستنەوەی پرسی کورد بە تیرۆر و داعش، لەم کاتەدا کە ملکەچی روسیا و ئیران و تەنانەت سوریاش بووە .
ئەو هەموو  بێ شەرمیەی لە پێناو کردەوە و ئامانجی تایبەتی خۆیدا دەکات، دەیەوێـت بەکاری قێزەونەکانی خۆی  کۆمەڵ’ ئامانجێ: بپێکێت، لە پێشەوەشیان لەناوبردنی گەلی کورد و رێگریکردنە لە بەدیهێنانی ئامانجەکانیان . بەداخەوەی لەم هاوکێشەدا بەشێک لە کورد بە خۆی ئەم نیازەی بەباشی نەخوێندۆتەوە و بەشێکیان یارمەتیدریشی بوون لە نیمچە سەرکەوتنەکانیدا، ئەگەر لە نەزانینەوە بێت ئان لە دەرئەنجامی تەسکبینی و بەرژەوەندی تەسکی حزبی و نەخوێندنەوەی بەرژەوەندی بالای کوردستان بێت تاوەکو ئێستاش .
ئەوەی ئێستا تورکیا بیری لەدەکاتەوە، شوبهاندن و لەقەڵەمدانی وەزعی ناوچەکە و بارودۆخی ئێستا بە قۆناغی سەپاندنی ریکەوتنی سایکس بێکۆ،  کە گۆرانکاریە نوێکان جێگەی ئەوە بگرێتەوە و کورد تێیدا قازنج بکات، بۆیە  کارەقێزەونەکانی ئەو و گەورەترین ئامانجی  نەهێشتنی بە ئامانج گەیشتنی کوردە پێش هەر شتێکی تر و، ئەم مەبەستەیان بە ئاشاکرا باسی دەکەن و نەیانشاردۆتەوە.
ئەمرۆ و پاش ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا و هاتنە ناوەوەی خاکی کوردستانی رۆژئاوا و نەبونی هیچ کاردانەوەیکی بۆ وەستندانی لە سنوری خۆیدا، وای لێکردن کە ئەردۆغان قسەی لە ئامانجی جەرابلوس زیاتر کرد و سەرەتای یاریە قێزەونکەی بۆ هەمووان دەرخست .  هەموو ئامانجی تورکیا ئەردۆگانی ئەمرۆ لەناوبردنی جوڵانەوەی کوردی رۆژئاوایە کە بە پرسێکی نێوخۆی خۆی لەقەڵەم دەدات و لەو پێناوەدا هەموو سەرشۆریەک دەکات .     

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە